مه‌ترسیه‌كى گه‌وره‌ ڕوو له‌هه‌رێم ده‌كات‌و عێراقیش بێده‌نگه‌

کوردستان

04/07/2024‌ 12329 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

مه‌ترسیه‌كى گه‌وره‌ له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان هه‌یه‌و حكومه‌ته‌كانى عێراق‌و هه‌رێمیش بێده‌نگییان هه‌ڵبژاردوه‌، به‌رپرسێكى حكومه‌تى هه‌رێم ئاشكرایده‌كات، توركیا به‌درێژایى 50 كیلۆمه‌ترو به‌قوڵایى 30 كیلۆمه‌تر نزیكى هه‌ولێر بوه‌ته‌وه‌، میدیاى توركیاش ئاشكرایكردوه‌، عێراق گڵۆپى سه‌وزى بۆ توركیا هه‌ڵكردوه‌، له‌وباره‌یه‌وه‌ لیژنه‌ى ئاسایش‌و به‌رگریى په‌رله‌مانی عێراق هاته‌ده‌نگ‌و باس له‌بانگهێشتكردنى به‌رپرسه‌ ئه‌منیى‌و سه‌ربازیه‌كانى عێراق ده‌كات بۆ خستنه‌ڕوى زانیاریى له‌وباره‌یه‌وه‌.


میدیاکانی تورکیا باس لەبونی ڕێککەوتنێک لەگەڵ بەغدا دەکەن کە بەگوێره‌ى ئەوە، ڕێگەی پێدەدات بچێتە ناو خاکی عێراقەوەو ناوەندێکی ئۆپەراسیۆن دابمەزرێنێت، بەڵام لیژنەی ئاسایش‌و بەرگریی لەپەرلەمانی عێراق ڕەتیکردەوە ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیەی نێوان هەردوو وڵات هەبێت، هەروەک ناڕەزایی خۆیان له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و ده‌ستدرێژیه‌ سەربازییانە دەربڕیوەو ڕایانگەیاندوە، لەبێدەنگیی حکومەتی عێراق سەبارەت بەدەستدرێژییەکانی تورکیا سەریان سوڕماوە.

بەڵام چاودێرانی کاروباری سیاسیی‌و ئەمنیی بێدەنگی حکومەتی عێراقیان وەک هەڵکردنی "گڵۆپی سەوز" بۆ سەرپێچی‌و فروانخوازییەکانی تورکیا لێکدەدەنەوەو لەکاتێکدا ئەم سەرپێچییانەیان بە"داگیرکاری" وەسفکردوەو ڕەخنەشیان لە"هەڵوێستی ترسنۆکانە عێراق" بەرامبەر دەستدرێژییەکانی تورکیا گرتوە.

عەلاوی نیعمە ئەندامی لیژنەی ئاسایش‌و بەرگری لەپەرلەمانى عێراق لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پێگەی عالەم ئەلجەدیدی عێراقی ڕایگەیاند، بەدڵنیایی عێراق هەر پێشێلکارییەک بۆ سەر سەروەریی‌و خاکی وڵاتەکەی ڕەتدەکاتەوەو ئەوەی تورکیا لەدهۆک‌و لەهەموو شارەکانی تری هەرێمی کوردستان دەیکات بەئاگاداریی‌و ڕەزامەندیی حکومەتی عێراق نییەو چەندجارێکیش بەغدا جەختی لەوەکردوه‌تەوە.

نیعمە لەوبارەیەوە دەڵێت:“بێدەنگیی حکومەتی عێراق سەبارەت بەوەی هێزەکانی تورکیا لەباکوری عێراق دەیکەن، سەیرەو زۆر نیشانەی پرسیار دەوروژێنێت، حکومەتیش دەبێت هەڵوێستی پتەوی هەبێت سەبارەت بەوەی هێزەکانی تورکیا چی دەکەن، بەوپێیەی ئەم بێدەنگییە پاڵنەرێکی گەورەترە بۆ ئەوەی ئەنكەرە بەشێوەیەکی بەرفراوانترو زیاتر بچێتە ناو عێراقەوە".

دەشڵێت، “لیژنەی ئاسایش‌و بەرگریی پەرلەمان کاردەکات بۆ میوانداریکردنی سەرکردە ئەمنیی‌و سەربازیی‌و حکومییەکان بۆ زانینی هۆکاری ئەم بێدەنگییەو چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم هێرشانە، کە نابێت بێدەنگییەکی فەرمیی بێت لەعێراقەوە".

