شارەزایەکی ئابوریی عێراقی: موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەکردەوە لەژێر مەترسیدایە

ئابوری

28/07/2025‌ 17830 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

نەبیل مەرسومی شارەزای ئابوریی عێراقیی هۆشداریداوە لەوەی، موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەکردەوە لەژێر هەڕەشەدایە، ئەگەر هەرێمی کوردستان پابەندییە داراییەکانی بەرامبەر بەغدا جێبەجێنەکات.


مەرسومی لەپۆستێکدا لەلاپەڕەی فەرمیی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک وتویەتی:"پارتی دیموکراتی کوردستان‌و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕوبەڕوی کێشە بونەتەوە لەڕادەستکردنی بڕی 120 ملیار دینار مانگانە بەبەغدا، سەرەڕای ڕێککەوتنی پێشوو لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی".

هەروەک وتویەتی:"دوای خەرجکردنی موچەی مانگی ئایار (پێنج) و بڵاوکردنەوەی خشتەی دابەشکردنی موچە لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمەوە، پرسیاری جدی لای هاوڵاتیان ئێستا ئەوەیە، کەی موچەی مانگەکانی شەش‌و حەوت دابەشدەکرێت؟".

ڕونیشیکردوه‌تەوە، کە "بێتوانایی لەدابەشکردنی موچەی ئەو دوو مانگە  لەوانەیە دۆسیەکە بگەڕێنێتەوە بۆ بازنەی پەکخستنی سیاسیی".

لەکۆتاییدا وتویەتی، "مانگەکانی داهاتوو تاقیکردنەوەیەکی یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ ئەوەی بزانرێت هەردولایەن چەندە توانایان هەیە پابەندبن بەمەرجەکانی ڕێککەوتنەکەو خۆیان بەدوربگرن لەچونە ناو قەیرانێکی نوێوە بەناونیشانی، "موچە لەبەرامبەر داهاتی ناوخۆدا".