دەرونشیکاری لە فرۆیدەوە تا ئەمڕۆ

هەمەڕەنگ

01/08/2025‌ 179 جار خوێندراوه‌ته‌وه

هستیریا نەخۆشیەکی دەرونیە بەڵام بە شێوەیەکی سەرەکی بە نیشانەکانی نەخۆشیەکانی مێشک و دەمار خۆی دەردەبڕێ  بێ بونی گۆڕان و شێوان و تێکچونی پێکهاتەی جەستەیی لە خودی مێشك و دەمارەکاندا، کەواتە ئیشكردن و وەزیفەی مێشک و دەمار بە شێوەیەکی کاتی تێکدەچێت بەڵام  پێکهاتەکەیان ساغە و تێکنەچوە وەک ئەوەی بۆ نمونە مێشک هەوی کردبێ یا کیسێک یا زیادەگۆشتێکی شێرپەنجەیی تیابێت یا لولەخوێنەکانی داخرابێت یا ئاوسابێت. 

نیشانە و ناڕەحەتیەکانی هستیریا ئەمانەن و زۆری تریشن وەک: گەشکە و بورانەوە و بێهۆشبون یا هۆش تێکچون، سڕبون و مێرولەکردنی پێست ، ئێشی  هۆنادیار و گۆڕاو و جوڵاو لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تری جەستە، هێزتیانەمان ولاوازی یا گرژبونی زۆر توندی ماسولکەکان ، لەرزینی دەست و پێ یا هەمو جەستە ، تێکچونی زمانگۆکردن و شێوانی دەنگ و قسەکردن یا کپ و بێدەنگبونی تەواو و نەتوانینی قسەکردن، یا کێشە لە جوین و قوتدانی خۆراکدا یا کۆکەی وشک بێ بونی نەخۆشیی کۆئەندامی هەناسەدان، نائاسایی بونی شێوەی وەستان و دانیشتن و ڕۆشتن و جموجوڵی ئاسایی ڕۆژانە ، شێوانی کاتی بینین وەک بەرچاوڕەشبون یا تەنانەت نابینایی کاتی و هتد... .

لە پشتی ئەم نیشانانەوە هۆ وکێشەی دەرونی و برینداربونی دەرونی و ئازاردانی جەستەیی و چەوساندنەوە و دەسدرێژیی جۆراوجۆر بە هی سێکسیشەوە لە منداڵی و هەرزەکاری و یا لە تەمەنی گەورەیی لە ئێستادا و هەروەها کێشەی کۆمەڵایەتیی قورس هەن کە کەسەکە لە بەر شەرم و عەیبە و ترس لە سزا و ئابڕوچون ودابڕان لە دەوروبەری خێزان و کۆمەڵ ناتوانێ بە  دڵی خۆی و لە کانگای دڵیەوە بە هەست و سۆزی ڕاستەقینەوە دەریانبڕێ و چارەسەری بنەڕەتیان بۆ بکات، بۆیە بێ ویست و حەزی خۆی و بێ ئەوەی خۆی بیەوێ و بزانێ یەکێ یا چەند دانەیە لە نیشانە جەستەییەکانی سەر بە کۆئەندامی مێشک و دەمارەکانی تیا دەرکەوێ، هیستیریا ئا ئەمەیە. 

نمونەیەک کە ڕویداوە: ژنێکی مێرددار لە پڕ توانای بینینی نەما، دوکتۆری چاو دوای تێڕوانینی ورد پێی وت چاوت هیچی نیە، دوای چەند هەفتەیەک بزربو و لە شارێکی دورەوە لە گەڵ ئەو پیاوەی شەیدای یەکتر بوبون سەری هەڵدا و دەرکەوتەوە و ئیتر بێ چارەسەری دوکتۆری چاو کێشەی بینینەکەشی نەما! 

ئەم نەخۆشانە بە هۆی بورانەوە و گەشکەی دەرونیەوە چەندین جار بە پەلە و شڵەژانی خزم و کەسەوە  بە ئەمبولانسی فریاکەوتن یا ئوتومبیلی ئاسایی دەبرێن بۆ بەشی فریاکەوتنی  نەخۆشخانەکان و چەندین تێڕوانینی تاقیگەیی خوێن و سۆنەر و وێنەی تیشکی و سکانی مێشک و ئەندامەکانی تری جەستەی بۆ دەکرێت و لە کۆتایی هەمویاندا پزیشکەکە دەڵێت وەڵا هیچی نیە، هەندێک دوکتۆر پێی دەڵێن هستیریا یا  Hys ی هەیە !!
 ئیمڕۆ وشەی هستیریا لە دنیادا بەسەرچوە و بەکارهێنانی زۆر کەم بوە و بە تایبەتی پزیشکی هەمو پسپۆڕیەکان نابێت بۆ نەخۆشەکانیان بەکاریبێنن چونکە وشەیەکی نازانستی و هەڵەیە و بۆ گاڵتەپێکردنی نەخۆشەکەش بەکاردەهێنرێت . Hysteria وشەیەکی یۆنانیی کۆنە بە واتای (نەخۆشیەکی پەیوەنددار بە مناڵدانەوە) دێت، پزیشكی ناوداری یۆنانی کۆن (هیپۆقرات) وای دەزانی ئەو ژنانەی هیستیریا یان هەیە مناڵدانیان تەواو نیە یا ترازاوە و بە جەستەیاندا دەجوڵێ و دەگەڕێ.

