شارپرێس:
بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، ژمارەی ئەو کەسانەی تەمەنیان لە سەرووی 65 ساڵەوەیە لەسەر ئاستی جیهان، ڕێژەی منداڵانی ژێر تەمەنی 5 ساڵانی تێپەڕاند.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" کە پشتی بە زانیارییەکانی نوسینگەی سەرژمێریی دانیشتوانی ئەمریکا بەستووە، ئەم گۆڕانکارییە مێژووییە دەرئەنجامی دوو ئاڕاستەی سەرەکیی دیمۆگرافییە: دابەزینی ڕێژەی پیتاندن (لەدایکبوون) لەلایەک و بەرزبوونەوەی تێکڕای تەمەنی پێشبینیکراو لەلایەکی دیکەوە.
پێشبینییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ژمارەی کەسانی تەمەن 65 ساڵ و سەرووتر، لە نزیکەی 852 ملیۆن کەس لە ساڵی 2025وە بۆ 2 ملیار کەس تا ساڵی 2060 بەرز دەبێتەوە. لە هەمان ماوەدا، تێکڕای دانیشتوانی جیهان دەگاتە نزیکەی 10.23 ملیار کەس.
لەلایەکی دیکەوە، توێژەرانی پەیمانگەی "ئەمەریکان ئینتەرپڕایز" ئاماژەیان بەوە کردووە کە ڕێژەی پیتاندنی جیهانی لە ساڵی 2026دا بۆ یەکەمجار کەوتۆتە ژێر ئاستی جێگرتنەوە (ئەو ئاستەی بۆ پاراستنی جێگیریی ژمارەی دانیشتوان پێویستە).
بەپێی شیکارییەکانیان بۆ داتای 236 وڵات، ئەگەر ئەم ڕەوتە بەردەوام بێت، دانیشتوانی جیهان دوای نزیکەی 30 ساڵی تر لە ساڵی 2056دا دەگاتە لووتکە (نزیکەی 9 ملیار کەس) و دواتر ڕوو لە کەمبوون دەکات. ئەمەش لەکاتێکدایە نەتەوە یەکگرتووەکان پێشبینی دەکات ژمارەی دانیشتوان لە ساڵی 2084 بگاتە لووتکە بە 10.3 ملیار کەس.
ئەم وەرچەرخانە خێرایە لە داهاتوودا ئاڵنگاریی گەورە لەسەر سیستەمی خانەنشینی، چاودێریی تەندرووستیی و بازاڕەکانی کار درووست دەکات.