بارزانى بۆ پزیشكیان: ئێران دراوسێیەکی گرنگه‌

کوردستان

06/07/2024‌ 5175 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دواى ڕاگه‌یاندنى ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كانى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكایه‌تى ئێران، مه‌سرور بارزانى پیرۆزبایی لەمەسعود پزیشکیان دەکات‌و دەڵێت، "ئێران دراوسێیەکی گرنگی هەرێمی کوردستان‌و عێراقە".


ئه‌مڕۆ شەممە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەپۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) پیرۆزبایی لەمەسعود پزیشکیان کردوه‌ بەبۆنەی هەڵبژاردنی بەسەرۆکی نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

بارزانى له‌و په‌یامه‌یدا نوسیویه‌تى:"ئێران دراوسێیەکی گرنگی هەرێمی کوردستان‌و عێراقە، بەهیوای قوڵکردنەوەی هاوئاهەنگیی نێوانمان لەسەر بنەمای دراوسێیەتی‌و ڕێزو بەرژەوەندیی هاوبەش".

بەیانیی ئەمڕۆ شەممە ئەنجامی کۆتایی گەڕی دوەمی چواردەهەمین خولی هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاگەیەندراو مەسعود پزیشکیان بەنۆیەمین سەرۆک کۆمارى ئه‌و وڵاته‌ هەڵبژێردرا.

به‌گوێره‌ى ئەنجامەکان، ڕێژەی بەشداریی لەگەڕی دوەمی هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆک کۆماریدا 49.8% بوەو ئاژانسی ئیرنا-ش بڵاویکردوه‌تەوە، لەکۆی 30 ملیۆن‌و 530 هەزارو 157 دەنگی سندوقەکانی دەنگدانی دەرەوەو ناوخۆی ئێران، مەسعود پزیشکیان، لەبەرەی چاکسازیخوازەکان بە 16 ملیۆن‌و 384 هەزارو 403 دەنگ بەنۆیەمین سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرا.

مەسعود پزیشکیان کێیە؟
* 29ی ئەیلولی 1954 لەمەهابادى ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان لەدایکبوە.
* دایکی کوردەو باوکی ئازەرییە.
* پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەرییە.
* 2001 – 2005 وەزیری تەندروستی بوە.
* پێنج خول لەسەر یەک پەرلەمانتار بوە.
* 2016 – 2020 جێگری سەرۆکی پەرلەمان بوە.

چواردەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئێران، سێهەمین هەڵبژاردنی پێشوەختەیە ئه‌ویش به‌هۆى گیانله‌ده‌ستدانى ئیبراهیم ڕەئیسی سه‌رۆك كۆماره‌وه‌ کە ڕۆژی 15ی ئایاری 2024 لەڕوداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی لەسنوری پارێزگای تەورێز، لەگەڵ هەشت لەسەرنشینانی دیکەی نێو هێلیکۆپتەرەکە گیانیان سپارد.