عێراق ده‌ستگیركردنى 230 تۆڕی مادە هۆشبەرەکان ڕاده‌گه‌یه‌نێت

عیراق

06/07/2024‌ 185 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، دەستیان بەسەر 230 تۆڕی بازرگانیکردن بەمادە هۆشبەرەکان لەماوەی ئەمساڵدا گرتوە کە 27یان تۆڕی نێودەوڵەتی بون.


میقداد میری وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەمیانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ فەرماندەی پۆلیسی بەسرە ڕایگەیاند، لەماوەی ئەمساڵدا 19 هەزار کەسیان لەسەر دۆسیەی مادە هۆشبەرەکان دەستگیرکردوە کە 150 کەسیان بازرگانیی مادە هۆشبەرەکان بون.

ئاماژەی بەوەشکرد، بڕی ئەو مادە هۆشبەرانەی دەستیان بەسەردا گیراوە نزیکەی دوو تۆن بوە.

سەبارەت بەسەرچاوەی هاتنی مادەی هۆشبەر، مێری وتویەتی:"کاپتاگۆن لەسوریاوە دێت،  کریستاڵ (میتامفیتامین) لەئەفغانستانەوە دێت‌و دواتر لەئێرانەوە بۆ عێراق دێت‌و ئەم دوو هێڵەش لەژێر چاودێریدان".

وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەکۆتایی مانگی ڕابردودا ڕایگەیاند، توانیویانە زۆرێک لەبازرگانییە نێودەوڵەتی‌و ناوخۆییەکانی مادە هۆشبەرەکان دەستگیربکەن‌و ڕەوانەی دادگایان بکەن، ئاماژەی بەوەشکرد، سزای "توند"یان بەسەردا سەپێنراوە.

عێراق کە سنورێکی دورودرێژی لەگەڵ سوریا، ئێران، سعودیەو کوەیت هەیە، وڵاتێکی ترانزێتە بۆ قاچاخچێتی مادە هۆشبەرەکان، لەماوەی چەند ساڵی ڕابردودا بوەتە بازاڕێکی بەناوبانگ بۆ بەکارهێنانیان، بەتایبەتی کاپتاگۆن‌و کریستاڵ میس.

مانگی ئایاری ڕابردوو وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەستبەسەرداگرتنی تۆنێک مادەی هۆشبەرو دەستگیرکردنی شەش هەزار کەسی تۆمەتباری بەتاوانی پەیوەندیدار بەمادە هۆشبەرەکان لەماوەی نیوەی یەکەمی ساڵی 2024 ڕاگەیاند.

هەروەها دەرکردنی سزای لەسێدارەدانی بۆ 70 تاوانباری تاوانی مادە هۆشبەرەکان لەماوەی چەند مانگی ڕابردودا ڕاگەیاند.