شارپرێس:
پەرلەمانتارێکی عێراق ئاماژە بەوەدەکات، کەسانێک لەعێراق دەیانەوێت جینۆسایدی ئابوری هەرێمی کوردستان بکەن، ده‌شڵێت:"هیچ مەترسییەک لەسەر ناردنی موچەی مانگه‌كانى شەش‌و حەوت نییە، چونكه ڕێكه‌وتنه‌كه هه‌ڵنه‌وه‌شاوه‌ته‌وه"، سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار-یش له‌به‌غداوه زانیاریى گرنگ ئاشكراده‌كات.
شوان کەلاری په‌رله‌مانتارى كورد له‌به‌غدا ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "هیچ مەترسییەک لەسەر ناردنی موچەی مانگی شەش‌و حەوت نییە، لیستی موچەی مانگی شەش-یش ئێستا له‌به‌رده‌ستى وه‌زاره‌تى دارایی عێراقدایه".
به‌وته‌ى کەلاریی، "بەغدا پابەندنییە بەڕێککەوتنەکان، پەرلەمانی عێراق بەفەرمی ڕایگەیاند، ئەوەی بەغدا بەرامبەر بەهەرێمی کوردستان دەیکات، پێچەوانەی دەستورە".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره وتیشى:"عێراق گوێ لەفشارە ناوخۆییەکان ناگرێت، حکومەتی هەرێم، ئامادەیە داهاتی ناوخۆ بۆ به‌غدا بنێرێت، تائێستا هیچ گرفتێک بۆ ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی عێراق‌و هەرێم نییە".
کەلاری باسی لەوەشکرد، "کەسانێک هەن لەعێراق دەیانەوێت جینۆسایدی ئابوری هەرێم بکەن، بەڵام کورد چەندین کارتی فشاری لەدەستە، لەوانە، کشانەوە لەپرۆسەی سیاسیی‌و بایکۆتکردنی هەڵبژاردن‌و حکومەتی عێراق بەهاوڵاتیی پلە یەک سەیری هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان ناکات".
شارپرێس له‌زارى سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار له‌به‌غداوه زانیویه‌تى، لیستى موچه‌ى مانگى شه‌شى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم كه له25ى 6ى 2025وه لەڕێگەی تیمێکی سەر بەوەزارەتی داراییه‌وه لەبەغدا ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کراوە، تائێستا وردبینى بۆ نه‌كراوه بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌گه‌ر هه‌ر تێبینیه‌كى له‌سه‌ربوو، بتوانرێت به‌زویى چاره‌سه‌ر بكرێت.
سەرچاوە ئاگاداره‌كه جه‌ختیكرده‌وه، "سه‌ربارى ئه‌وه‌ى وا مانگى ته‌مموز (مانگى حه‌وت) كۆتایی دێت‌و وردبینى بۆ لیستى موچه‌ى مانگى شه‌ش نه‌كراوه، به‌ڵام دارایی هه‌رێم لیستی موچەی مانگی تەمموزى ئاماده‌كردوه‌و به‌ئه‌گه‌رى زۆره‌وه ئه‌مڕۆ ڕاده‌ستى وه‌زاره‌تى دارایی عێراق ده‌كرێت".
به‌وته‌ى سه‌رچاوه‌كه‌ى شارپرێس، "ئه‌وه‌نده‌ى زانیاریمان به‌ده‌ستگه‌یشتبێ، هه‌ر ئه‌مڕۆ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم له‌كۆبونه‌وه‌ى ئاسایی هه‌فتانه‌ى خۆیدا، بڕیار له‌سه‌ر ناردنى 120 ملیار دینارى دیكه له‌داهاتى نانه‌وتى ده‌دات بۆ به‌غداو دواتریش ئه‌گه‌رى ئه‌وه هه‌یه، هه‌فته‌ى داهاتوو یان تا ناوه‌ڕاستى مانگى ئاب (مانگى هه‌شت)، موچه‌ى مانگى شه‌شى موچه‌خۆرانى هه‌رێم ڕه‌وانه بكرێت".
سه‌رچاوه‌كه ئه‌وه‌شى نه‌شارده‌وه، "ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ بڕیار له‌سه‌ر ناردنى 120 ملیار دیناره‌كه بدرێت كه پێموایه ده‌درێت‌و دواتریش مانگانه تا ئاساییبونه‌وه‌ى دۆخى به‌رهه‌مهێنان له‌كێڵگه نه‌وتیه‌كان، هه‌موو مانگێك ئه‌و بڕه پاره‌یه ڕه‌وانه‌ى به‌غدا بكرێت، به‌دڵنیاییه‌وه جگه له‌موچه‌ى مانگى شه‌ش، موچه‌ى مانگى حه‌وت‌و تا كۆتایی ئه‌مساڵ گرفت نامێنێت".
