"چاندنی نەمامێك وەك هێمایەك لەدژی توندوتیژی ژنان"

هەمەڕەنگ

08/08/2025‌ 108 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس-دەشتی جەمال

پارکی ڤاڵانتاین پارکێکە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی لەندەن و ئەم  پارکەکە بە ناوی کۆشکی ڤاڵانتاینەوە ناونراوە کە لە ساڵی ١٦٩٦ وە دروستکراوە و لەساڵی ١٩٠٠وەوە بەڕووی خەڵکدا کراوەتەوە.

زۆرجار ئارام ئارام بە ڕۆیشتن رێم دەکەوێتە ئەو پارکەی لە نێوان دارە بەرزەکان و سەوزایی و باخچە ڕەنگاوڕەنگەکان و دەریاچەیەکی بچوك و بەلەمەوانیدا، دیمەنێکی هێجگار دڵگیر و دڵفرێنی هەیە، سەوزایی و شوێنەکراوەکان پشوویەکی ئارام لە ژاوەژاوی شار کەمێك دورت دەخاتەوە، ڕێگە بە مێشك دەدات ئارام بێت و هەناسە بدات. چێژ لە هەوای پاك وەرگری. لەم پارکەدا هەرجارە کە دەچم گوڵێك لەگەڵ خۆم دەبم بۆ دارەکەی زارا ئەلینا لەو پارکەدا.

هەست بە تێکەڵەیەك لە خەم و هێز دەکەم. دارەکە وەك بیرخستنەوەیەکی بێدەنگ و لە هەمان کاتدا بەهێز وەستاوە بۆ ژیانی کچێك کە زۆر زوو لە دەستچووە و بەهۆی بێدەربەستی سیستەمێك کە نەیتوانی بیپارێزێت. ڕەگەکانی ئەو دارە لە واقیعی ئەو ئازارانەی کە بەهۆی توندوتیژیەوە دروست دەبن، بەڵام لقە گەشەسەندووەکانی  زۆر ئیلهامبەخشن بۆ هیوا، هیوایەك کە لە ڕێگەی هۆشیاری و کردار و هاودەنگییەوە، بتوانین جیهانێکی سەلامەتتر و ئینسانی تر بۆ هەموو ژنان دروست بکات. لەلای من  هەر گەڵایەكی ئەو درەخەتە بەڵێنێك دەچرپێنێت و بیرمان دەهێنێتەوە، ناهێڵێت چیرۆکەکان و تراژیدیا ترسناکەکانی توندوتیژی دژی ژنان لە فکرو زهنمان لە بیر بکرێت.

زارا ئالینا تەمەن ٣٥سال دەرچووی یاسا، ئاواتەخوازبووە ببیێە پارێزەر لە بەروای ٢٦ی حوزیرانی ٢٠٢٢ لەلایەن جۆردن مەکسیۆنی تاونبار لەنزیك ماڵی خۆی لە ئیلفۆرد لە رۆژهەڵاتی لەندەن دەکەوێتە بەرهێرشێکی دڕندانە و کۆتایی بەژیانی دێت.

بکوژی زارا، نۆ رۆژ پێشتر بە مۆڵەت لەزیندان ئازادکرا بوو وە دەبوو چەند ڕۆژێك پێشتر بانگهێشت بکرێتەوە بەڵام ئیداریاتێکی بێتام لەم وڵاتەدا لە دواکەوتنی کاغەزەکان، کەمی کارمەندان و خراپی هاوبەشکردنی هەواڵگری ڕێگەی پێدا بە ئازادی بگەڕێت، لەکاتێکدا ٢٨جار سزای هەبووە، بەڵام هێشتا ئەمە کافی نەبوو بۆ دەسەڵاتدارانی بەریتانیا بە هەڵە وەك تاوانبارێکی مەترسی مامناوەند پۆلێن کراوە. 

