شارپرێس:
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند، وەك واشنتن پلانەكەی سەرۆكی فەڕەنسا ڕەتدەكەینەوەو دەڵێت،" بڕیارەكە تەنیا خزمەت بە حەماس دەكات".
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەتۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لەبارەی لێدوانەکەی سەرۆکی فەرەنسا نوسیویەتی،"پلانەکەی سەرۆکی فەرەنسا بۆ دانپێدانانی دەوڵەتی فەلەستینی رەتدەکەینەوە، چونکە بڕیارەکە تەنیا خزمەت بە بانگەشەکانی حەماس و رێگری لەئاشتی دەکات لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ئەمە لەكاتێكدایە، شەوی ڕابردوو، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە ئێکس بڵاویکردەوە، "بڕیارمدا کەفەرەنسا دان بەدەوڵەتی فەڵەستیندا بنێت وەکو پابەندییەکی مێژوییمان بە ئاشتییەکی بەردەوام و دادپەروەر لەرۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا".
سەرۆکی فەرەنسا ئاشكراشیكرد،" مانگی ئەیلوول لە کۆبونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان بڕیارەکە ڕادەگەیێنم".
لە کۆی 193 وڵات، 143 وڵاتی ئەندام لەنەتەوە یەکگرتوەکان دانیان بەدەوڵەتی فەڵەستیندا ناوە. رۆژی 29ی ئایاری 2024، نەرویج، ئیسپانیا و ئێرلەندا وەکو دوایین وڵات دانیان بەدەوڵەتی فەڵەستیندا نا.
ش.ح