عێراق له‌مانگى ڕابردوو زیاتر له‌شه‌ش ملیار دۆلار داهاتى نه‌وتى هه‌بوه‌

ئابوری

25/07/2025‌ 4144 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی هەناردەکردنی نەوتی مانگی حوزەیرانى ئاشكراكرد، ده‌شڵێت:"بەهەناردەکردنی 98 ملیۆن‌و 882 هەزارو 613 بەرمیل نەوت، شه‌ش ملیارو 698 ملیۆن‌و 21 هەزار دۆلار داهات هه‌بوه‌".


وەزارەتی نەوتی عێراق له‌ڕاگه‌یه‌نراوێكدا داهاتی هەناردەکردنی نەوتی بۆ مانگی حوزەیران بڵاوکردەوەو ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌، به‌گوێره‌ى ئاماری کۆتایی هەناردەکردنی کۆمپانیای (سۆمۆ)، لەمانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا، 98 ملیۆن‌و 882 هەزارو 613 بەرمیل نەوت هەناردەکراوە کە داهاتەکەی زیاتر لەشه‌ش ملیارو 698 ملیۆن‌و 21 هەزار دۆلار.

به‌گوێره‌ى ئامارەکە، ئەو نەوتەی لەڕێگەی کێڵگەکانی نەوتی ناوەڕاست‌و باشوری عێراق هەناردەکراوە، 97 ملیۆن‌و 718 هەزارو 994 بەرمیل بوە، هاوکات لەکێڵگەی گیارە 964 هەزارو 741 بەرمیل بوە، ئەو نەوتەی بۆ ئوردنیش هەناردەکراوە، 216 هەزارو 878 بەرمیل بوە.