شارپرێس:
دوای چوار ڕۆژ لەهێرشە موشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، ئەنجومەنی وەزیرانی سیاسیو سەربازیی ئیسرائیل بڕیاریدا وەڵامی هێرشەکانی ئێران بداتەوە، میدیاى فهرمى ئیسرائیلیش وردهكاریىو زانیاریى زیاتر سهبارهت بهوهڵامى وڵاتهكهیان بۆسهر ئێران ئاشكرادهكهن.
کەناڵی 13ی ئیسرائیل بڵاویکردوەتەوە، ئەنجومەنی وەزیرانی سیاسییو سەربازیی ئهو وڵاته لەبارەی چۆنێتی وەڵامدانەوەی ئێران کۆبوەتەوەو بڕیاری فەرمیشی لەسەر وەڵامدانەوەکە دەرکردوە، بەڵام بەوتەی گەورە بەرپرسانی تهلئهبیب، کە ئاگاداری وردەکارییەکانی پلانی وەڵامدانەوەکەی ئێرانن، گوایە حکومەتی ئیسرائیل دەیەوێت بەشێوازێک کۆتایی بەوەڵامدانەوەی ئێران بهێنێت کە لەداهاتویەکی نزیکدا نەبێتە هۆی سەرهەڵدانی شەڕو پێکدادان، یان بەردەوامبونی وەڵامدانەوەی هێرشەکانی سەری یەکتری.
كهناڵهكه لەزاری بەرپرسێکی باڵای وڵاتەکەیهوه ئاشكرایكردوه، ئیسرائیل دەیەوێت ئۆپهراسیۆنێکی گەورە لەدژی ئێران بکات، بەڵام ڕێگەیەکیان ناوێت پەلکێشی جەنگێکی تەواویان بکات، هەرچەندە ئاماژەکان بەو ئاراستەیە کە کاتی وەڵامدانەوەی ئێرانیان دیارینەکردوە، هەروا بەپێویستی نازانن بەمنزیکانە وەڵامدانەوەکە جێبەجێبکەن، بەڵام لەئاستی سیاسییدا کار لەسەر دیاریکردنی وادەیەکی گونجاو دەکەن.
بەوتەی بەرپرسە باڵاکەی ئیسرائیل، ئەگەر هەیە دوای ئۆپهراسیۆنی زەمینی لەلوبنان، کاتێکی گونجاو بۆ وەڵامدانەوەی ئێران دیارییبکرێت.
لهوبارهیهوه جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لەکۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئیسرائیل مافی خۆیەتی وەڵامی هێرشەکەی ئێران بداتەوە، بەڵام تائێستا لەبارەی چۆنێتی وەڵامدانەوەی هێرشە موشەکییەکە، خۆی یەکلانەکردوەتەوە.
وتیشی:"ئەگەر لەجێگەی ئیسرائیل بم، لەبری دامەزراوە نەوتییەکانی ئێران، هەوڵی بژاردەیەکی دیکەی دەدەم بۆ ئەوەی هێرشی بکەمە سەر".
سهرۆكى ئهمریكا زانیاریى ئهوهشى ئاشكراكرد، ئهوان وهكو ئهمریكا پلانیان هەیە سزای زیاتر بەسەر كۆمارى ئیسلامى ئێراندا بسەپێنن.
ڕۆژى 1ى ئهم مانگه، ئێران بەهەڵدانی زیاتر له 200 موشەکی بالیستی (هایپهر سۆنیك ـ واته موشهكى خێراتر لهدهنگ) هێرشیکردەسەر ئیسرائیلو ڕایگەیاند، هێرشەکە لەتۆڵەی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماسو حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان بوە.