حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە شارەکانی عێراق دەگرێتەوە‌و حکومەت دەشڵەژێنێت

ڕاپۆرت

21/07/2025‌ 857 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

هاوکات لەگەڵ بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما، زنجیرەیەک ڕوداوی ئاگرکەوتنەوەی گەورە لەچەندین پارێزگای عێراق ڕویانداوە، کە بەهۆیانەوە دەیان کەس گیانیان لەدەستداوە و زیانی زۆری مادییشی هەبوە، پەنجەی تۆمەتیش ئاراستەی کەمتەرخەمی و گەندەڵی دەکرێت.


هەفتەی رابردوو ئاگرێکی گەورە لەشاری کوتی سەنتەری پارێزگای واست کەوتەوە و بەهۆیەوە زیاتر لە 60 کەس گیانیان لەدەستداوە و دەیان کەسی دیکەش برینداربون، لە بەغدای پایتەختیش، ناوەندێکی بازرگانی و یەکێک لە بینا سەرەکییەکانی کۆمپانیای پەیوەندیی ئاسیاسێڵ سوتان، هەر لەم هەفتەیەشدا لە شاری بەسرە ئاگر لە شوێنی نیشتەجێبونی کرێکارە بیانییەکان کەوتەوە، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک کرێکار ژیانیان کەوتە مەترسییەوە.

لەو ڕوداوانەدا پەنجەی تۆمەت ئاڕاستەی هەریەک لە حکومەت، بارزگانان و بەڵێندەران دەکرێتەوە، لەبەر ئەم هۆکارانە:

-بەشێک لە هاوڵاتییان و شارەزایان دەڵێن، دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکومەت کەمتەرخەم بونە لە چاودێریکردنی ئەو شوێنە بازرگانییانە و وەک پێویستە سزای ئەو شوێنانە نەدراون کە پابەندی مەرجەکانی سەلامەتی نابن، بەڵکو رودانی ئەو کارەساتانە، ئینجا دەست بە سزدان و دورخستنەوەی بەرپرسە کەمتەرخەمەکان دەکەن

- گومان لەسەر ئەو بازرگانانە هەیە کە کەرەستە و پێداویستیی بیناسازیی کوالێتی نزم هاوردە دەکەن، کە توانای بەرگەگرتنی گەرمای بەرزیان نییە.

-گلەیی لەبەشێکی ئەندازیاران و بەڵێندەرانیش دەکرێت کە لە کاتی دیزاین و جێبەجێکردنی پڕۆژەکاندا، رەچاوی تایبەتمەندیی کەشوهەوای توندی عێراق (هاوینی گەرم و زستانی سارد) ناکەن.