هەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر 17 خاڵ رێککەوتن

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 7177 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆکی دەستەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتونەتە رێککەوتنێکی ئەمنی ستراتیژی، کە لە 17 خاڵ پێکهاتوە.


سەعەد مەعن، سەرۆکی دەستەی راگەیاندنی ئەمنی بە میدیای فەرمی عێراقی راگەیاندوە،" ئەم رێکەوتنە لەئەنجامی کۆبونەوەیەکی ئەمنی باڵا لە نوسینگەی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان لەبەغدا هاتوەتەئاراوە، کە هەریەک لە بەڕێوەبەری نوسینگەکە، سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆر، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق، سەرۆک ئەرکانی پێشمەرگە و نوێنەرانی دامەزراوە ئەمنییەکانی هەولێر و سلێمانی تێدا بەشداربون ".

سەرۆکی دەستەی راگەیاندنی ئەمنی دەشڵێت،" رێککەوتنەکە تیشک دەخاتەسەر بەهێزکردنی ئاسایشی ئەو ناوچانەی جێی بایەخی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقن، هەروەها زیادکردنی هەماهەنگییەکان بۆ رێگریکردن لەقۆستنەوەی هەر بۆشاییەکی جوگرافی لەلایەن پاشماوەی تیرۆریستان و قاچاجچییەکانەوە ".

راشیدەگەیەنێت، هەر لەو رێککەوتنەدا بڕیادرا لیژنەیەک بەسەرۆکایەتی سەرۆکی دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق پێکبهێنرێت، بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر لە دەروازە سنورییەکانی هەرێم بکرێت و دەروازە نافەرمییەکان دابخرێن.

ئەوەشیخستەڕوو، لەئێستادا عێراق برینەکانی ساڕێژبوەو لەڕێی بڕیارە کۆدەنگییە ئەمنییەکەی بوەتە ژمارەیەکی کاریگەر لەناوچەکە، کە تایبەتمەندی هێزی پێشمەرگەشی تێدا پارێزراوە.