كۆبونه‌وه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم كۆتاییهات‌و داوایه‌كى به‌په‌له‌ ئاراسته‌ى فه‌رمانبه‌ران كرا

کوردستان

03/07/2024‌ 10105 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئه‌مڕۆ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم به‌بێ ئاماده‌بونى قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران‌و سه‌رۆكى تیمى حكومیی یه‌كێتى له‌حكومه‌تى هه‌رێم به‌ڕێوه‌چوو، دواى كۆتاییهاتنى كۆبونه‌وه‌كه‌ش، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران په‌یامێكى به‌په‌له‌ى ئاراسته‌ى فه‌رمانبه‌ران كردوه‌و ده‌ڵێت:"هه‌رچى زوه‌ فه‌رمانبه‌ران له‌پڕۆژه‌ى هه‌ژمارى من خۆیان تۆماربكه‌ن، چونكه‌ تا كۆتایی ئه‌مساڵ تەواوی موچەخۆرانی هەرێم ده‌بێت تۆماربکرێن".


ئه‌مڕۆ 3ی تەمموزی 2024، بەسەرپەرشتیی وەزیران مەسرور بارزانی سه‌رۆكى ئەنجومەنی وەزیران، حكومه‌تى هەرێمی کوردستان کۆبوەوە، دواى كۆبونه‌وه‌كه‌ش ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم ڕاگه‌یه‌نراوێكى بڵاوكردوه‌ته‌وه‌و ده‌ڵێت، پێشوازیی لەڕونکردنەوەی سەرۆکی دادگای فیدراڵی دەکات سەبارەت بەپرۆسەی بەبانکیکردنی موچەی مووچەخۆرانی هەرێم‌و هاوكات پرسی هاوتاکردنی موچەی خانه‌نشینانی هەرێمی کوردستانیش لەگەڵ خانەنشینانی حکومەتی فیدراڵ تاووتوێدەکات.

له‌و ڕاگه‌یه‌نراوه‌دا هاتوه‌، "لەبڕگەی یەکەمدا ئاوات شێخ وەزیری دارایی، لەڕاپۆرتێکدا بەداتاو زانیاریی بابەتی هاوتاکردنی موچەی خانشینانی هەرێمی لەگەڵ هاوتاکانیان لەحکومەتی فیدراڵ خستوه‌ته‌ڕوو؛ ئەمەش بەگوێره‌ى یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو ژمارە 9ی ساڵی 2014 کارپێکراو لەبەغدا کە یاسای ژمارە 27ی ساڵی 2006ی هەڵوەشاندوەتەوە، هەروەک لەبڕیاری دادگای فیدراڵیدا هاتوەو لەڕاپۆرتی تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی داراییش پێشنیازکراوە کە لەهەرێمیش هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، کار بەیاسای ژمارە 9ی ساڵی 2014 بکرێت بەئاراستەی یەکسانیی لەموچەو ئیمتیازات‌و شایستەی دارایی خانەنشینان کە ژمارەیان لەهەرێم 277 هەزارو 541 کەسن‌و خەرجی کۆی موچەی مانگانەی ئێستایان 122 ملیار دینارە، ئاماژەیدا بەوەی لەهەرێم کەمترین بڕی موچەی خانەنشینی 220 هەزار دینارە، لەکاتێکدا کەمترین موچە لەناوچەکانی دیکەی عێراق 500 هەزار دینارە".

به‌گوێره‌ى ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم هەریەک لەئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران‌و عەبدولحەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی‌و بەدواداچون ڕونکردنەوەی پێویستیان خستوه‌ته‌ڕوو، لاى خۆیه‌وه‌ سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران وردەکاریی جیاوازییەکانی نێوان هەردوو یاسای خانەنشینی کارپێکراو لەهەرێم ژمارە 27ی ساڵی 2006و یاسای خانەنشینی یەکگرتووی فیدراڵ ژمارە 9ی ساڵی 2014ی خستوه‌ته‌ڕوو.

وتویه‌تى:"بەشێوەیەکی گشتی جێبەجێکردنی یاسای ساڵی 2014 لەبەرژەوەندیی خانەنشینانی هەرێمە کە موچەو شایستەکانیان هاوتا دەکات لەگەڵ هاوەڵەکانیان لەحکومەتی فیدراڵ بەتایبەتیش لەڕوی کەمترین بڕی موچەی خانەنشینی لەهەرێم کە لەناوچەکانی دیکەی عێراق کەمترە، ئەمە جگە لەدەرماڵەی بژێویی کە بڕەکەی 100 هەزار دینارەو مانگانە بۆ خانەنشینانی عێراق خەرجدەکرێت سەرباری موچەکانیان، سەرەڕای وەرگرتنی پاداشتی کۆتایی خزمەت لەلایەن خانەنشینان لەحکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای کۆی دوا موچەو دەرماڵە نەک تەنها موچەی بنەڕەتی".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردوه‌، "سەرەڕای ئەمانە، بەجێبەجێکردنی یاسای ساڵی 2014، سەرجەم موچەخۆرانی هەرێم بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بەیەک یاساو مەرج‌و پێوەر، خانەنشیندەکرێن‌و یەک دامەزراوەش بەناوی دەستەی خانەنشینیی نیشتیمانی، تایبەتمەند دەبێت بەخانەنشینی لەسەرجەم بوارەکانی وەزیفەی گشتی (شارستانی‌و سەربازیی‌و پێشمەرگایەتیی‌و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ) کە ئێستا بەگوێرەی یاسای ساڵی 2006 هەریەک لەم پۆستانە یاسای خانەنشینی تایبەت بەخۆیان هەیە.

