گاردیانی بەریتانی: ئیسرائیل له‌ناو خاكى خۆى سیخوڕیی بەسەر ئەمریکاوە دەکات

جیهان

09/12/2025‌ 4534 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی دوێنێ دووشەممە، لەراپۆرتێکدا ئاشکرایکرد کە سیخوڕییەکی چڕی ئیسرائیلی لەسەر ویلایەتەیەکگرتوەکان‌و هاوپەیمانەکانی دیکە ئەنجامدەدرێت کە لەبنکەیەکی هەماهەنگیی هاوبەش لەباشوری دەوڵەتی ئیسرائیل جێگیرن.


سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایانگەیاندوە، ناکۆکییەکان لەنێوان ئه‌مریكاو ئیسرائیل زیادبوە سەبارەت بەتۆمارە ئاشکراو نهێنییە چڕەکانی ئیسرائیل بۆ کۆبونەوەو گفتوگۆکانی ناو سەنتەری نوێی هەماهەنگیی هاوبەش لەگەڵ لایەنی ئەمریکی.

بەرپرسان‌و کەسانی ئاگادار بەڕۆژنامەکەیان ڕاگەیاند، ویلایەتە یەکگرتوەکان پرۆسەی تۆمارکردن‌و سیخوڕی ئیسرائیلییان ئاشکراکردوە، ئەمەش ناچاریکردوە کە فەرماندەی سەنتەری هەماهەنگیی سەربازیی هاوبەش، فەریق پاتریک فرانک هاوتا ئیسرائیلییەکەی بانگهێشت بکات‌و پێی ڕابگەیەنێت کە "سیخوڕیی‌و تۆمارکردن دەبێت بوەستێنرێت".

هەروەک کارمەندان‌و سەردانیکەرانی وڵاتانی دیکە نیگەرانی خۆیان سەبارەت بەتۆمارەکانی ئیسرائیل لەناو سەنتەری هەماهەنگیی مەدەنیی سەربازی دەربڕیوەو داوا لەهەندێکیان کراوە کە خۆیان بەدوربگرن لەهاوبەشکردنی زانیارییە هەستیارەکان لەترسی کۆکردنەوەو بەکارهێنانیان.

سەبارەت بەو بابەتە سوپای ئیسرائیل لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "سوپای ئیسرائیل ئەو کۆبونەوانەی کە ئامادەیانە لەڕێگەی پڕۆتۆکۆلەوە تۆماریان دەکات‌و پوختەیان دەکاتەوە، وەک هەر ڕێکخراوێکی پیشەیی لەمجۆرە، بەشێوەیەکی شەفاف‌و ڕێککەوتوو".

ئەم سەنتەرە بەئامانجی هەماهەنگیکردنی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان، چاودێریکردنی ئاگربەست لەکەرتی غەززەو دانانی پلان بۆ داهاتوی کەرتی غەززە به‌گوێره‌ى پلانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دامەزراوە.