شارپرێس:
ئێران بوە دوەم هەڵبژاردەی ئاسیا لەدوای ژاپۆن کە سەرکەوت بۆ مۆندیالی 2026، بەڵام ڕەنگە ڕێگەی پێنەدرێت بەشداریی پاڵەوانێتییەکە بکات.
مەهدی تارمی، هێرشبەری ئینتەرمیلان دوو گۆڵی تۆمارکردو ئێرانی بەدوو گۆڵ بەرامبەر بەدوو گۆڵ لەگەڵ ئۆزبەکستان یەکسان کرد، ئەو ئەنجامەش بەشداریی ئێرانی لەیاری کۆتایی جامی جیهانی 2026 مسۆگەرکرد.
لهوبارهیهوه ڕۆژنامەی "زە سەن"ی بەریتانی پرسیاری لەبارەی ئەگەری قەدەغەکردنی بەشداریی ئێران لەو پاڵەوانێتییە وروژاندوه کە ساڵی داهاتوو لەمەکسیکو کەنەداو ئەمریکا بەڕێوەدەچێت.
بەگوێرەی ئەو ڕۆژنامە بەریتانییە، ڕەنگە ڕێگریی لەبەشداریی ئێران بکرێت، بەهۆی بڕیاری "قەدەغەکردنی گەشت" کە لەلایەن ئیدارەی ئەمریکاوە پێشنیازکراوە، دوای ئەوەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لیستی 41 وڵاتی خستەڕوو کە هاوڵاتیانیان قەدەغەکراون بچنە ئەمریکا.
ڕۆژنامهكه ئاماژهى بهوهشكردوه، تائێستا قەدەغەکردنی گەشتکردن لەلایەن ئیدارەی ئێستاوە پشتڕاستنەکراوەتەوە، بەڵام لەخولی یەکەمی ترەمپدا قەدەغەکردنی هاوڵاتیانی چەند وڵاتێک لەوانە (ئێران، عێراق، لیبیا، سۆماڵ، سودان، سوریاو یەمەن) جێبەجێکرا.