کوشتنی زارا تەنها کردەوەیەکی دڕندانەی توندوتیژی کەسی نەبوو، ئەوە لوتکەی کارەساتێك بوو لە تێکچوونی سیستەم، سیستەمێك کە نەیتوانیوە بیپارێزێت، ئەمە شکستی زارا نییە و ئەمە شکستی هەموو دەزگایەکی حکومەتەکە  پاراستنی سەلامەتی ژنانی پێسپێردراوە.

کارەسات ئەوەیە هەروەك تاوانەکانی ژن کوشتن لەم وڵاتەدا  پێشتر پۆلیس دەیزانی کە بکوژەکەی زارا ئالێنا  مەترسیدارە و هێشتا ڕێگەی پێدا بە ئازادی بڕوات و بسوڕێتەوە، جۆردن مەکسوینی زوو ئازاد کرا، بەبێ چاودێری، پشتگوێ خرا لەلایەن دەزگا زۆر گرژەکانەوە. زارا  بە پێ گەڕایەوە ماڵەوە بەڵام کوژرا . 

زارا باوەڕی  بە مافی خۆی هەبوو کە هەست بە سەلامەتی بکات  و هەرگیز نەگەیشتە ئەو ئاستە وە لەلایەن کەسێکی تاوانبارەوە کۆتایی پێهات کە سیستەمەکە دەیزانی توندوتیژ و مەترسیدارە،  هەربۆیە کوشتنی زارا ئەلینا تەنها کارەساتێکی کەسی نییە، بەڵکو شکستێکی سیاسی ئەو سیستەمەیە کە ناتوانیت پاریزگاری لەژنان بکات،  ژنێك بە شێوەیەکی دڕندانە کوژرا چونکە چەندین دەزگای بەناو لێهاتووی!! حکومەت نەیانتوانی کار لەسەر مەترسی تاوانکار بکەن!. 

 لە پارکی ڤاڵانتاین بۆ ڕێزلێنان بۆ" زارا ئەلینا "ئەم دارە لە پارکەکەی ڤالانتاین وەك هێمایەکی بەهێز و یادەوەرییەك لەو شوێنەدا چێنراوە کە دواجار ڕۆیشتووە و دەکەوێتە پارکەکەوە، دارەکە وەك نیشاندەرێکی زیندوو کاردەکات لەسەر ئەو ڕێگایەی کە زارا بەرەو ئەوێ دەڕۆیشت کاتێك هێرشی کرایە سەری لە نزیك ماڵەکەی خۆی. ئەو دارە چێنراوە لە یادەوەریەك زیاتر مانادارترە. ئەو بووەتە هێمایەکی زیندوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو  نایەکسانی و نادادپەروەرییەی کە ژنان ڕۆژانە ڕووبەڕووی دەبنەوە لە بەریتانیا.  ئەوەمان بیردەخاتەوە کە ژیانی هەموو ژنێك گرنگە و بەهاکەیان بۆ مشتومڕ نییە، ئێمەش لەبیرمان ناچێتەوەو دەبێت بەردەوام بین لە شەڕی بەرگری لە کەرامەت و یەکسانی و سەلامەتیان. ئەم دارە کراوەتە هێمایەك بەوەی کە هەرگیز زارا لە بیری نەچێتەوە و جارێکی دیکە ڕێگە بەو جۆرە تاوانانە نەدرێت و هەمیشە داوای جیهانێکی سەلامەتتر بۆ ژنان بکەین.

 ئایە دەکرێت بیرۆکەی چاندنی نەمام لە دژی توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەزە بکرێتە بە بیرۆکەیەك لەکوردستاندا؟ کە بەداخەوە بەدوای زیاتر لە سێ دەیەیە لەخەباتی یەکسانیخوازی ژنان و رووبەڕووبوونەوە لە گەڵ دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی و رەوتە کۆنەپەرستەکان و نەریتە پڕتوکاوەکان، کە بەرپرسی راستەوخۆی ئەو ستەم و کۆیلایەتی و توندوتیژی و کوشتارەیە کە بەرۆکی ژنانی گرتووە،  کەچی هێشتا هەر کوشتنی ژنان و توندوتیژی بەرامبەر بەژنان درێژەی هەیە.

