نیازى توركیا بۆ داگیركردنى چه‌ند ناوچه‌یه‌كى هه‌رێم ئاشكراده‌كرێت

کوردستان

06/07/2024‌ 18127 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

مه‌ترسیه‌كى گه‌وره‌ى له‌شكركێشى توركیا بۆسه‌ر هه‌رێمى كوردستان ئاشكراده‌كرێت‌و سه‌رچاوه‌یه‌كیش ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "زیاتر لە 300 تانكی سەربازیی‌و زیاتر لەهەزار سەربازی هێناوەتە ناوچەی بەرواری باڵاو لەو ناوچانە مانۆڕی سەربازیی ئەنجامدەدەن"، ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "توركیا به‌نیازه‌ لەناوچەی شیلادزێوە بۆ دێرەلوك، لەدێرەلوكیشەوە بۆبارمەنێ‌و لەوێشەوە بۆكانێ‌ ماسێ‌ پاشان ناوچەی باتیفە هێڵكى دیفاكتۆ دروستبكات‌و ده‌ستبه‌سه‌ر سه‌رجه‌م ئه‌و گوندانه‌دا بگرێت كه‌ له‌و ناوچه‌یه‌ن".


له‌باره‌ى ورده‌كاریى‌و ئامانجى ئۆپراسیۆنه‌ سه‌ربازیه‌كه‌ى توركیا، كامەران عوسمان بەرپرسی دیسكی مافی مرۆڤ لەڕێكخراوی CPTی ئەمەریكی كه‌ چاودێریى له‌شكركێشیه‌كانى ئێران‌و توركیا ده‌كات له‌نێو خاكى هه‌رێم ئاشكرایكردوه‌، “ماوەی زیاتر لە 20 ڕۆژە سوپای توركیا دەستی بەجموجوڵی سەربازی نوێ‌ كردوە، بەجۆرێك زیاتر لە 300 تانكی سەربازیی‌و زیاتر لەهەزار سەربازی هێناوەتە ناوچەی بەرواری باڵاو لەو ناوچانە مانۆڕی سەربازیی ئەنجامدەدەن، بەئاشكرا دەستیان بەجموجوڵی سەربازیی كردوە".

له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى تایبه‌ت له‌سنورى به‌روارى باڵاوه‌ تایبه‌ت به‌شارپرێسى وت:"سوپاى توركیا بەهێلیكۆپتەر هێزێكی زۆری سەربازیی لەسەر چیای شەكیوی برادۆست دابەزاندوەو ئێستا سەرقاڵی دروستكردنی بنكەیەكی سەربازیە لەو ناوچەیە”.

جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌، "ئەم جموجوڵەی سوپای توركیا لەسنوری كانی ماسێ‌‌و بەرواری باڵا، دەستپێكی مانۆڕێكی سەربازییە لەناوچەی گارە، ئامانجیش لەو جموجوڵانەش دروستكردنی هێڵێكە لەناوچەی شیلادزێوە بۆ دێرەلوك، لەدێرەلوكیشەوە بۆ بامەڕنێ‌و لەوێشەوە بۆ كانێ‌ ماسێ‌، پاشان ناوچەی باتیفە، هاوكات، هەموو ئەو گوندو ناوچانەی دەكەونە پشتی ئەو هێڵەوە توركیا بەنیازه‌ دەستیان بەسەردابگرێت‌و بیانكاتە سنورێكی دیفاكتۆ لەنێوان عێراق‌و توركیادا”.

به‌وته‌ى ئه‌و به‌رپرسه‌ى ڕێكخراوى (CPT)، “چەند ڕۆژێكە سوپای توركیا هاتونەتە سنوری چەندین گوندی ئەو سنورەوە وەك گوندەكانی كێستە، چەلكێ‌، ئەرادنە، بادیرێ‌، بورە، سەرەڕۆ دەستیان بەمانۆڕی سەربازیی كردوە بەوهۆیشەوە بەشێكی دانیشتوانی ئەو گوندانە لەترسی ڕوبەڕوبونەوەی سەربازیی ئاژەڵەكانیان هەرزانفرۆشكردوەو لەسنوری پارێزگای دهۆكیش بەهۆی ترس‌و دڵەڕاوكێوە دانیشتوانی چەند گوندێك گوندەكانیان چۆڵكردوە”.