شارپرێس:
حسن محەمەد عەلی، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات (مەسەد)، ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕاگەیاندووە، کە شاندی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، کە لەگەڵ دیمەشق دانوستان دەکەن، ئامادەیە بۆ هەموو ئەو چارەسەرانەی کە گونجاون لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی گەلی سوریا.
بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات لەلێدوانێکدا بەپێگەی "نۆرس پرێس"ی نزیک لە ئیدارەی خۆسەری راگەیاندووە: "لەم چوارچێوەیەدا، دەبێت دیمەشق ڕۆڵێک بگێڕێت کە ببێتە هۆی ئاسانکاری، تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەواندایە".
بەرپرسەکەی "مەسەد" ڕونیکردۆتەوە: "ئەگەر دیمەشق ئامادە بێت بۆ دانوستان لە پێناو بەرژەوەندییەکانی گەلی سوریا و گەیشتن بە لێکتێگەیشتن، ئەوا ئەمە شتێکی باشە، بەڵام ئەگەر بە عەقڵییەتێکی سەنتراڵی تەواو مامەڵە بکرێت، ئەوا ڕێڕەوی دانوستانەکان پەکدەخات."
دەشڵێت: "هەر ئاسانکارییەک لە دانوستانەکان لەگەڵ دیمەشق پێویستی بە تێگەیشتنێکی دۆخی سوریا هەیە، بەڵام ئەو کارکردنەی کە دەسەڵاتی کاتی لە دیمەشق پەیڕەوی دەکات کێشە دروست دەکات، و ئەوەی لە ناوچە جیاوازەکانی سوریا بینراوە، ئەوە دەردەخات کە کارکردنی دیمەشق نابێتە هۆی چارەسەر."
ئاماژەی بەوەشکرد کە "ناوچەکە چیتر شەڕی دیکە یان ئاوارەبوونێکی نوێ هەڵناگرێت، بۆیە پڕۆسەی بنیاتنان پێویستی بە هەوڵی هاوبەش هەیە کە هەموو پێکهاتەکانی لەخۆبگرێت، و وڵاتانی سپۆنسەری دۆسیەی دانوستانەکانیش ئەم بابەتە دەزانن."
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
