هه‌ولێرو به‌غدا ڕێكه‌وتن

کوردستان

23 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 29430 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

زانیاریی نوێ له‌باره‌ى ڕێكه‌وتنى هه‌ولێرو به‌غداوه‌ ئاشكراده‌كرێت، سه‌رچاوه‌یه‌ك ده‌ڵێت، "هه‌ردولا له‌سه‌ر هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ى نه‌وت ڕێكه‌وتون‌و ڕێكه‌وتنه‌كه‌ زیاتر له‌20 واژۆى له‌سه‌ره‌".


به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار ئاشكرایكردوه‌، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم‌و وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر میکانیزمی هەناردەکردنەوەی نەوت ڕێککەوتن‌.

باسى له‌وه‌شكردوه‌، "کۆنوسی ڕێککەوتنەکەش لەلایەن زیاتر لە20 کەسایەتی شاندی هەردولا واژۆکراوە کە 17 کەسیان ئەندامی شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق بون".

ئه‌و سەرچاوە ئاگاداره‌ بۆ میدیاى نزیك له‌پارتى وتویه‌تى، "کۆبونەوەکان لە17ی تەمموزەوە دەستیان پێکردوەو لەم ماوەیەدا سەردانی تەواوی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم کراوەو دوای هەڵسەنگاندنی کێشە هونەرییەکان، گفتوگۆیەکی زۆر لە11ی ئەم مانگە ڕێککەوتن لەسەر میکانیزمی هەناردەکردنی نەوتی کێڵگەکانی هەرێم کراوە".

جه‌ختیشیكردوه‌ته‌وه‌، "هەناردەکردنەکە بەگوێرەی بەرهەمی ڕۆژانەی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم دەبێت، ئەویش دوای ئەوەی 50 هەزار بەرمیل بۆ پێویستی ناوخۆی هەرێم گلدەدرێتەوە، بەرهەمەکەی دیکە بۆ هەناردەکردن ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت".

له‌لێدوانه‌كه‌یدا سه‌رچاوه‌ ئاگاداره‌كه‌ وتویه‌تى، "کۆنوسی ڕێککەوتنەکە لەلایەن 17 ئەندامی شاندی وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدراڵ‌و پێنج ئەندامی شاندی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم واژۆکراوەو ئێستاش شاندەکەی فیدراڵ گەڕاونەتەوە بەغدا".

باسى له‌وه‌شكردوه‌، "هەروەها بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم ماوەتەوە حکومەتی فیدراڵ لەگەڵ حکومەتی تورکیا دوایی قسەبکات‌و پرۆسەکە جێبەجێبکرێت".

ئەم ڕێککەوتنە نوێیە لە کاتێکدایە، کە هەنادەی نەوتی هەرێم لەئاداری ساڵی 2023وە، بەهۆی سکاڵایەکی عێراق لەدژی تورکیا تۆمارکراو بەهۆیەوە هەناردەی نەوت لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا ڕاگیرا، کە بەوتەی بەرپرسانی حکومەتی هەرێم، ڕاگرتنی هەناردەی نەوتەکە، بەبەهای زیاتر لە50 ملیار دۆلار زیانی بەئابوریی عێراق‌و هەرێم گەیاندوەو جەختیشدەکەنەوە، هیچ لایەنێک لەو بڕیارە سودمەندنەبون.