باڵى كوڕانى نه‌وشیروان مسته‌فا ڕاگه‌یه‌نراوێكى بڵاوكرده‌وه‌

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 14255 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئاراستەکەی کوڕانی نەوشیروان مستەفا لەجڤاتی نیشتمانی بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ڕاگه‌یه‌نراوێكى بڵاوكرده‌وه‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان، گردی زەرگەتەیە"، ده‌شڵێت:"سەرەڕای ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاری بەشداریکردن یان نەکردنی لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەداوە، جڤاتی نیشتیمانی هەڵبژێردراو بەرپرسیارێتی ئەمری واقیع هەڵناگرێ".


ئه‌مڕۆ شەممە جڤاتی نیشتیمانیی هەڵبژێردراوی بزوتنەوەی گۆڕان (ئاراسته‌ى كوڕانى نه‌وشیروان مسته‌فا) لەڕاگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوەدەکات، "جڤاتی نیشتیمانیی هەڵبژێردراو بەرپرسیارێتیی ئەمری واقیع هەڵناگرێ".

جڤاتەکە نوسیویه‌تى:"جڤاتی نیشتیمانیی هەڵبژێردراو کۆبونەوەی نائاسایی لەگردی زەرگەتە ئەنجامداوەو چەند بڕیاڕێکی دەرکردوە، لەوانەش، دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەكه‌ بنەمای کاری یاسایی‌و ڕێکخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕانە؛ ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا دایناوە، پێشێلکردنی دەستور ڕەتکراوەیە، هەموو ڕێکارێکی یاسایی‌و سیاسیی دەگرینەبەر بۆ جێبەجێکردنی دەستور".

جه‌ختیشكراوه‌ته‌وه‌، "ژوری هەڵبژاردن بەرپرسیارە لەدیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردنی ڕێکخەری گشتی‌و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن کە دەستوری ناوخۆیی دیاریکردوە لەیەککاتداو بەیەک پاکێج ئەنجامدەدرێت، هەر هەڵبژاردنێک لەژێر هەر ناوێکدا ئەنجامبدرێت، سەرلەبەری نادەستوریی‌و ناقانونی‌و نادیموکراتییە".

دەشڵێت:"کارکردنی جڤاتی نیشتیمانی لەسەر بنەمای دەستورو بەرنامەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕانە، دەرگای دڵ‌و ماڵی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەموو گۆڕانخوازان کراوە بۆ کاری پێکەوەیی پاڵپشت بەدەستوری ناوخۆ".

ئه‌وه‌ش هاتوه‌، "سەرەڕای ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاری بەشداریکردن یان بەشدارینەکردنی لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی نەداوە، جڤاتی نیشتیمانیی هەڵبژێردراو بەرپرسیارێتیی ئەمری واقیع هەڵناگرێ، ئاشکرایە کاندیدەکانی لیستی (114)ی بزوتنەوەی گۆڕان هاوڕێ‌و هاوسەنگەرو هەڵسوڕاوی دیاری ئێمەن، بۆیە پشتیوان‌و هاوکاریان دەبین بۆ سەرکەوتنیان".