ئەوەش لەکاتێکدایە میدیا تورکییەکان باسیان لەڕێککەوتنێکی تورکیا لەگەڵ عێراق کردوە سەبارەت بەدامەزراندنی ناوەندێک کە میدیاکان ناویان لێناوە “ناوەندی خەباتی هاوبەش‌و ئۆپەراسیۆنی هاوبەش” دژی پارتی کرێکارانی کوردستان (په‌كه‌كه‌)، ڕێککەوتنەکە بریتییە لەدامەزراندنی ناوەندێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش‌و 27 بنکەی پۆلیس لەسەر سنورەکانی تورکیا لەسنوری پارێزگای دهۆک‌و پارێزگای هەولێر، ناوەندی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکە لەناوچەی نێوان هەفتانین‌و زاپ دەبێت.

لای خۆیەوە محه‌مه‌د عەلی حەکیم  توێژەری سیاسیی عێراقی لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پێگەی “عالەم ئەلجدید” جەختی لەوەکردوه‌تەوە، حکومەتی سودانی بێدەنگە لەوەی تورکیا لەدهۆک دەیکات، بەتایبەتیش مەترسییەکە لەوەدایە هاتنەناوەوەکە نزیکبوه‌تەوە لەناوەندی شارەکان‌و ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە بەغدا ئاگاداری ئەو لەشکرکێشییەیەو بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ پێی ڕازیی بوە.

ناوبراو لەدرێژەی قسەکانیدا دەڵێت:"لەبەرژەوەندی عێراقدا نییە بچێتە ناو شەڕێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان، بەتایبەتی کە ئەم حزبە لەلایەن لایەنە سیاسیی‌و چەکدارەکانەوە هاوپەیمانی هەیە، ڕەنگە ئەمە وایکردبێت حکومەتی عێراق لەشکرکێشی تورکیا بەگوێره‌ى ڕێککەوتنێکی ڕانەگەیەندراو قبوڵ بکات، لەترسی کاردانەوەی لایەنە سیاسیی‌و چەکدارییەکان".

لەلایەکی دیکەوە، ئەحمەد شەریفی شرۆڤەکاری ئەمنیی وتویەتی:“ئەوەی لەدهۆک‌و ناوچەکانی دیکە لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە دەگوزەرێت بابەتێکی مەترسیدارو گەورەیەو بەپڕۆسەیەکی سەرەکیی داگیرکردنی شارەکانی عێراق دادەنرێت، هەربۆیە دەبێت عێراق بەخێرایی دەست بەجوڵە بکات‌و ڕێگریی لەو داگیرکارییەی تورکیا بکات‌و ڕێگەنەدات خاکەکەی ببێتە گۆرەپانی ململانێی هەرێمیی‌و نێودەوڵەتیی".

شەریفی رونیکردوه‌تەوە، “هەڵوێستی حکومەتی عێراق زۆر ترسناکەو ئاماژەیە بۆ لاوازی لەڕوبەڕوبونەوەی ئاستەنگە ڕاستەقینەکاندا، ئەوەش خۆدزینەوەیه‌ لەبەرپرسیارێتیی پاراستنی سەروەری عێراق‌و ڕێگریکردن لەمەترسیی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەی".

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ ئیحسان چەلەبی بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان ئاشكرایكردوه‌، "سوپاى تورکیا بەدرێژایى زیاتر لە 50 کیلۆمەتر لەناو خاکى هەرێمى کوردستاندایە، له‌كاتێكدایه‌ هیچ بارەگایەکى پارتى کرێکارانى کوردستان لەسنورەکەیاندا نییە".

وتوشیه‌تى:"بەهۆى لەشکرکێشیى سوپاى تورکیاوە، بەشێکى گوندەکانى سنورى سیدەکان چۆڵکراون‌و دواى کۆبونەوەى لیژنەى باڵا بڕیاردراوە بەڕێگەپێدانى ئەوکەسانەى کارى هەنگەوانى، کشتوکاڵى‌و ئاژەڵدارى دەکەن لەکوێستانەکانى سیدەکان‌و دەرەوەى خاڵەکانى پێشمەرگە".

زانیاریى زیاترى له‌وباره‌یه‌وه‌ خستوه‌ته‌ڕوو ده‌ڵێت:"جیاواز لەساڵانى ڕابردوو، ناسنامەیەک بۆ ئەوکەسانە دروستدەکەین کە سەردانى خاڵەکانى دەرەوەى پێشمەرگە دەکەن، چونكه‌ سوپاى تورکیا بەدرێژایى زیاتر لە 50 کیلۆمەترو بەقوڵایى 30 کیلۆمەتر لەناو خاکى هەرێمى کوردستاندایە لەشارەدێی سیدەکان".

بەپەلە