 لە مێژە دەرکەوتوە کە نەخۆشیەکە هیچ پەیوەندیەکی بە مناڵدانەوە نیە بەڵام لە کچ و ژنی گەنجدا زۆرترە هەتا لە پیاواندا، ڕەنگە هەر ئەمەش بێت کە ناونراوە هستیریا کە لە وشەی یۆنانیی (Hyster) وە هاتوە و بە واتای مناڵدان دێت. ئێستا لە هەمو دنیای پێشکەوتودا لە بری هستیریا  وشەی  (conversion)  کۆنڤێرژن  بەکاردێت.

ئەوەی کێ هستیریای هەیە و کێ نیەتی تەنیا پزیشک وە بەتایبەتی پزیشکی مێشك و دەمار و پزیشکی دەرونی بڕیار دەدا نەک هیچ کەسێکی تر، دەنا هەڵە و ناحەقی و سوکایەتی پێکردن و تۆمەتی ناڕەوا بەرامبەر نەخۆشەکە دەکرێت لەباتی تێگەیشتن لێی و هاوسۆزی وچارەسەرکردنی پسپۆڕیانە کە چارەسەری دەرونیە لای پزیشکی دەرونی و دەرونناسی پزیشكیی خاوەن بڕوانامەی بەکالۆریۆس و بانتر.

بینیومە و بیستومە خزم و کەس و هاوڕێ و تەنانەت یاریدەدەری پزیشك وهەندێ پزیشکیش چی بەم نەخۆشانە دەڵێن، وەک ( درۆ دەکات، نەخۆش نیە، خۆی وا لە خۆی دەکات، حەزی لە شوکردنە ...).

 دوکتۆر جۆزێف برۆیەر و دوکتۆر سیگموند فرۆید کە جو بو لە شاری ڤیەنا بۆ یەکەم جار لە ساڵەکانی ١٨٨٠ دا  ئەم نیشانە جەستەییانەیان وەک دەربڕ و زمانحاڵی کێشە و برینداریە دەرونی و کۆمەڵایەتیە قورس و چارەسەرنەکراوەکان ناساند.

پێشتر د.برۆیەر بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک (١٨٨٠-١٨٨٢) خەریکی چارەسەرکردنی کچێکی ٢١ ساڵی نەخۆش بو بە ناوی خوازراوی  Anna O  بە شێوازی قسەلەگەڵکردن و خەواندنی دەستکرد (Hypnosis)، کچەکە نیشانەکانی هستیریای تێدابو و لە ڕوی جەستەیی مێشک و دەمارەوە هیچی نەبو، ئەو بەو چارەسەرە و بێ دەرمان باشتر دەبۆوە. 

د.جۆزێف دەربارەی ڕەوتی نەخۆشی و چارەسەری Anna O زانیاری و ئەزمونی چارەسەرکردنی سەرکەوتوانەی بە تەنیا بە دواندن بەڵام بێ دەرمان  بۆ فرۆید باسدەکرد و لە گەڵیا دەربارەی بابەتەکە ئاڵوگۆڕی بیروڕای دەکرد ، فرۆید خۆیشی وەک دوکتۆرێکی پسپۆڕی مێشک و دەمار زۆرجار گیریخواردبو بە دەست هەندێ لە نەخۆشەکانیەوە کە دەرمان چاکی نەدەکردنەوە و نیشانە و ناڕەحەتیەکانیان کە هی هستیریاکەیان بو بەردەوام دەبو.

فرۆید دوای وەرگرتنی پسپۆڕی لە مێشک و دەمار لە ڤیەنا ، ساڵێک لە پاریس لە ژێر سەرپەرشتیی دوکتۆر Charcot و دو دوکتۆری تردا  یەک ساڵ ڕاهێنان و فێربون و چارەسەرکردنی دەرونیی نەخۆشانی هستیریا ی کردبو و گەڕابۆوە بۆ ڤیەنا و ئیتر وردە وردە کەوتە چارەسەرکردنی نەخۆشانی هستیریا و بوبە ئەو بوارەی کە سەرکەوتوانە ئەسپی خۆی تێدا تاودا و ناوبانگی دەرکرد.         

فرۆید ئەم ئەزمونانەی خۆی لە گەڵ نەخۆشانی هستیریا و ئەوانەی  د.جۆزێف لە گەڵ   Anna  O  بە شیوەیەکی توند سەرنجی ڕاکێشا و کەوتە بیرکردنەوەی قوڵ و خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە ی پراکتیکی و تیوریی چڕ و پڕ، ئەنجامی ئەم کارەی نوسین و بڵاوکردنەوەی کتێبی (لێکۆڵینەوەکان دەربارەی هستیریا) لە ڤیەنا لەساڵی ١٨٩٥ بو، دواتر لە ساڵی ١٩٠٠ کتێبی (ڕاڤەکردنی خەونەکان) ی نوسی و بڵاویکردەوە .

 دەتوانین بڵێین ئەم دو کتێبە ، کە دەنگدانەوەیەکی گەورەیان هەبو نەک هەر لە ناوەندە پزیشکیەکان بەڵکو لە ناوەندەکانی ئەدەب و هونەر و کۆمەڵناسی و مێژو دا ، زەنگ لێدانی سەرەتای لەدایکبونی (دەرونشیکاری Psychoanalysis) بو کە فرۆید   (١٨٥٦- ١٩٣٩) بە دۆزەرەوەکەی دادەنرێت.

د.هەژار عوسمان مەعروف