ئایا سوپای ئەمەریکا لە عێراق و سوریا دەکشێتەوە ؟

مەلەفی تایبەت

07/07/2024‌ 929 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ئامادەکردنی میهرەبان مەلا رەوف
لەبەر ئەوەی وەلامێکی کۆنکرێتی نیە بۆ ئەم پرسیارە بۆیە کورتەباسێک لەسەر بیرۆکراسی ئەمەریکا و مێژویەکی کورتی کۆلۆنیالیزم ئەنوسین بە هیوای زیاتر تێگەیشتن لە پەیوەندی نیوان پەنتاگۆن و زانیاری و ئیدارەی ئەمەریکا . 
جاریکیان ڤلادیمیر پوتین لەگەل رۆژنامەی لی-فیگارو لە سەردانیدا بۆ فەرەنسا بەم شێوەیە باسی ئیدارەی ئەمەریکای کرد : 
لە سیاسەتدا شتێک نییە بە ناوی مەزاجێکی جێگرەوەی کامڵ یان جیهانێکی بێخەوش (پێرفێکت ) . من لەگەڵ چەند  سەرۆکێکی ئەمریکا کارم کردوە . ئەوان دێن و دەڕۆن، بەڵام سیاسەت لە هەموو کاتێکدا وەک خۆی دەمێنێتەوە. دەزانی بۆ؟ بەهۆی بیرۆکراسی بەهێزەوە لە ئەمەریکا. کاتێک کەسێک هەڵدەبژێردرێت لەوانەیە هەندێک بیرۆکەی هەبێت. پاشان کەسانێک بە جانتاوە دێن، قات و بۆینباخی جوانیان لەبەردایە، هەر وەک ئەوەی من - جگە لە بۆینباخە سورەکە - ئەوان هی ڕەش یان شینێکی مەیلەوتۆخ لەبەر دەکەن . ئەمانە ڕوونکردنەوە ئەدەن بە سەرۆکی تازە هەڵبژیراو لەسەر چۆنیەتی ئەنجامدانی کارەکان . ئیتر یەکسەر هەموو شتێک دەگۆڕێت . من ئەمە ناڵێم بۆ پێکەنین ، یان بڵێم سەرۆکەکان نایانەوێت گۆڕانکاری بکەن ، بەڵکو ئەڵیم کە گۆڕانکاری کارێکی قورسە لە ئەمەریکا . بۆ نمونە ئۆباما پیاوێکی تێگەیشتوو، لیبڕاڵ، دیموکراتە. لەبیرتانە کە پێش هەڵبژاردن بەڵێنی دا گوانتانامۆ دابخات؟ من ناڵێم نەیویستوە ، دڵنیام لە دڵەوە ویستویەتی، بەڵام سەرکەتوو نەبوو چونکە کارەکە زۆر ئاڵۆزە . ئەمە ئاماژەیە بۆ سەختی و چۆنیەتی بڕیاردان لە ئەمەریکا . 
هەروەها جەیمس جێفری کە لەمانگی یەکی ٢٠١٩ جێگەی برێت مەکگۆرکی گرتەوە وەک نوێنەری ئەمریکا بۆ سەرکردایەتی و هەماهەنگی پەیوەندییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ هاوپەیمانی جیهانی بۆ شکستپێهێنان بە داعش و هەروەها بۆ هەماهەنگی نێوان وەزارەتی بەرگری و دەرەوە و زانیاری بە مەبەستی جێبەجێکردنی بریاری سەرۆک ترامپ سەبارەت بە کشانەوەی بەرپرسیارانەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا . جێفری پاشان دانی بەوەدانا کە خۆی و تیمەکەی بە شێوەیەکی زیرەکانە سەرکردە باڵاکانی واشنتۆنیان بەلاڕێدا بردووە سەبارەت بە ژمارە و ئاستی بوونی سوپای ئەمەریکا لە سوریا . 
جێفری لە چاوپێکەوتنێکدا وتی: 
کارەکان و ڕاپۆرتەکانی ئێمە هەمیشە توێکڵداربوو بۆ ئەوەی بۆسەرکردایەتیەکەمان ڕوون نەکەینەوە چەند سەربازمان لە سوریا هەبووە. ژمارەی ڕاستەقینەی سەربازەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا زۆر زیاتر بوو لەو نزیکەی چەند سەد سەربازەی کە ترەمپ سەرەتا ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر کشانەوەیان لە ساڵی ٢٠١٩.
 جێفری ووتی : کشانەوەی چی ؟ هەرگیز کشانەوە لە سوریا نەبووە . من ئەزانم دوای ئەوەی داعشمان تێکشکاند دۆخی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا تاڕادەیەک سەقامگیر بوو ، ئەوکاتە سەرۆک ترەمپ مەیلی ئەوەی هەبوو کە بکشێتەوە. بەڵام دواتر بڕیارماندا  لە پێنج خاڵدا بۆی روونبکەینەوە کە بۆچی پێویستە لە سوریا بمێنینەوە . هەرچەندە دەرنجام ترەمپ ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر هێشتنەوەی  200 بۆ 400 سەربازی ئەمریکی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا ، بەڵام کە ترەمپ و تیمەکەی ئارەزووی کۆتاییهێنانی هەبوو بۆ ئەو شتەی کە پێی دەوترێت “جەنگی هەتا هەتایی لە سوریا ، ئێمە ژمارە راستەقینەکەمان بە نادیاری هێشتەوە . ئیتر ئەمە بوو چیرۆکی کشانەوەکە.  
بۆ ئەوەی باشتر رونیبکەینەوە باشترە کەمێک قوڵبینەوە لەسەر بونی بنکەی ئەمەریکا لە جیهاندا وباسێکی کورتی میژویی کۆلۆنیالیزم و رەوانەکردنی هێزی ئەمەریکی  بۆ دەرەوەی وولات بکەین  :
بەدرێژایی مێژوو سەرکەدەکانی رۆژئاوا چرای ئازادی و یەکسانینان بەرزکردتۆتەوە لەسەر بنجینەی ئەخلاق و دیمۆکراسی وئەڵێن  هەموو شتێک ئەکەن لەپێناوی چاکەی گەورەتر لەژێر ناوو رەحمی خودا . بەڵام مێژوو شتێکی ترمان پێدەڵێت . 
رۆمەکان و ئیمپراتۆرەکەیان و شارستانیەکەیان بریتی بوو لە داگیرکاری و داگیرکردنی خاکی تر و بەکۆیلەکردنی گەلانی تر . فراوانبوونی کۆلۆنیالیزم واتە داگیرکردنی خاکی زیاتر و کۆیلەی زۆرتر . ئیتر لە کۆنفرانسی بەرلین لە ١٨٨٥ دەوڵەتە ئەوروپیەکان دانیشتن و ئەفەریقایان لەنیوان خۆیاندا دابەشکرد و برسێتی و کۆیلەیی زیاتربوو .



