حەسەن زیرەك وەك فەرهەنگی ناوی كوردی

توێژینەوە و شیکاریی

06/08/2025‌ 379 جار خوێندراوه‌ته‌وه

لەتیف فاتیح فەرەج 
دەمێكە دەمەوێت لە سەر حەسەن زیرەك بنووسم ، هەڵبەت حەسەن زیرەك یەكێكە لە كۆڵەكەكانی زمان و وشەو زاراوەی كوردی ، بڕوام وابووە ئەگەر ئێستا یەك كوردیش لە سەر ئەو گۆی زەویە نەمێنێ، حەسەن زیرەك بەسە بۆ ئەوەی ئەو زمانە بە زندوی بمێنێتەوە، لەم ڕۆژانەی پێشوو فیلمێكی  بەڵگە نامەیی شایانی حەسەنزیرەكم لە سینەما سالمی سلێمانی تەماشا كرد، كە كەناڵی ڕوداو ئامادەیان كردبوو ، هەر یەك لە كاك حەمەی حەمە باقی شاعیر و نوسەری كورد هەر وەها عەبدوڵا جەمال سەگرمەی میوزیكزان لەبارەی حەسەن زیرەك و هونەرو گۆرانی و ژیانی و بەرهەمیەوە دەدوان ، فیلمەكە دیسان منی خستەوە سەر كەڵكەڵەی ئەوەی ئەو بابەتەی دەمێكە دەمەوێت لەبارەی ناوی خاتون و كەنیشكانی كوردەوە لای حەسەن زیرەك بینووسم ، دیسان بگەڕێمەوە سەری ، بۆ ئەوەش جارێكی تر ئەوەندەی پێمكرا گۆرانیەكانی حەسەن زیرەكم بە سەر كردەوە ، ڕاستی ڕەنگە ئەمەی من كردومە هەموو ناوەكان نەبێت ، بەڵام دەكرێت ببێتە بنچینەیەك بۆ ئەوەی كەسانی تر ورد ترو زانستیانە لەو بارەیەوە بنووسن.

من نزیكەی 120 ناوی خانمانەم لە گۆرانیەكانی حەسەن زیرەكدا دەستنیشان كرد ، كە ئەمە بۆ خۆی نیشانەی ئەو پابەندەیەی حەسەن زیرەك دەگەیەنی بە كورد بوونی خۆیەوە " چوون كوردە" هەڵبەت ناو بۆ نەتەوەو گەلانی دنیاگرنگی و بایەخی خۆی هەیەو بابەتێكی ناسنامەیی و شوناسە، یانی زۆرێك لە گەلانی دنیا لە ڕێی ناوی كەسەكانەوە دەناسرێنەوە ، من بە ناو دەزانم ئەو كەسە فەڕەنسیە ، یان بەریتانی ، وەك چۆن ناوی عەرەبیش بە هۆی ئاینی ئیسلامەوە شێوەیەكی نێو نەتەوەیی وەرگرتوەو تورك و فارس و ئەفغانی و ئەمازیغی و میسری و هەتادوای ناوی عەرەبی لە مناڵیان دەنێن و تەنانەت ئەمە پەڕیوەتەوە بۆ ئیسپانیاو شوێنگەلی دیكەش ، لە گەڵ ئەوەشدا هەموو ئەو گەل و نەتەوانە ناوی تایبەتمەندی خۆیان هەیە ، كوردیش وەسا ، لە گۆرانی حەسەن زیرەكدا ناوگەلی زۆری خانمان هەیە كە زۆر درەنگتر لە كۆچی یەكجاری ئەو تا ئێستا لە كیژو كناو دۆتەو كەنیشك و كناچەی كورد دەنرێن .

لەو خێرا بەسەر كردنەوەو گەڕانەدا ئەم ناوانەم بینی، كە نزیكەی 130 ناون ، هەندێك لە ناوەكان  ناوگەلی نەتەوەو گەلانی دین ، لێ‌ حەسەن كوردانونی نمونەی خەجێ‌ یان ئایشیلێ‌ ، هەڵبەت هەموو دەزانین حەسەن زیرەك مەقام و گۆرانی زۆری هەن ، محەمەد سدقی باس لەوە دەكات كە حەسەن زیرەك هەزار گۆرانی هەیە شوكروڵای بابان باسی 1500 گۆرانی و 607 مەقام دەكات ، حەسن گۆرانی هەیە بە چەند شێوازو ئاوازێك چڕیونی نمونەی ئەو ناوانەی من دەرمهێناون " شۆڕێ‌ ، شەكراو ، لاو لاو ،مەیلی ، سۆز، ئارەزو ، خەزێم ، تەنكە، خونچە ، بەیان ، كاڵێ‌، شیرین ، خەرامان، شنۆ، خاتون، كەتان، خەرمان، كابان، شەهێن، ئاوێزان، دولبەر، نەشمیل، ئایشیلێ‌ ، بۆكان، كەژێ‌ ، خەجێ‌، سنەوبەر، خەندە، بەژن، شەنگ، شۆخ، رێحانە، میهرەبان، نەشمیل، گەڵا ، مهاباد، گوڵئەندام ، شەدەلار، كەویار، شەیدا ، مەڵۆ، كیژان، خانم، هەڵاڵە ، كیژێ‌ ، ژاكاو ، كەتان ، ڕابی، بەرزی ، ساڕێژ، زوڵفی ، مەستورە، زوبە ، خەزان ، شەهێن ، ئەسمەر ، سەوزە، خومار، هەنار، نارنج ، ناسكۆڵ، خوناو ، رۆژگار، شوشە، هەنیە، بلور، لەیلا، جوان ، گەردون ، كوێستان ، ناسك ، ژین ، شەمامە"  هەڵبەت بە پێویستم نەزانی هەموو ناوەكان بنوسم و ماناو پێناسەی ناوەكان بكەم ، كە باوەڕٍم وایە ئەوە پێویستی بە لێكۆڵینەوەی وردە، ئێستا ئەگەر هەروا بە چاوگێڕانێ‌ سەیری زۆربەی ئەم ناوانە بكەین ، كە من لە گۆرانیەكانی حەسەن زیرەك دەرمكردون و زۆربەی زۆریشیان تا ئێستا كچیان بەناو دەنرێت ، تیاشیاندا هەیە زۆر تازەیە ، لەوە تێدەگەین حەسەن چ كۆششێكی كوردانەی كردوە بۆ ئەوەی ناوی كوردی لە دەیەی پەنجاو شەست و دواتریش لە مناڵ بنرێت ، ئەمە كارێكی هەروا سادەو ڕاگوزەرانە نیەو بەشێكە لە بابەتی شوناس و ناسنامە .

لەم نوسینە كورتەدا من نەمویست زۆر لەسەر ئەو بابەتە بنووسم ، بەڵام باوەڕم وایە بابەتەكە هێندە بایەخدارە كە دەكرێت توێژینەوەی ماستەرو دكتۆرای لە سەر بنووسرێت ، حەسەن وێڕای هونەرمەندی و دەنگۆخشی و بێوێنەیی فەرهەنگسازو جوگرافی ناسیش بووە ، كەم شارو دێ‌ی كوردەواری هەیە حەسەن لە گۆرانیەكانیدا ناوی نەهێنابێت ، درود بۆ گیانی ئەو هونەرمەندەی دوای نزیكەی شەست ساڵ لە كۆچی دوای هێشتا لە ناوماندا زندوەو كەم ڕۆژ هەیە گوێمان لە گۆرانیەكی نەبێت .