تۆرۆس یان تۆرسە سپییەکان، یاخود ئۆتۆمبێلە بێ ژمارەکانى تورکیای ساڵانی نەوەدەکانى سەدەى ڕابردوو، کەرەستەی دەست هێزە ئەمنییەکان بوون بۆ ڕفاندن و ئەشکەنجەدان و بەئامانجگرتنی چالاکوانە کوردەکان. لە ئاماژەیەکدا کە پێدەچێت نیشانەی قبوڵکردنی تاوانەکانی ڕابردوو بێت، ئەردۆغان لە دواهەمین لێدوانی دا سەبارەت بە سوتاندنى چەکەکان لە لایەن پارتى کرێکارانى کوردستانەوە باسی لە تۆرۆسە سپییەکان یاخود تەکسییەکانى مەرگى کرد
چیرۆکی تاکسییەکانی مەرگ چییە؟
ئۆتۆمبێلەکانی تۆرسى سپی، کە لە جۆری ڕێنو 12 دروستکراوی تورکیا و بەبێ ژمارەى تابلۆی بوون، لە ساڵانی هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا ببوونە ئامرازى تیرۆرکردنی هاوڵاتى کورد لە باکورى کوردستان.
ئەم ئۆتۆمبێلانە کە لە لایەن هێزە ئەمنییەکان و ژیتەم (یەکەى هەواڵگرى و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری جەندرمە) سوودى لێوەردەگیرا، سەدان چالاکوانى سیاسی، ڕۆژنامەنووس، نووسەر و هاووڵاتیی کوردیان دەڕفاند، ئەشکەنجەیان دەدان و دواتر دەیان کوشتن.
قوربانییەکان کە زۆرجار بەبێ هیچ تۆمەتێکی یاسایی، لە گۆڕی بەکۆمەڵ یان ڕووبارەکاندا فڕێدەدران، دۆسیەکانیان لە ژێرناوى فایلی نە ناسراو لە ئەرشیفی دادگادا دەنێژران.
سەرەتاى چیرۆکی تۆرسە سپییەکان دەگەڕێتەوە بۆ کودەتا سەربازییەکەی ساڵی 1980 لە تورکیا، کاتێک حکومەت سیاسەتی توندی دژ بە کورد جێبەجێکرد، زمان و کولتوور و ناسنامەی کوردی قەدەغە کرد و کوردى بە (تورکی شاخ) ناوبرد و بێڕێزی پێکرا.
یەکێک لەو قوربانییانە ڕەمەزان ئێلچی بوو کە لە ساڵی 1994 لە شارۆچکەی جزیرە ڕفێندرا، دواى ئەشکەنجەدان و کوشتنى، تەرمەکەی لە شوێنێکى دووردەست بەجێهێڵدرا، براکەی کەناوى نورەدین ئێلچی بوو، بەمشێوەیە باسی تاکسییەکان مەرگ دەکات و دەڵێت: کاتێک کە تۆرسە سپییەکانمان دەبینی، دڵمان لە ترسدا دەلەرزی. ئەم ترسە هێندە ڕۆچووبوە ناو قوڵایی دەروونى کوردەوە، کە تەنها بینینی تۆرۆسێکى سپی بەس بوو بۆ چۆڵکردنی شەقامەکان، منداڵان وازیان لە یاریکردن دەهێنا و خێزانەکان لە ماڵەکانیاندا خۆیان دەشاردەوە.
یەکێک لە نموونە هەرە دیارەکانی توندوتیژیی تۆرسە سپییەکان، کوشتنی سەرمایەدارێکى کورد بوو بەناوى ساڤاش بۆڵدان، لەگەڵ عەدنان یڵدرم و حیکمەت شیمشەک، لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 1994.
ساڤاش بۆڵدان هاوسەری پەرون بۆڵدان جێگری سەرۆکی ئێستای پەرلەمانی تورکیا و ئەندامی شاندی ئیمرالییە لە دەم پارتی. ساڤاش، دوابەدواى وتارێکی مشتومڕاوی تانسو چیلەر، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتەى تورکیا کرایە ئامانج، بەتۆمەتى ئەوەى کە بازرگانە کوردەکان پشتیوانی لە پارتی کرێکارانی کوردستان دەکەن.
