شارپرێس:
25ى ئایارى ئهمساڵ ڕیشی سوناک سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، دوای کۆبونەوە لەگەڵ وەزیرانی کابینەکەی، 4ى 7ى 2024ى دیاریكرد بهڕۆژى ههڵبژاردنى گشتى لهوڵاتهكهیدا، بهگوێرهى ڕاپرسییەکانیش، پارتی کرێکاران سەرکەوتنێکی گەورە بەدەستدەهێنێتو کۆتایی بەحکومڕانی 14 ساڵەی پارتی پارێزگارانی دەسەڵات دەهێنێت.
پەرلەمانی بەریتانیا لە 650 کورسی پێکدێتو هەر پارتێک پێویستی بە 326 کورسییە بۆ ئەوەی ببێتە زۆرینەو حکومەت پێکبهێنێت، ڕاگەیاندنو دەستنیشانکردنی ڕۆژی دەنگدانی گشتی بهگوێرهى دهستورى ئهو وڵاته، لەدەسەڵاتی سەرۆک وەزیراندایە.
پارتی پارێزگاران لەساڵی 2010وە پارتی فەرمانڕەوایە، بەڵام دوای بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی خۆجێیی بەریتانیا لەسەرەتای مانگی 5ی ئەمساڵ، پارتی کرێکاران توانیی بازێکی گەورە بداتو پارێزگارانیش چوە پلەی سێیەم.
بهگوێرهى دوایین ڕاپرسی کە لەبەریتانیا کراوە، دەردەکەوێت پارتی کار 39٪ بۆ 49٪ی دەنگەکان بهدهستدەهێنێتو پارتی پارێزگارانیش 18٪ بۆ 28٪ی دهنگەکان دەهێنێت، ئەمەش ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ پارتە گەورەکەی بەریتانیا، هەر بەگوێرەی ڕاپرسییەکە، پارتی چاکسازیی بەریتانیا لەپلەی سێیەمو پارتی لیبراڵ دیموکراتەکانیش لەپلەی چوارەم دێت.
لەهەڵبژاردنەکەی 2ی ئایارى ئهمساڵدا، ڕکابەرییەکە لەسەر نزیکەی دوو هەزارو 600 کورسیی 107 ئەنجومەنی شارەوانییەکانی ئینگلاند، 11 سەرۆکی شارەوانیی ئینگلاند، 25 ئەندامی ئەنجومەنی لەندەنو 37 کۆمسیاری پۆلیسی لەندەنو وەیڵز بوو، پارتی کار بوە یەکەمو پارتی پارێزگارانیش چوە ڕیزبهندی سێیەمو پارتی دیموکراتە لیبراڵەکانیش بۆ یەکەمجار لەدوای ساڵی 2009وە، بوە دوەم ههڵبژاردنهكانى ئهو وڵاته.
سبەینێ هەڵبژاردنی گشتی لەبەریتانیا بەڕێوەدەچێت، پارتی کرێکاران کە پارتی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەیە چانسی سەرکەوتنی زیاتر بوە، دوای ئەوەی لەهەڵبژاردنە خۆجێیەکان شکستی بەپارتی پارێزگارانی دەسەڵاتدار هێناو چاوەڕێدەکات لەهەڵبژاردنەکەی سبەینێشدا بهههمانشێوه سەرکەوتن بەدەستبهێنێتو کۆتایی بەحکومڕانی 14 ساڵەی پارتی پارێزگارانی دەسەڵات بهێنێت.
![](https://images.sharpress.net/root/root/images/13312023_Sharpress.gif)