پاشان ململانێ لەسەر خاک و کۆیلە و سامان تەشەنەی سەند و جەنگی جیهانی یەکەم رویدا و نزیکەی ١٦ ملیۆن کەس بوو بە قوربانی . هەر لەو کاتەدا لەرێکەوتنی نیوان مارک سایکس و فرانسیس جۆرج پیکۆت لە ١٩١٦ سنورەکانی رۆژهەلاتی ناوەراست کێشرا و چارەنوسی ملیۆنان کەس دیاریکرا . 



بەڵام ئەمەش دادی نەدان هەتا بیست ساڵ دواتر جەنگێکی گەورەتریان هەڵگیرساند و ئەمجارە ٦٠ ملیۆن کەس کوژرا . لەگەڵ خۆبەدەستەوەدانی ئەڵمانیا و لەکۆبونەوەی نیوان جەرچل و ستالین و هاری ترومان لە هاوینی ١٩٤٥ بۆ بریاردان لەسەر سنورەکانی ئەوروپا ، ستالین ووتی: ئێمە - سێ گەورەکە - بریار ئەدەین لەسەر چآرەنوسی ئەوانیتر.  



دەرەنجام ململانێی زیاتر لەسەر داگیرکاری خاک و خەڵک - کارەکە پێچەوانە بوەوە لە سەرەتای جەنگی ساردەوە کە ناتۆ پێهات لە ١٩٤٩ وەکو دامەزراوەیەک لە دژی مافی چارەی خۆنوسین (کە لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم  ویڵسن ی سەرۆکی ئەمەریا لە ١٤ خالدا بریاری لەسەردابوو) . ئیتر پیکهێنانی ناتۆ بوو بە سەرەتای هێنانەپێشەوە و پشتیوانی لە دیکتاتۆرەکان لە ئاسیا و رۆژهەلاتی ناوەراست و باشوری ئەمەریکا و دەستوەردان لە کاروباری دەوڵەتانی تر زیادیکرد و بوو هێشتنەوەی رژێمە دیکتاتۆرەکان بۆ نزیکەی  پەنجا ساڵ . تەنها لە ئەمەریکای باشور سوپای ئەمەریکا ٥٦ داگیرکاری ئەنجامدا لە بەرژەوەندی دەسەڵاتە دیکتاتۆریەتەکان . ئیتر ناردنی سوپا بۆ دەرەوەی ووڵات و دامەزراندنی بنکەی سەربازی لە جیهان هەر لە زیادبوندا بوو . هەر لە ٢٠١٥ ئەمەریکا نزیکەی ٨٠٠ بنکەی لە ٦٣ دەولەتدا هەبوو . بەپێی ووتەی پرۆفیسۆر دەڤید ڤاین David Vine   کە نوسەری کتێبی (دەوڵەتی بنکە : چۆن بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە دەرەوەی وڵات زیان بە ئەمریکا و جیهان دەگەیەنن)  قسە بۆ رۆژنامە نووس ئەبی مارتین Abby Martin   دەکات ئەڵێت : هەتا پەنتاگۆنیش بە ووردی نازانێت سوپا چەند بنکەی سەربازی هەیە لە جیهاندا . دەڤید لە کتێبێکیدا ئەڵێت بونی بنکەی عەسکەری ئەمەریکا لەدەرەوە لە سەردەمی جەنگی ساردا دەستی پێکردوە ، بەلام  لەدوای جەنگی ساردەوە بوونی ئەو بنکانە لە دەرەوە ی ئەمەریکا سودی نیە بۆ ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا . 
