شارپرێس:
کۆمپانیای گەڵف کیستۆن پیترۆڵیەم، لەکێڵگەی نەوتی شێخان ڕایگەیاند، بەرهەمهێنانی نەوتی لەکێڵگەی شێخان دەستپێکردوەتەوە، سەرچاوەیەكیش بەشارپرێسی وت،"ئەمە دواین كێڵكەی نەوتەو لەئێستادا بەرهەمهێنان لەسەرجەم كێڵگە نەوتیەكان ئاسایی بۆتەوەو بەرهەم گەیشتۆتە سەروو 200هەزار بەرمیلی ڕۆژانە".
کۆمپانیاکە لەراگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، "بەرهەمهێنان لەکێڵگەی شێخان دوای هەڵسەنگاندنێکی وردی ئەمنی و ڕاوێژ لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردوەتەوە."
کۆمپانیاکە ئەوەشی خستوەتەڕوو، رۆژی پێنجشەممە ئەنجامی دارایی نیوەی یەکەمی 2025 ئاشکرا دەکات، تێیدا زانیاریی زیاتر دەخاتەڕوو.
لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانیش، گەڵف کیستۆن جەختی لەوە کردوەتەوە کە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت لەگفتوگۆدایە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن لەرێگەی بۆرییەوە و "ئامادەیە دەستبەجێ دوای مسۆگەرکردنی رێککەوتنی نوسراوی فەرمی، دەست بەکار (هەناردەکردن) بکاتەوە."
سەرچاوەیەكیش ئەوەی ئاشكراكرد، لەئێستا كاركردن لەسەرجەم كێڵگە نەوتیەكانی هەرێم دەستیپێكردۆتەوەو بەرهەمی ڕۆژانەی نەوتیش بۆ زیاتر لە 200 هەزار بەرمیل بەرزبوەتەوە".
هاوكات، كۆمپانیای شاماران كەلەهەردوو كێڵگەی نەوتی سەرسەنگ و ئەتروش كاردەكات ئاشكرایكرد، داهاتیان بەڕێژەی (%58) زیادی كردوە.
ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو، بەهۆی چەند تەقینەوەیەک لەکێڵگە نەوتییەکانی نزیک کێڵگەی شێخان و چەند كێڵگەیەكی دیكەی هەرێم، وەک رێکارێکی خۆپارێزی بەشێوەیەکی کاتی بەرهەمهێنانی نەوتيان ڕاگرت.
ش.ح
