سۆمۆ تەندەرێك بۆ كڕینی سوتەمەنی ڕادەگەیەنێت

عیراق

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 233 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، تەندەرێ:ی نوێی ڕاگەیاندو دەڵێت، هەوڵدەدات بڕێکی زۆر لەڕۆنی قورس  (Fuel Oil) بکڕێت بۆ ئەوەی تا كۆتایی ئەمساڵ بەكاربهێنێت.


ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردوەتەوە، کۆمپانیای سۆمۆ دەیەوێت نزیکەی 446250 تۆن لەو سوتەمەنییەی کە لەپیشەسازی و گواستنەوەدا بەکاردێت، بکڕێت بۆ ئەوەی ڕەوانەی بەندەری خۆر زوبەیر بکرێت. لەو بڕەش، دەبێت باری یەکەم کە 40 هەزار تۆنە، لەکاتێکی درەنگ نەبێت تاوەکو 15ی ئەیلول بگاتە عێراق.

هەر بەگوێرەی بەڵگەنامەکە، دوا مۆڵەت بۆ پێشکەشکردنی پێشنیازەکان ڕۆژی 7ی ئەیلول دیاریکراوەو بۆ ماوەی 20 ڕۆژ کاریان پێدەکرێت.

ئاژانسەكە ئەوەشی ڕونكردۆتەوە، كە پەنابردنی سۆمۆ بۆ هاوردەکردنی ئەم بڕە سوتەمەنییە، بۆ بونی کورتهێنان لەدابینکردنی باری پێویست لەلایەن دابینکەرانی دیکەوە دەگەڕێتەوە. ئەمە لەکاتێکدایە عێراق لەساڵی 2023دا پاڵاوگەی نوێی کەربەلای خستەگەڕو لەسەرەتای ئەمساڵیشدا بڕێکی زۆر لەو سوتەمەنییەی بۆ فرۆشتن خستبوەڕو.