ستامەر.. لە فرۆشتنی ئایسکرێمەوە بۆ سەرۆك وەزیرانی یەکێك لە بەهێزترین وڵاتەکانی ئەوروپا

جیهان

05/07/2024‌ 1460 جار خوێندراوه‌ته‌وه


پارتی کاری بەریتانیا لەدوای 14 ساڵ پارتی پارێزگارانی حکومڕانی لە دەسەڵات دوورخستەوە و زۆرینەی پەرلەمانیی بەدەستهێنا، بۆ پێکهێنانی حکومەت پارت و هاوپەیمانێتییەکان پێویستیان بە 326 کورسیی پەرلەمانی هەیە، پارتی کار زۆر لەوە زیاتری بەدەستهناوە. 
 
پارتی کار کە حزبێکی ئۆپۆزیسیۆنە 412 کورسی بەدەستهێناوە، بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوو 211 کورسیی زیادکردووە، پارتی پارێزگاران کە پارتێکی حکومڕانە 121 کورسی بەدەستهێناوە،  بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوو 250 کورسیی لەدەستداوە. 

بەڵام لە پشت سەرکەوتنی پارتی کار پیاوێك هەیە بەناوی کیەر ستامەر، سەرۆکی پارتی کاری بەریتانیا، کەواتە ستامەر کێیە کە دەبێتە سەرۆك وەزیرانی نوێی بەریتانیا؟
 
ستامەر ساڵی 1962 لەشاری لەندەن لە دایکبووە، بەخۆیەوە خێزانەکەی چوار ئەندام بوون، باوکیان لە کارگەیەکدا ئیشی کردووە و دایکی پەرستار بووە و ستامەر لە خێزانێکی هەژاردا گەورەبووە.

یاسای لە زانکۆی لیدز و ئۆکسفۆرد خوێندووە، دواتریش وەك پارێزەر لەکاروباری مافی مرۆڤ کاریکردووە و لەو ماوەیەدا کاریکردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لە سێدارەدان لە وڵاتانی ئەفریقا و دورگەی کارییبی.

ساڵی 2008 بووەتە سەرۆکی فەرمانگەی داواکاری گشتی لە بەریتانیا، دواتر و لە ساڵی 2015 گەیشتووەتە پەرلەمانی بەریتانیا و لە کەرتی هۆلبۆرن و سانت بانکراس بووەتە پەرلەمانتار.

ستامەر دژی دەرچوونی وڵاتەکەی بووە لە یەکێتی ئەوروپا، لەو پێناوەشدا کاریکردووە دووبارە ڕیفراندۆم بکرێتەوە و ئەو بڕیارە هەڵوەشێتەوە. ساڵی 2019 دوای شکستی پارتی کار لە هەڵبژاردنی گشتی بەریتانیا، ستامەر لە شوێنی جێرمی کۆربین بووە سەرۆکی پارتی کار.

پارتی کار لە سەردەمی کۆربین دووچاری باڵباڵێن بوو، بەڵام ستامەر لەگەڵ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی حزبەکەی، هەوڵی یەکخستنەوەی دان. گەیشتە ئەوەی ئەندامێتیی سەرۆک پێشووی حزبەکەی هەڵپەسارد.

ستامەر بۆ دەوڵەمەندەکانی بەریتانیا مایەی سەرئێشەیە، چونکە وەك خۆی دەڵێت حکومەتێکی خزمەتگووزار پێکدەهێنێت و باج و ڕسومات لەسەر خوێندنگە تایبەتەکان و دەوڵەمەندەکان زیاد دەکات.

ستامەر لە لایەنگرە سەرسەختەکانی "وزەی پاک"ە لە جیهاندا و دەیەوێت ڕێگریی لە گۆڕانی کەشوو هەوا بکات، بۆ ئەو مەبەستەش دەیەوێت ساڵانە بەریتانیا 35 ملیار دۆلار بۆ ئەو بابەتە خەرجبکات.

لە جەنگی ئیسرائیل و حەماس، ستامەر هەڵوێستی توندی هەیە و هەر لە دەستپێکی هێرشەکەی حەماس بۆسەر ئیسرائیل، ستامەر وتی کە تەلئەبیب مافی خۆیەتی بەرگریی لە خۆی بکات و هێرشی پێچەوانە ئەنجامبدات.

ستامەر پێیوایە دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا هەڵە بوو، بۆیە دەڵێت کاردەکات بۆئەوەی زیانە ئابوورییەکانی ئەو هاتنەدەرەوەیە لە سەر بەریتانیەکان کەمبکاتەوە.

میدیای بەریتانی دەڵێت ستامەر "پیاوی قانونە" لە ژیانیدا بێ قانوونیی نەکردووە تەنها کاتێک گەنج بووە، یەک جار بەبێ مۆڵەت ئایسکرێمی فرۆشتووە، لەوکاتەدا پۆلیس دەستگیریدەکات و لەو ڕۆژەوە تا ئێستا ستامەر بێ یاسایی نەکردووە.

ستامەر لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی گاردیان دەڵێت "من ڕقم لە دۆڕانە، هەندێك کەس دۆڕان بە ئاسایی وەردەگرن، بەڵام من لەو کۆمەڵەیە نیم".

لەدوای کارکردن ستامەر کاتەکانی بە تۆپی پێ بەسەر دەبات و هاندەری یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزییە.