لەڕاپرسییەکی نوێدا 67%ی تورکەکان دەیانەوێت کۆتایی بەسەردەمی ئەردۆغان بێت

ڕاپۆرت

17/07/2025‌ 3397 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس ـ بەختیار ئەحمەد:

به‌گوێره‌ى ڕاپرسییەکی نوێ، 67%ی تورکەکان دژی خۆ کاندیدکردنى ڕەجەب تەیب ئەردۆغانن بۆ سەرۆکایەتى کۆمارو ئەو ڕاپرسییەش کە لەلایەن سەنتەری سارۆس بۆ لێکۆڵینەوەی سیاسیی‌و کۆمەڵایەتی لەنێوان 16 بۆ 23ی حوزەیرانی 2025 ئەنجامدراوە، نیشانیدەدات کە ناڕەزایەتی گشتیی سەبارەت بەقوڵبونەوەی کێشە ئابورییەکان، نیگەرانییەکان لەدەسەڵاتی دادوەریی‌و گومان لەلێپرسینەوەی حکومەت لەزیادبوندایە.


ڕاپرسییەکە لەنێوان 11 هەزارو 102 بەشداربوو لە 26 پارێزگاو 162 قەزا ئەنجامدراوە، دەرەنجامەکان دەریدەخەن کە 87.9%ی بەشداربوان پێیانوایە کێشەیەکی جدی لەدەسەڵاتی دادوەری تورکیادا هەیە؛ 79.1% ئەو کێشەیە بەتوند دەزانن‌و 8.8% تاڕادەیەک بەو شێوەیەى دەزانن.

71.8 %ی بەشداربوان پشتگیریی لەئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتیی پێشوەختە دەکەن لەساڵی 2028، کاتێک داوایان لێکرا ناوی گرنگترین بابەتی بەردەم وڵات بهێنرێت، 40.1% ئاماژەیان بەئابوری‌و 20.8% نیگەرانییان لەسیستمى دادپەروەری دەربڕیوە.

ئەنجامەکان ئەوە دەردەخەن کە ناڕەزایەتی بەربڵاو لەئەدای ئابوریی‌و سیستەمی یاسایی بوەتە پاڵنەر بۆ خواستی گۆڕانکاریی سیاسیی.

لەڕاپرسییەکەدا نەبونی متمانە بەچاودێری یاسایی‌و دامەزراوەیی بەرجەستە بوە. 79.6%ی بەشداربوان پێیانوایە ئەو شارەوانیانەی لەلایەن پارتی دەسەڵاتداری دادو گەشەپێدان (AKP) بەڕێوەدەبرێن، بەباشی لێکۆڵینەوەیان لەسەرناکرێت.

جگە لەوەش، 72.5% پێیانوایە، پاڵنەرەکانی ئەردۆغان بۆ دەرکردنی دەستورێکی نوێ بەپلەی یەکەم مەبەست لێی خۆشکردنی ڕێگه‌ی یاساییە بۆ دوبارە هەڵبژاردنەوەی خۆى، نەک هێنانەکایەی چاکسازیی دامەزراوەیی ڕاستەقینە.

ئەنجامی ڕاپرسییەکانی سارۆس هاوتەریبە لەگەڵ ڕاپرسییە نیشتمانییەکانی دیکەی ئەمدواییە، ڕاپرسییەکی جیا لەمانگی تەمموزی 2025 لەلایەن ڕێکخراوی ئۆر سی ڕیسێرش ئەنجامدرا کە بەردەوام بەدواداچون بۆ حاڵەت‌و هەستی سیاسیی دەکات لەتورکیا، ڕاپرسییەکە دەریخست کە پێشبڕکێیەکی نزیک لەنێوان دوو پارتی سەرەکی وڵاتەکەدا هەیە: پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) کە 30.5%و پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکەپە) بە30%و پارتی یەکسانی‌و دیموکراسی گەلان (ده‌م پارتى)ش به‌ 7.6%، پارتی ناسیۆنالیستی نەتەوەپەرست (مەهەپە) کە هاوپەیمانی ئاکەپەیە، 7.4%ی دەنگى پشتیوانیان بەدەستهێناوە.

کاتێک باس لەمتمانەکردن بەلایەنەکان دەکرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی وڵات،15.6% جەهەپەیان هەڵبژاردوەو لە13.9%ش ئاکەپەیان هەڵبژاردوە، لەکاتێکدا بەڕێژەى 47.7% دەڵێن متمانەیان بەهیچ لایەنێک نییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی وڵات، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئاستێکی بەرزی بێزاریی لەسیاسەت.

لەکێبڕکێیەکی ئەگەری سەرۆکایەتیدا، پێدەچێت ئەکره‌م ئیمامئۆغڵو سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ‌و کەسایەتییەکی سەرەکی جەهەپە پێشەنگییەکی بەرچاوی بەسەر ئەردۆغاندا هەبێت، ڕاپرسییەکی مانگی حوزەیرانی 2025ی ئەنک-ئار ڕیسێرش دەریخستوە، ئیمامئۆغڵو 58.6%ی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت لەبەرامبەر 41.4%ی دەنگ بۆ ئەردۆغان.

ئەو ڕاپرسییە لەکاتێکدایە کە ئیمامئۆغڵو ڕوبەڕوی کێشەی یاسایی جددی دەبێتەوە، ناوبراو لەمانگی ئازاری 2025 بەتۆمەتی گەندەڵی خراوەتە زیندانه‌وه‌و تائێستا دەستبەسەرەو هێشتاش دادگایی نەکراوە، ئەمەش هەنگاوێکە لەلایەن یەکێتی ئەوروپا‌و گروپە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ لەوانەش ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی‌و چاودێری مافەکانی مرۆڤەوە ئیدانە کرا.

زۆرێک لەڕەخنەگران ئەو تۆمەتانە بەپاڵنەرێکی سیاسیی دەزانن، سەرەڕای فشارە یاساییەکانیش، جەماوەری ئیمامئۆغڵو لەبەرزبونەوەدایە، بەتایبەتی لەنێو دەنگدەرانی گەنج‌و دانیشتوانی شارە گەورەکاندا.

هەرچەندە ئەردۆغان بەردەوامە لەپاراستنی پاڵپشتی بنکە جەماوەرییەکەى کە بەنزیکەی 40٪ی دەنگدەران مەزەندە دەکرێت، بەڵام ڕاپرسییەکانی ئەمدواییە ئەوە دەردەخەن کە هەڵوێستی گشتیی لەگۆڕاندایە، ئەگەر پاڵنەرەکانى هەڵبژاردنی پێشوەختە بەردەوامبێت، ڕەنگە دیمەنی سیاسیی تورکیا لەلێواری گۆڕانێکى گەورەدابێت.