مه‌سعود بارزانى له‌به‌غدایه‌و كۆبونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ سودانى ده‌ستپێكرد

کوردستان

03/07/2024‌ 3654 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای نزیکەی شەش ساڵ، مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان به‌سه‌ردانێك كاتژمێرێك پێش ئێستا گه‌یشته‌ به‌غداو بڕیاریشه‌ له‌مڕۆوه‌ كۆبونه‌وه‌كانى ده‌ستپێبكات، به‌گوێره‌ى زانیاریه‌كان له‌گه‌ڵ ته‌واوى سه‌ركرده‌ سوننه‌و شیعه‌كان‌و باڵیۆزى وڵاتان له‌شارى به‌غدا كۆده‌بێته‌وه‌.


مەسعود بارزانی به‌فڕۆكه‌یه‌كى تایبه‌ت له‌شارى هه‌ولێره‌وه‌ گه‌یشته‌ فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تى به‌غداو لەلایەن محەممەد ئەلتەمیم‌و فواد حوسێن جێگرانی سەرۆک وەزیران‌و ژمارەیەک لەبەرپرسە حکومی‌و سیاسیەکانی عێراق پێشوازیی لێکرا.



وه‌فدى یاوەریی بارزانی پێکهاتون لە: ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، د. ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، د. عەرەفات کەرەم ستونی ڕاوێژکاری مه‌سعود بارزانی، ئازاد بەرواری‌و هێمن هەورامی ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، خالیدە خەلیل وتەبێژی بارەگای بارزانی‌و ژمارەیەکی دیکە لەبەرپرسانی پارتى له‌حكومه‌تى هه‌رێمى کوردستان.

بارەگای بارزانی له‌وباره‌یه‌وه‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكى بڵاوكردوه‌ته‌وه‌و ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌، لەشاری بەغدا، مه‌سعود بارزانى زنجیرەیەک کۆبونەوە لەگەڵ لایەنە فەرمی‌و سیاسییەکانی عێراق دەکات‌و دیداری لەگەڵ سەرکردە سیاسیەکانیش دەبێت، زانیاریه‌كان باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، له‌ئێستا مه‌سعود بارزانى‌و محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق‌ له‌كۆبونه‌وه‌دان‌و له‌کاتژمێر دوو-ش لەگەڵ هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆدەبێتەوە.

بەگوێرەی کارنامەی سەردانەکە، مه‌سعود بارزانی ئەمڕۆ لەبەغدا ئەم کۆبونەوانەی دەبێت:
1. لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق.
2. محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق.
3. موحسین مەندەلاوی سەرۆکی بەوەکالەتی پەرلەمانی عێراق.
4. فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق.
5. بەرپرسانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت.
6. بەرپرسانی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە.
7. عەممار حەکیم سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی.
8. خەمیس خەنجەر سەرۆکی هاوپەیمانی سیادەی سوننە.
9. محەممەد حەلبوسی سەرۆکی هاوپەیمانیی تەقەدومی سوننە.
10. باڵیۆزانی ئەمریکا، فەرەنسا، ڕوسیا، ئێران، بەریتانیا، تورکیاو باڵیۆزانی وڵاتانی عەرەبی لەعێراق.
11. ژمارەیەکی دیکە لەبەرپرس‌و سەرکردەی سیاسی‌و حزبی لەعێراق.

بەپەلە