حكومه‌ت له‌باره‌ى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانه‌وه‌ زانیاریى ئاشكراده‌كات

کوردستان

06/07/2024‌ 6482 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئاشكرایده‌كات، سبه‌ینێ له‌هه‌رێمى كوردستان پشوى فه‌رمیه‌و تاقیكردنه‌وه‌كانى پۆلى 12ى ئاماده‌یی ناوه‌ستێت‌و به‌رده‌وامده‌بێت، وه‌زاره‌تى داراییش له‌باره‌ى دابه‌شكردنى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران كه‌ سبه‌ینێ یه‌كه‌م ڕۆژى دابه‌شكردنى موچه‌ى مانگى شه‌شه‌، زانیاریى ئاشكراده‌كات.


فه‌رمانگه‌ى میدیاو زانیاریى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ئاشكرایكردوه‌، سبه‌ینێ یه‌كشه‌ممه‌ 7ى ته‌مموزى 2024، لەسەرجەم دامودەزگا فەرمییەكانی هەرێم، بەبۆنەی سەری ساڵی كۆچییەوە پشوی فەرمیه‌، به‌ڵام تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی بەردەوامدەبن‌و بەهۆی پشوەوە ناوەستن.

جه‌ختیشیكردوه‌ته‌وه‌، ڕۆژی دوشەممە 8ی تەمموزی 2024، دەوامی فەرمی لەسەرجەم دامودەزگا فەرمییەكان دەستپێدەكاتەوە.

سه‌رچاوه‌یه‌كیش له‌وه‌زاره‌تى دارایی حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئاشكرایكردوه‌، ئه‌گه‌رچى سبه‌ینێ پشوى فه‌رمیه‌ له‌عێراق‌و هه‌رێمی كوردستانیش، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى له‌هه‌رێم یه‌كه‌م ڕۆژى دابه‌شكردنى موچه‌ى مانگى شه‌شى فه‌رمانبه‌رانه‌، بانك‌و شوێنه‌ فه‌رمیه‌كانى دابه‌شكردنى موچه‌ ده‌وامیان ده‌بێت‌و دابه‌شكردنى موچه‌ دواناكه‌وێت.

لاى خۆیشیه‌وه‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانکە بازرگانییەکان لەڕاگەیەندراوێکدا ئاشكرایكردوه‌، "لەگەڵ ئەوەی سبەی یەکشەممە 7ی تەمموزی 2024، لەسەرجەم دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم پشوی فەرمییە، بەڵام بەبڕیاری وەزیری دارایی‌و ئابوریی، داوامی سەرجەم ئەو بانکانە دەوامی ئاسایی دەبێت".

لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە، بانکە بازرگانییەکان ئەرکی دابەشکردنی موچەیان لەئەستۆدایە، دابەشکردنی موچە بەگوێره‌ى ئەو خشتەیەی ڕاگەیەنراوە وەک خۆی بەردەوامدەبێت.

دواى ئه‌وه‌ى پێنجشه‌ممه‌ی ڕابردوو بڕی 231 ملیارو 605 ملیۆن‌و 531 هه‌زار دینار وه‌ك تەمویلی شایستەی مانگی حوزەیران(مانگى شه‌ش)ی کەسوکاری شەهیدان‌و ئەنفالکراوان‌و زیندانیانی سیاسی‌و خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان‌و خانەنشینانی شارستانی‌و سەربازیی خرایەسەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی‌و ئابوری لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق، وه‌زاره‌ته‌كه‌ ئاشكرایكرد، ڕۆژى 7ى 7ى 2024، دەست بەدابەشکردنی موچەی ئەو توێژانە دەکرێت.

هه‌روه‌ك وه‌زاره‌تى دارایی هه‌رێم جه‌ختده‌كاته‌وه‌، پشوه‌كه‌ی سبه‌ینێ ئه‌و بانكانه‌ ناگرێته‌وه‌ كه‌ موچه‌ی كەسوکاری شەهیدان‌و ئەنفالکراوان‌و زیندانیانی سیاسی‌و خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان‌و خانەنشینانی شارستانی‌و سەربازیی دابه‌شده‌كه‌ن‌و ده‌رگایان واڵا ده‌بێت بۆ دابه‌شكردنى موچه‌.