دواى ڕێكه‌وتنى نه‌وت.. واده‌ى ناردنى موچه‌ له‌به‌غداوه‌ ئاشكراده‌كرێت

کوردستان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 17726 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای ڕێككەوتنی نێوان هەولێرو بەغدا لەبارەی میكانیزمی هەناردەكردنەوەی نەوتی هه‌رێم، سەرچاوەیەکی حکومەتی عێراق واده‌ى دابەشکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ئاشکرادەکات، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "هه‌فته‌ى داهاتوو ده‌ستپێده‌كات".


دوێنێ چوارشەممە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم بەفەرمی ڕێككەوتنی نێوان هەولێرو بەغدای لەبارەی میكانیزمی هەناردەكردنەوەی نەوتی هه‌رێمه‌وه‌ ڕاگەیاند.

سەرچاوەیەکیش لەحکومەتی عێراق ئاشکرایکرد، ئەنجومەنی وەزیران لەکۆبونەوەی هەفتەی داهاتودا، بڕیار لەسەر خەرجکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی حوزەیران (مانگى شه‌ش) دەدات، دوای ئەوەی هەرێم بڕی 120 ملیار دینار لەداهاتە ناوخۆییەکان ڕەوانەی بەغدا دەکات.

به‌وته‌ى سەرچاوەکە، "دوای ڕێککەوتنی تەواوه‌تى لەنێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هه‌رێم‌و وەزارەتی نەوتی عێراق‌و واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە، نەوت بوەتە بەشێک لەپشکی کۆمپانیای سۆمۆ، کاتی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی دەکەوێتە ئەستۆی بەغداو بەندە بەخێرایی ڕێککەوتنی لەگەڵ لایەنی تورکی".

له‌به‌شێكى دیكه‌ى قسه‌كانیدا سه‌رچاوه‌كه‌ ڕایگه‌یاندوه‌، "وەزارەتی دارایی‌و ئابوری حکومەتی هەرێم بڕی 120 ملیار دینار لەداهاتە ناوخۆییەکان ڕەوانەی بەغدا دەکات‌و دوای ئەوە ئەنجومەنی وەزیران لەکۆبونەوەی هەفتەی داهاتودا بڕیاری خەرجکردنی ڕاستەوخۆی موچەی فەرمانبەران دەدات بۆ مانگی حوزەیران".

شارپرێس پێشتر زانیاریی له‌سه‌رچاوه‌یه‌كى باڵاى وه‌زاره‌تى دارایی حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ بڵاوكردبوه‌وه‌، كه‌ ئه‌و 120 ملیار دیناره‌ى داهاتى نا نه‌وتى ئامادەیەو چاوەڕێی ڕێککەوتنی شاندی هەرێم‌و عێراق دەکرێت، هەرکات گه‌یشتنه‌ ڕێککەوتن، ڕاسته‌وخۆ ئه‌و پاره‌یه‌ دەخرێتەسەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی عێراق".

له‌لایه‌كى دیكه‌شه‌وه‌ سەرچاوەیەکى باڵا لەحکومەتى هەرێم ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌، 120 ملیار دینار داهاتى نا نەوتى ئامادەیەو بەمنزیکانە ڕادەستى بەغدا دەکرێت‌و ئیدی هیچ بەربەستێک لەبەردەم ناردنى موچەدا نامێنێت.

ئەو سەرچاوە باڵایە کە هاوکات ئەندامێکى شاندى باڵاى دانوستانکارى حکومەتى هەرێمیشه‌ باسى له‌وه‌كردوه‌، "لەگەڵ بەغدا لەڕێککەوتن نزیکین بۆ دیاریکردنی بەشی گەنجینەی فیدراڵی لەداهاتی نانەوتی بۆ مانگەکانی داهاتوو".

ئه‌وه‌شى وتوه‌، "لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان کۆدەبینەوەو وردەکاریی ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ بەغدا بۆ هەناردەکردنەوەی پێدەڵێین، هەناردەکردنەوەی نەوتیش تەنها چەند ڕێکارێکی تەکنیکی ماوەو هیچ گرفتێک لەنێوان هەولێرو بەغدادا نەماوە".

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، ڕۆژی 15ی تەمموز واته‌ مانگى حه‌وتى ڕابردوو، هەرێم‌و عێراق یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان لەسەر نەوت‌و موچە واژۆکردو لەماوەی دوو ڕۆژدا هەردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم‌و عێراقیش پەسەندیان کرد.

بەگوێرەى یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە، پێویستە هەرێمى کوردستان 120ملیار دینار لەداهاتى نانەوتى ڕادەستى بەغدا بکات‌و لیژنە تەکنیکییەکان خەمڵاندن بۆ داهاتى نانەوتى بکەن، ڕۆژانەش 230 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستى سۆمۆ بکرێت، بەم دوو مەرجە بەغدا موچەى موچەخۆران بۆ هەرێم دەنێرێت.