ئه‌مڕۆ پارێزگاران‌و كرێكاران هه‌موو شت یه‌كلاده‌كه‌نه‌وه‌

جیهان

04/07/2024‌ 1410 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەمڕۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە لەبەریتانیا بەڕێوەدەچێت‌و هەریەکە لەپارتی پارێزگاران کە 14 ساڵە پارتی دەسەڵاتدارەو پارتی کرێکاران بەڕکابەری سەرەکی هەڵبژاردنەکە دادەنرێن، ده‌چنه‌ گه‌ڕێكى دیكه‌ى ململانێیه‌كى به‌هێزه‌وه‌و پارتى كرێكاران ده‌یه‌وێت ئاڵاى 14 ساڵه‌ى پارێزگاران له‌حوكمڕانى بهێنێته‌ خواره‌وه‌.


بەریتانیا، لەچەند ساڵی ڕابردودا بەچەندین قەیران‌و ناسەقامگیرییدا تێپەڕیوەو لەو ماوەیەی پارێزگارەکان لەدەسەڵات بونە پێنج جار سەرۆک وەزیرانیان گۆڕیوە، پێشبینیدەکرێت لەم هەڵبژاردنە پارتی کرێکاران ببێتە پارتی دەسەڵاتدار.

هەڵبژاردنی گشتیی بەریتانیا هەر پێنج ساڵ جارێک بەڕێوەدەچێت، تەمەنی یاسایی دەنگدان لەو شانشینە لە 18 ساڵەوە بەرەو ژورە، پەرلەمانه‌كه‌شى لە 650 کورسی پێکدێت، دەنگدەران لە 650 بازنەی هەڵبژاردن ئینگلاند، سکۆتلاند، وێڵزو ئێرلەندای باکور دەنگ دەدەن بۆ ئەوەی پارتێك بتوانێت بەتەنها حکومەتی داهاتوو پێکبهێنێت، بۆ مسۆگەرکردنی ئەمەش پێویستە یەکێک لەپارتە سیاسییەکان زۆرینە یان لانیکەم 326 کورسی بەدەستبهێنێت.

لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی بەریتانیا 392 پارت تۆمارکراون‌و کێبڕکێیانە، ژمارەی دانیشتوانی بەریتانیا 67 ملیۆن كه‌سه‌، دوایین هەڵبژاردن لەکانونی یەکەمی ساڵی 2019 بەڕێوەچوەو ڕێژەی بەشداریی لە 67.3% بوو، پارتی پارێزگاران کە 14 ساڵە پارتی دەسەڵاتداری بەریتانیایەو پارتێکی ڕاستڕەوە خاوەنی 344 کورسیە.

هەروەها پارتی کرێکاران کە پارتێکی چەپڕەوەو خاوەنی 205 کورسیە، لەم هەڵبژاردنە ڕکابەریی سەرسەختی پارێزگارەکان دەکات، دوای ئەوانیش پارتی سکۆتلاندی نیشتمانییە ئەویش چەپڕەوەو خاوەنی 43 کورسیە.

چەندین بابەت بونەتە جێگەی سەرنجی دەنگدەرانی بەریتانیا، بەگوێرەی ڕاپرسییەکی دامەزراوەی یو گۆڤ، ئابوری لەپلەی یەکەم دێت، تەندروستی لەپلەی دوەم دێت، هەروەها پرسی کۆچبەران‌و پێدانی مافی پەنابەرێتی لەپلەی سێیەمە.

هەر بەگوێرەی ئەو ڕاپرسییە، لەم هەڵبژاردنە 39% بەشداربوان دەنگ بەپارتی کرێکاران‌و 22%ش دەنگ بەپارتی پارێزگاران دەدەن.

 پارتی پارێزگاران لەساڵی 2010وە پارتی فەرمانڕەوایە، بەڵام دوای بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی خۆجێیی بەریتانیا لەسەرەتای مانگی 5ی ئەمساڵ، پارتی کرێکاران توانیی بازێکی گەورە بدات‌و پارێزگارانیش چوە پلەی سێیەم.

 لەهەڵبژاردنەکەی 2ی ئایارى ئه‌مساڵدا، ڕکابەرییەکە لەسەر نزیکەی دوو هەزارو 600 کورسیی 107 ئەنجومەنی شارەوانییەکانی ئینگلاند، 11 سەرۆکی شارەوانیی ئینگلاند، 25 ئەندامی ئەنجومەنی لەندەن‌و 37 کۆمسیاری پۆلیسی لەندەن‌و وەیڵز بوو، پارتی کار بوە یەکەم‌و پارتی پارێزگارانیش چوە ڕیزبه‌ندی سێیەم‌و پارتی دیموکراتە لیبراڵەکانیش بۆ یەکەمجار لەدوای ساڵی 2009وە، بوە دوەم هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌و وڵاته‌.

 ئه‌مڕۆش كه‌ هەڵبژاردنی گشتی لەبەریتانیا بەڕێوەدەچێت، پارتی کرێکاران کە پارتی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەیە چانسی سەرکەوتنی زیاتر بوە، دوای ئەوەی لەهەڵبژاردنە خۆجێیەکان شکستی بەپارتی پارێزگارانی دەسەڵاتدار هێناو چاوەڕێدەکات لەهەڵبژاردنەکەی سبەینێشدا به‌هه‌مانشێوه‌ سەرکەوتن بەدەستبهێنێت‌و کۆتایی بەحکومڕانی 14 ساڵەی پارتی پارێزگارانی دەسەڵات بهێنێت.