بانکی ناوەندیی قەبارەی خەرجیی‌و قەرزە ناوخۆییەکانی ئاشکراده‌كات

ئابوری

11/08/2025‌ 3296 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بانکی ناوەندیی عێراق، ئەمڕۆ دوشەممە ئاشکرایکرد، خەرجی گشتیی دەوڵەت‌و قەرزی گشتیی ناوخۆیی بۆ مانگی ئایاری ئەمساڵی 2025 کەمیکردوە.


بانکەکە لەئامارێکیدا ڕایگەیاندوەکە خەرجی گشتیی دەوڵەت لەمانگی ئایاری ئەمساڵدا گەیشتوەتە 9.35 ترلیۆن دینار، بەڕێژەی 1.48% کەمیکردوە بەبەراورد لەگەڵ مانگی نیسانی ڕابردوو کە 9.49 ترلیۆن دینار بوە، هەروەک بەبەراورد لەگەڵ هەمان ماوەی ساڵی 2024 کە ئەوکات 10.68 ترلیۆن دینار بوە، کەمیکردوە.

هەروەک بانکی ناوەندیی ئاماژەی بەوەدا، قەرزی گشتیی بۆ مانگی ئایار گەیشتوەتە 85.50 ترلیۆن دینار، بەڕێژەی 0.05% کەمیکردوە بەبەراورد لەگەڵ مانگی نیسانی ڕابردوو کە 85.54 ترلیۆن دینار بوەو بەڕێژەی 8.56% بەرزبوەتەوە بەبەراورد لەگەڵ هەمان ماوەی ساڵی 2024 کە ئەوکات 78.18 ترلیۆن دینار بوە.