شارپرێس:
ئەندامێکی مەکتەبی
سیاسیی رێکخراوی بەدر دڵنیایی دەدات کە بەغدا نیازی بەکارهێنانی هێزی لەدژی هەرێمی
کوردستان نییە، داواش لە هەرێمی کوردستان دەکات دژی بڕیارەکانی عەلی زەیدیی نەوەستێتەوە.
ئەبو میساق مەساری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی رێکخراوی بەدر کە لەلایەن هادی
عامرییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، بە کەناڵی ڕوداوی راگەیاندوە،" پێویستە هەرێمی کوردستان راگەیەندراوەکەی
نوسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە ئەرێنی وەربگرێت و مامەڵەی لەگەڵ
بکات، نەک دژی بوەستێتەوە".
ئەوەشیخستەڕوو، "ئەگەر هەرێمی کوردستان هەر سەرنج و تێبینییەکی
هەیە، دەتوانێت شاندێک رەوانەی بەغدا بکات بۆ گفتوگۆ، دانوستاندن و خستنەڕووی داواکارییەکانی،
تاوەکو هەردوولا بگەنە خاڵێکی لێکتێگەیشتن ".
سەبارەت بە ئەگەری جوڵەپێکردنی هێز دژ بە هەرێمی
کوردستان، ئەبو میساق مەساری وتی، "بەغدا بە
هیچ شێوەیەک بەنیازی بەکارهێنانی هێز نییە دژی هەرێمی کوردستان؛ هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی
دەستوری و یاساییە و خاوەنی ئەزمونێکی ئەرێنی، دەوڵەمەند و نمونەییە".