نهێنی کارکردنی ئەردۆغان لەبەرژەوەندی ئیسرائیل ئاشکرابوو

ڕاپۆرت

23 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3805 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 

رۆژنامەی زەمانی تورکی لەراپۆرتێکدا شیکارییەکی بۆ پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل لە ڕێگەی سیاسەتەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کردووە و تێیدا باسی لەوەکردووە کە دژبەرییەکی گەورە لە نێوان لێدوانی گشتیی و سیاسەتە ڕاستەقینەکانی سەرۆکی تورکیادا بەرانبەر بە ئیسرائیل هەیە، بەشێوەیەک هەرچەندە ئەردۆغان لێدوانی دژە ئیسرائیل بۆ ڕای گشتیی دەدات، بەڵام کردەوە و سیاسەتە ئابووریی و ئەمنییەکانی ئاماژەیە بۆ هاوکاری نزیکی نێوان هەردوو وڵات.

راپۆرتەکە ئەو بوارانەی ئاشکراکردووە کە تورکیا لەڕێگایەوە توانیویەتی خزمەتێکی گەورە بە ئیسرائیل بکات و نەیارەکانی ئەو وڵاتە لاواز بکات، ئەوانیش:

ئەو سیاسەتانەی کە زیانیان بە نەیارانی ئیسرائیل گەیاند
 دەستێوەردانی تورکیا لە سوریا، چ لە ڕێگەی پشتیوانیی لە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان بێت یان دەستێوەردانی سەربازیی ڕاستەوخۆ، بەشداری کردووە لە لاوازکردنی ڕژێمی سوریا و هاوپەیمانەکانی، کە ئەمەش بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە بەرژەوەندی ئیسرائیلدا بووە. تێکچوونی سەقامگیریی لە سووریا، هەڕەشە ڕاستەوخۆکان بۆ سەر ئیسرائیل لە باکوورەوە کەم دەکاتەوە.

هاوکاریی لە بواری وزە
 تورکیا ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە ئاسایشی ئیسرائیلدا بە دابینکردنی نەوتی ئازەربایجان و هەرێمی کوردستان و هەندێکجاریش لە نەوتی سوریاوە. هەرچەندە تورکیا رایدەگەیەنێت کە پشتیوانیی حەماس دەکات، بەڵام پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل بەهێز ماوەتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی بەرژەوەندییە ئابوورییەکان جیاوازییە سیاسییە ئاشکراکان تێدەپەڕێنن.

نزیکبوونەوەی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست
سیاسەتی دوژمنکارانەی تورکیا بەرامبەر یۆنان و قوبرس وای لە ئیسرائیل کرد پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتانە بەهێزتر بکات. ئەم لێکنزیکبوونەوەیە رۆڵی هەبوو لە دامەزراندنی پلاتفۆرمی گازیی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست کە تورکیا بێلایەن دەکات و کاریگەریی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا بە تایبەت لە بواری وزەدا بەرز دەکاتەوە.

کڕینی سیستەمی ئێس 400ی ڕووسی
 کڕینی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئێس 400ی ڕووسی لەلایەن تورکیاوە بووە هۆی ئەوەی کە لە بەرنامەی بەرهەمهێنانی  فڕۆکەی جەنگی ئێف 35 دوور بخرێتەوە، ئەمەش سوودێکی چۆنایەتی بە ئیسرائیل بەخشی لە ناوچەکەدا بەو پێیەی تاکە وڵاتە خاوەنی ئەم فڕۆکە جەنگییە پێشکەوتووانەیە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و باڵادەستی ئاسمانیی بەو وڵاتە بەخشی.

پەیوەندییە ئابورییە گەشەسەندووەکان
 سەرەڕای ڕووداوی کەشتیی ماڤی مەڕمەڕە لە ساڵی 2010 کە بووە هۆی دروستبوونی گرژیی دیپلۆماسیی لە نێوان هەردوو وڵات، بەڵام پەیوەندییە بازرگانییەکان کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر نەبوو. بەپێچەوانەوە ماوەی ساڵانی 2010 تا 2022 گەشەیەکی بەرچاوی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل بەخۆیەوە بینی، بەو پێیەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیان 3.5 هێندە زیادی کردووە.

لۆبی جولەکەکان لە ئەمریکا
 سەرەڕای ئەو قسە و باسانەی دژ بە ئیسرائیل دەکرێت، ئەردۆغان لە کاتی سەردانەکانیدا بەردەوام لە هەوڵی بەدەستهێنانی پشتیوانیی لۆبی جولەکەکان لە ئەمریکا بووە، ئەمەش دژایەتییەک لە نێوان لێدوانی گشتیی و سیاسەتە ڕاستەقینەکاندا نیشان دەدات.

رۆژنامەکە باسی لەوەکردووە، ئەم شیکارییە ئەوە دەردەخات کە پەیوەندییەکانی تورکیا و ئیسرائیل سروشتێکی ئاڵۆزیان هەیە، سەرەڕای گرژییە دیپلۆماسییە ئاشکراکان، ئەو پەیوەدنییە لە دەوری بەرژەوەندییە ستراتیژی و ئابوورییەکان سەنتەری گرتووە. مەرج نییە خیتابەکانی ئەردۆغان ئاوێنەیەکی وردی سیاسەتە ڕاستەقینەکان بێت، ئەمەش گرنگیی تێگەیشتن لەم دینامیکیانە لە شیکردنەوەی پەیوەندییە ناوچەییەکان بەهێزتر دەکات.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی

بەپەلە