لەنێوان مووشەکەکانی ئێران و هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل کامیان وێرانکەرترن؟

جیهان

17 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1330 جار خوێندراوه‌ته‌وه



قسەکردن لەسەر بەراوردکردنی راددەی مەترسیداری و وێرانکەری مووشەکەکانی  ئێران و فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل پەیوەستە بە چەند هۆکارێکی ئاڵۆزەوە کە پەیوەندییان بە تەکنەلۆجیا، تاکتیک، توانا سەربازییەکان و کاریگەریی کردەیی هەریەکەیانەوە هەیە.

مووشەکەکانی ئێران:
ئێران جبەخانەیەکی گەورەی مووشەکیی پەرەپێداوە کە بریتین لە مووشەکی بالیستیکی دوور مەودای وەک شەهاب-3و سێجیل و مووشەکی خێرای وەک فەتاح-2 کە پێنج هێندە خێراترە لە خێرایی دەنگ. ئەم مووشەکانە دەتوانن لە ماوەی چەند خولەکێکدا بگەنە ئامانجەکانی ئیسرائیل، هەروەها کڵاوەی جەنگیی گەورەیان تێدایە، ئەمەش وایکردووە ببنە چەکێکی کوشندە کە توانای تێپەڕاندنی هەندێک سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی هەبێت. 

ئێران پشت بە توانای مووشەکیی خۆی دەبەستێت بۆ قەرەبووکردنەوەی باڵادەستیی ئاسمانیی ئیسرائیل، هەروەک مووشەکەکانی بە ئامرازێکی بەهێز بۆ ڕێگریکردن و هێرشی دوور مەودا دەزانێت. لەدیارترین مووشەکەکانی ئێران بریتیین لە:

"شەهاب-3": لە ساڵی 2003 لەلایەن ئێرانەوە پەرەی پێدراوە و مەودای 1300 کیلۆمەتری هەیە و بەکڵاوەی جەنگیی بە کێشی 1200 کیلۆگرام تەیار کراوە.

"خیبەر شێکان": مەودای 1450 کیلۆمەتری هەیە و دەتوانێت کڵاوەی جەنگیی هەڵبگرێت کە کێشی 650 کیلۆگرامە.

"قەدر-110": مەودای تا دوو هەزار کیلۆمەتر هەیە و کڵاوەی جەنگیی بە کێشی 800 کیلۆگرام تەیار کراوە.

“سێجیل”: مەودای 4000 کیلۆمەتری هەیە و دەتوانێت کڵاوەیەکی جەنگیی هەڵبگرێت کە کێشی 700 کیلۆگرامە.

"هورمەشار-4": مەودای دوو هەزار کیلۆمەتر.

“عیماد”: مەودای 1700 کم.

"باڤی": مەودای 1650 کم.

"حاج قاسم": مەودای 1400 کم.

"دێسفول": مەودای 1000 کم.

فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل:
ئیسرائیل بە پلەی یەکەم پشت بە هێزی ئاسمانیی دەبەستێت، و خاوەنی هێزێکی ئاسمانیی پێشکەوتووە کە فڕۆکەی نەوەی چوارەم و پێنجەمی وەک F-35 و F-15 و F-16 شەبەح  لەخۆدەگرێت ئەمەش توانایەکی گەورەی پێدەبەخشێت بۆ ئەنجامدانی هێرشی ورد و  لێدانی قووڵ بۆ سەر ئامانجە دوور و پارێزراوەکان، تەنانەت لەو ناوچانەی کە بە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی پارێزراون. 

فڕۆکە ئیسرائیلییەکان بە تەکنەلۆژیای مۆدێرن تەیارکراون بۆ خۆدزینەوە لە ڕادار و لێدانی ڕاستەوخۆ بە وردییەکی بەرز، ئەمەش توانایەکی بەرزیان پێدەبەخشێت بۆ ئامانجکردن و دیارنەمان.

بەراوردکردن:
ئێران پشت بە هێرشی مووشەکیی دوور مەودا دەبەستێت، موشەکەکانیش بەهۆی خێرایی و توانای مانۆڕکردنەوە توانای خۆدەربازکردن لە هەندێک سیستەمی بەرگریی مۆدێرنیان هەیە.

ئیسرائیل پشت بە باڵادەستی ئاسمانیی و توانای ئەنجامدانی لێدانی ورد دەبەستێت بە بەکارهێنانی فڕۆکەی شەبەح کە بە ئاسانیی دەستنیشان ناکرێت، هەروەک باڵادەستیی چۆنایەتی لە ڕووی تەکنەلۆژیای ئاسمانییەوە هەیە.

لە کۆتاییدا، ئەستەمە بە شێوەیەکی ڕەها دیاری بکرێت کە کامیان "کوشندەترە"، چونکە ئەوە پەیوەستە بە بارودۆخی مەیدانییەوە. مووشەکەکانی ئێران توانایەکی گەورە بۆ لێدانی لەناکاوی دوور مەودا دابین دەکەن، لە کاتێکدا فڕۆکە ئیسرائیلییەکان نەرمی و باڵادەستی لە لێدانی ورد و ئۆپەراسیۆنی پێشوەختەدا دابین دەکەن.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی

بەپەلە