لەپاڵ ئەو هەوڵ و تەقەڵایانەی کە هەڵسوڕاوانی ژنان و چەندین کۆڕوکۆمەڵ و دەستە و ڕێکخراوەی بەرگری لە مافی ژنان دەستیان بۆ بردووە وە خۆشبەختانە رێکخراوی ژنانی سەربەخۆ لەم چەند مانگەدا لەکوردستان پێکهاتووە... لەپال هەموو ئەو هەوڵانەی دەدرێت بۆ ئاڵوگوری ڕیشەی، ڕەنگە بیرۆکەی چاندنی نەمام لە پارکەکانی کوردستان  بیرۆکەیەکەك بێت  وەك  "ڕەگ داکوتانێك لە ڕێزگرتن"، بە چاندنی نەمام لە دژی توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەزی، بۆ دروستکردنی هێمایەکی بەردەوام و دیار لە کۆمەڵگەدا  کە ڕێز لە قوربانیانی توندوتیژی دژی ژنان بگیرێت.  هاوکات  هۆشیاری کۆمەڵایەتی لە فەزای گشتیدا بەرزبکاتەوە. هەر نەمامێك کە دەچێنرێت نەك تەنها بۆ یادکردنەوە، بەڵکو بۆ لەیاد نەچون و بیرهێنانەوەو گۆڕانکاری بێت.

رەنگە ئەو پرسیارە بێتە پێشەوە بۆچی نەمامێك یان درەختێك؟ درەختێك پێدەگات و گەشە دەکات و بەرز دەبێتەوە، هەروەك چۆن بزووتنەوەی بەرەنگاری دژی توندوتیژی گەورە دەبێت و دەچێتەپێش وە دەبێتە بیرهێنانەوەیەکی هەمیشەیی و گشتی لە کۆمەڵگەدا. لە پارکە گشتییەکان، لە سەنتەرەکانی ژنان، قوتابخانەکان، بەردەم دادگاکان، یان گۆڕەپانی شارەکان بچێنرێت، بەشێوەی دانانی تابلۆی قوربانیەك لە قوربانیەکانی ژن کوشتن. بەمشێوەیە؛ ناوی قوربانییەکان (ئەگەر گونجاو بێت یان بە ڕەزامەندی خێزان)ەکانیان پەیامێکی کورت بۆ توندوتیژی دژی ژنان لەگەڵ بەرواری  رووداو و تەمەنی قوربانی، ئەم دارە بۆ هەموو ژنێك وەستاوە کە دەنگی بە توندوتیژی بێدەنگ کراوە.

دەتوانرێت قوتابخانەکان، گروپەکانی ژنان،  بانگهێشت بکرێن بۆ چاندنی گوڵ یان خوێندنەوەی ساڵانە لە شوێنەکەدا.
بیرۆکەکە گرنگە، رەنگە ئەوە بخاتە بەرچاوی ڕای گشتی هەرگیز نابێت توندوتیژی دژی ژنان وەك شتێکی ئاسایی قبوڵ بکرێت، ساتێك بۆ ڕاوەستان بۆ بیرکردنەوە وەك یادگاریەك، شوێنێك بە کۆمەڵگاکە دەبەخشێت بۆ کۆبوونەوە، بیرکردنەوە، خەمباربوون و نوێکردنەوەی بانگەوازی دادپەروەری راستەقینە و لێپرسینەوە کە هەمیشە بکوژانی ژنان لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە پاریزراون وەیان بە سوڵحی عەشایری دایانخستووە..

پەیامێکە ڕاستی تیا قسە دەکات، داوای لێپرسینەوە لەدەسەڵات دەکات و کە ڕێز لە ژیانی ژنان بگرێت وە هەروەها  پەیامێکیشە بۆ کۆمەڵگا، دەبێت بەردەوام بین لە قسەکردن ورەخنەگرتن و وەستانەوە و داوای گۆڕانکاری، لەبەرئەوەی تەنانەت یەك کردەوەی توندوتیژیش  بەرامبەر بەژنان زۆرە.
٨/٨/٢٠٢٥