هه‌واڵێكى خۆش بۆ خانه‌نشینان.. موچه‌كه‌یان زیاد ده‌كات

کوردستان

03/07/2024‌ 18041 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکۆبونەوەى ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمى كوردستان هاوتاکردنی موچەی خانەنشینانی هەرێم لەگەڵ خانەنشینانى بەغدا پەسندكرا، وته‌بێژى یه‌كێتی خانه‌نشینانى هه‌رێمیش زانیاریى زیاتر له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاشكراده‌كات.


سادق عوسمان وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێم لەلێدوانێکى ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیران لەکۆبونەوەی ئەمڕۆیدا بڕیاریدا موچەی خانەنشینانی هەرێم هاوتای بەغدا بکرێت.

وتیشى:"حکومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریداوه‌ لیستی هاوتاکردنی موچەی خانەنشینانی هەرێم لەگەڵ بەغدا بۆ حکومەتی ناوەند بنێرێت".

به‌وته‌ى سادق عوسمان، "ئەو بڕیارە لەکۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمدا دەرکراوە، ئەوەش دوای ئەوەی لەڕابردودا چەندینجار ئەو داوایەمان پێشکەشی ئەنجومەنەکە کرد".

پێشتریش له‌خولى چواره‌م‌و پێنجه‌مى په‌رله‌مانى كوردستاندا چه‌ند پڕۆژه‌یه‌ك ئاراسته‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم كراوه‌ به‌مه‌به‌ستى زیادكردنى موچەی خانەنشینی لەهەرێم‌و هاوتاكردنى له‌گه‌ڵ عێراقدا، بەجۆرێك هەر خانەنشینێك موچەكەی لە (400) هەزار دینار كەمتر نەبێت، پلە تایبەتییەكان بە (15) ساڵ خزمەت‌و (50) ساڵ تەمەن خانەنشین بكرێن، نەك بەبێ خزمەت‌و ساڵی تەمەن خانەنشین بكرێن‌و هەموو ئەوانەی بەوشێوەیە خانەنشینبونه‌، هەڵبوەشێتەوە.

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، ڕۆژی 22ى 11ى 2022 حکومەتی هەرێمى بەجێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتوی عێراق ژمارە 9ی ساڵی 2014ی پابەندکرد، بەڵام تائێستا بڕیارەکە جێبەجێنەکراوە.
 
وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانیش دەڵێت:"ئەگەر لەهەرێمی کوردستانەوە دۆسێیەکان وەک خۆیان بنێردرێن‌و کێشەی یاسایی نەبێت، بەغدا جێبەجێی دەکات".
 
لەهەرێمی کوردستان نزیکەی 160 هەزار خانەنشینی مەدەنی‌و 70 هەزار خانەنشینی سەربازی هەن؛ کەمترین موچە لەهەرێمی کوردستان 220 هەزار دینارە، لەعێراق 500 هەزار دینارە، جگەلەوەی لەعێراق 100 هەزار دیکەیان بەناوی گرانیی بژێوی پێدەدرێت.

بەپەلە