شارپرێس:
دوای لێدوانەکانی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیان سەبارەت بە پڕۆژەی "ئیسرائیلی گەورە" ژمارەیەک وڵاتی عەرەبیی و ڕێکخراوە عەرەبییەکان هاتنەدەنگ و پلانی ئەو وڵاتەیان بۆ لکاندنی وڵاتانی عەرەبیی بەتوندی ئیدانە کرد.
ئوردن لێدوانەکانی بە هەڕەشەیەکی جددی بۆ سەر سەروەری دەوڵەتان و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان وەسف کرد، هەروەک بە خەیاڵێكی وروژێنەری هەژمار کرد، هەروەک بە ڕەنگدانەوەی گۆشەگیریی حکومەتی ئیسرائیل و پەرەپێدانی ململانێکان وەسفی کردوە و داوای هەڵوێستێکی ڕوونی نێودەوڵەتی بۆ ئیدانەکردنیان کردووە.
هەروەها سعودیە بەتەواوەتیی ئەو لێدوانانە و پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونی ئیسرائیلی رەتکردەوە و جەختی لە مافی مێژوویی و یاسایی گەلی فەلەستینی کردەوە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری لەسەر خاکەکانیان بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان.
كۆمكاری عەرەبیش لێدوانەکانی بە پێشێلکردنی سەروەریی دەوڵەتانی عەرەبی و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی عەرەبی و ئاشکراکردنی نیازی فراوانخوازی و شەڕانگێزی ئیسرائیل هەژمار کرد، هەروەک داوای لە ئەنجومەنی ئاسایش کرد کە بەتوندی ڕووبەڕووی ئەو لێدوانە توندڕەوانەیە ببێتەوە.
لای خۆیەوە ئەنجومەنی هاریكاری كەنداو، ئەم لێدوانانەی بە توندی ئیدانە کرد و بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای بەڵگەنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و نێودەوڵەتیی وەسف کرد، هەروەک هەر جۆرە پێشێلکارییەک بۆ سەر سەروەری دەوڵەتان رەتکردەوە و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی کرد پلانە ئیستفزازیەکان ڕابگرن و سەقامگیری ناوچەکە بپارێزن.
ئەوە لەکاتێکدایە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند کە خۆی بە راسپێردراوی ئەرکێکی مێژوویی و ڕۆحی دەزانێت بۆ بەدیهێنانی ئیسرائیلی گەورە و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم خەونە ئەرکێکی نەوەیە بۆ گەلی جولەکە.
