سوپاى سوریاو هۆزه‌ عه‌ره‌بیه‌كانى دێره‌زور په‌لامارى هه‌سه‌ده‌یاندا

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 31306 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، شەڕو پێکدادان لەنێوان سوپای سوریاو هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەشاری دێرەزور ڕویدا، هاوکات هۆزه‌ عه‌ره‌بیه‌كانى پارێزگاكه‌ش په‌لامارى شه‌ڕڤانانى هه‌سه‌ده‌یانداوه‌.


چەندجارێکە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) حکومەتی دیمەشق تۆمەتباردەکات بەوەی کە ئەو گروپە چەکدارانەی لەلایەن تورکیاوە پشتیوانییان لێدەکرێت‌و ئێستا لەژێر چەتری حکومەتدان، بەردەوامن لەپێشێلکردنی ئاگربەست لەچەندین ناوچەی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا.

هاوکات هۆشداریدابوو، ئەم هێرشانە هەڕەشە لەڕێککەوتنی ئاشتی نێوان ئەحمەد شەرع‌و مەزڵوم عەبدی دەکەن.

بەگوێرەی تەلەفزیۆنی سوریا، شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە، پێکدادان بەچەکی سوک‌و قورس لەنێوان سوپای سوریاو هەسەدە لەسەر هەردوو کەناری ڕوباری فورات لەبه‌شى ڕۆژئاوای شاری دێرەزور ڕویداوه‌.

هاوکات، شارۆچکەی غرانیج لەگوندەوارەکانی ڕۆژهەڵاتی دێرەزور، پێکدادانی قورسى لەنێوان هەسەدەو چەکدارانی هۆزەکانی ناوچەکە بەخۆوه‌ بینیوه‌.

بەهۆی پێکدادانەکانیشەوە زیاتر لەپێنج هاوڵاتیی سڤیل برینداربون، باس لەدەستگیرکردنی چوار چەکداری هەسەدە دەکرێت لەلایەن عەشایەرەکانەوە، بەگوێرەی تەلەفزیۆنی فه‌رمیى سوریا.