سمێدلی باتلەر کە جەنەڕاڵێکی خانەنشینکراوی هێزی دەریایی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بووە و دوو جار میدالیای ڕێزلێنانی وەرگرتووە، کتێبێکی نوسیوە  کە تێیدا گومانی لە پاڵنەرەکانی ئیمپریالیستی بۆ سیاسەتی دەرەوە و جەنگەکانی ئەمریکا هەیە . کتێبەکەی لەسەر بنەمای ئەزموونی سەربازی خۆی باس لەوە دەکات کە چۆن کۆمپانیا بازرگانییەکان سوود لە جەنگ وەردەگرن . لە کتێبەکەدا باتلەر ڕۆڵی خۆی وەک سەربازێک وەسف دەکات کە تەنها بوکەڵەیەک بوە بۆ بەرژەوەندیی بازرگانییە گەورەکان .
باتلەر دەڵێت : جەنگ تەنها لەسەر شانی زۆرینەیە ومقاشێکە بۆ بەرژەوەندی کەمینە . من لە پلەی ملازم هەتا جەنەراڵ بۆ بەهێزبوونی ماسولکەی بزنسمانەکان لە واڵسترییت و بانکەکان کارمکردوە . بەکورتی من بوكەڵە بووم بۆ کاپیتالیزم ، جەنگاوم  لە مەکسیک بۆ پاراستنی ئاسایشی کۆمپانیانی نەوت و لە نیکاراگوا و هیتی و کوبا بۆ بانکەکان و لە ئەمەریکای ناوەراست بۆ واڵسترییت . 
 
دامەزراوەی The Government Accountability Office دەڵێت لە ٢٠٠٨  دا  ٢٤٣٥ جەنەراڵی خانەنشین بۆ  ٥٢ کۆمپانیای بەڵێندەری بەرگری کاردەکەن ، هەروەها لە سەدا ٧٠ی جەنەراڵە خانەنشینەکانی نیوان سالانی ٢٠٠٨ – ٢٠١١ لە پیشەسازی بەرگری کارئەکەن . بۆیە لۆبی بۆ جەنگ بەردەوام لە زیادبوندایە . جەنگیش پیویستی بە بنکەی سەربازی زیاترە لە هەموو شوێنێکی جیهان .
لەوانەیە دوای چەندین نەوە راستی و دروستی کارەساتی ١١ی ٩ دەرەکەوێت کە ئەمەریکا جەنگێکی سەرتاسەری لەسەر بەرپاکرد دژی هەڕەشەی تیرۆریستی جیهانی.  ئەو کاتە ووتیان باشترین بەرگری لە کاری تیرۆرستی بریتیە لە داگیرکردنی ئەفگانستان . 
جاریکیان جۆرج بوش ووتی : ئێمە باشترین سوپامان هەیە و لە تواناماندایە هەر شوینیک داگیربکەین و بڕیار لەسەر چارەنوسی هەر حکومەتێک بدەین . دوای ١١ ی ٩ ووتەیەک دزەیکرد کە بۆش وتویەتی کە لە بەرنامەدایە هەتا ٢٠١١  حکومەتی حەوت دەولەت بروخێنن : عیراق، سوریا ، لبنان،  سودان ، سۆمال ، لیبیا ، و پاشان ئێران .    
جەنگی ئەفگانستان و عیراق نامەی هەرەشەبوو بۆ جیهان کە ئەگەر گوێرایەڵ نەبن ئەوا توشی ماڵوێرانی ئەبنەوە . 
لەبەر ڕۆشنایی ئەم هەموو راستیانە، هیچ بیانویەک نیە بۆ دژایەتی ئەمەریکا وهاوپەیمانەکانی یان دەرکردنی سوپاکەیان ، چونکە ئەوانەی دژایەتیان کردوە ماڵوێرانی زیاتریان هیناوە بۆ میلەتەکانیان .