لەسلێمانی دەست بەسەر 260 كگم لەماددەی هۆشبەردا گیرا

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 424 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری مادە هۆشبەرەکانی عێراق ئاشكرایكرد، لەئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا لەگەڵ ئاسایشی سلێمانی، باندێکی نێودەوڵەتیی قاچاخچیی مادەی هۆشبەریان دەستگیرکردوەو دەستیان بەسەر 260 کیلۆگرام حەبی کەپتاگۆندا گرتوە.


بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مادە هۆشبەرەکانی عێراق، لەڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی رەسافە بەهاوکاریی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی، توانیویانە گورزێکی کوشندە لەتۆڕێکی نێودەوڵەتیی بازرگانیکردن بەمادەی هۆشبەر بوەشێنن".

ئەوەش ئاشكراكراوە، كە پڕۆسەی ڕاوەدونانی ئەم باندە لەیەکێک لەوڵاتانی دراوسێوە دەستیپێکردوەو لەناو شاری سلێمانی کۆتاییهاتوەو دوو تۆمەتبار دەستگیرکراون کە یەکێکیان وڵاتینامەی بیانی هەیە، هەروەها دەست بەسەر 260 کیلۆگرام حەبی هۆشبەری جۆری کەپتاگۆندا گیراوە.

بەڕێوەبەرایەتییەكە ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە،  ئەم ئۆپەراسیۆنە پێش چوار مانگ ئەنجامدراوە، بەڵام بۆ مەبەستی هەواڵگری و وردبینیی زیاتر لەسەرەداوەکانی باندەکە، بڵاوکردنەوەی هەواڵەکە بۆ ئەمڕۆ دواخراو دەڵێت، لەرێگەی ئەم جۆرە هاوئاهەنگییانەوە بەردەوام دەبین لەوشککردنی سەرچاوەکانی دابینکردنی مادەی هۆشبەر.