به‌شێكى دیكه‌ى ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ باسى ئه‌وه‌شیكردوه‌، "ئەنجومەنی وەزیرانى هه‌رێم بڕیاری پەسەندکردنی پێشنیازی وەزارەتی دارایی‌و تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ‌و هەرێمیدا بەیەکخستنی یاسای خانەنشینی لەسەرتاسەری عێراق بەهەرێمی کوردستانیشەوە، لەپێناوی بەرژەوەندیی خانەنشینانی هەرێم‌و هاوتاکردنی موچەکانیان لەگەڵ هاوەڵەکانیان لەحکومەتی فیدراڵ، وەزارەتی دارایی‌و دیوان‌و سکرتاریەتیی ئەنجومەنی وەزیران ڕاسپێردران بۆ ڕێکاری یاسایی‌و ئیداریی پێویست بگرنەبەرو لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ لەپەیوەندیدابن بۆ ئەم مەبەستە، تا سەرجەم پێداویستیە دارایی‌و قانونیەکان تەواوبکرێن‌و لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمیش، وەزارەتی دارایی بەردەوامبێت لەهەنگاوەکانی ئامادەسازیی ڕێکخستنەوەی کەرتی خانەنشینی لەچوارچێوەی یاسای خانەنشینی یەکگرتوی فیدڕاڵیی ژمارە 9ی ساڵی 2014 تا دواتر ڕێکەوتنی پێویستی لەسەر بکرێت لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵیی".

سه‌باره‌ت به‌موچه‌ى مانگی شەشی موچەخۆرانی هەرێم‌و مانگی پێنج‌و شەشی پێشمەرگەو ئاسایش‌و دوا پێشهاتی وردبینی‌و پێداچونەوەی لیستی موچەی هێزەکانی پێشمەرگە لەلایەن تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی هەرێم‌و حکومەتی فیدراڵ، حكومه‌تى هه‌رێم وتویه‌تى:"پێویستە وەزارەتەکان بەردەوامبن لەناردنی لیستی موچەو تەرازوی پێداچونەوەی مانگانە لە 10 ڕۆژی یەکەمی هەموو مانگێک تاوه‌کو هیچ بیانویەک نەمێنێت کە ببێتە هۆی دواخستنی موچەی مانگانەی موچەخۆران‌و جه‌ختیشیكراوه‌ته‌وه‌، بەردەوامبن لەئاسانکاریی بۆ تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی".

ئه‌وه‌ش جه‌ختى له‌سه‌ركراوه‌ته‌وه‌، "هەر لەکۆبونەوەکەدا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پێشوازیی لەڕونکردنەوەی سەرۆکی دادگای فیدراڵی كرد تایبەت بەوەی پرۆسەی بەبانکیکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم لەبانکی حکومەتیی‌و هەموو ئەو بانکانەش کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراق ڕێگەپێدراون‌و لەهەرێم کاردەکەن لەچوارچێوەی پرۆژەی (هەژماری من) لەهەرێمی کوردستان لەژێر چاودێریی‌و ڕێنمایی بانکی ناوەندیی پرۆسەی بەبانکیکردنی پێدانی موچەی هەرێم جێبەجێدەکەن، بەمشێوەیەش موچەخۆرانی هەرێمیش، هاوشێوەی موچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق، ئازادن لەبەبانکیکردنی موچەکانیان لەبانکە حکومی‌و تایبەتەکان کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە ڕێگەپێدراوبن".

له‌كۆتایی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا په‌یامێكى به‌په‌له‌ى بۆ فه‌رمانبه‌ران تێدایه‌و باس له‌وه‌كراوه‌، "ئەنجومەنی وەزیران داوا لەموچەخۆران دەکات ئەوانەی تائێستا پرۆسەی بەبانکیکردنیان لەچوارچێوەی پڕۆژەی (هەژماری من) تەواونەکردوە، لەنزیکترینکاتدا، خۆیان تۆماربکەن بۆ ئەوەی تاکۆتایی ئەمساڵ وەک بڕیارە، تەواوی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تۆماربکرێن".

بەپەلە