پەیجەرەكانی حیزبوڵڵا، لە ئامێرێكی نهێنییەوە بۆ جەنگێكی سوتێنەر

مەلەفی تایبەت

21 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3527 جار خوێندراوه‌ته‌وه



كوردۆ فەرەج:

ئامێری بێتەل (پەیجەر)، ئامێرێكی ئەلیكترۆنیی بچووكە كە پەیام و نامەی نووسین و ئاگادار كردنەوەی پێدەگات، ئەم ئامێرە پێش هاتنی مۆبایل زۆر باو بوو، بە تایبەت لە نێوان پزیشكەكان، كارمەندانی سێكتەری تەندروستی و بەرپرسانی كۆمپانیا گەورەكان، چونكە ئەم ئامێرە ئاگاداركردنەوە و پەیامی نووسین زۆر بەخێرایی لە رێگەی شەپۆڵی رادیۆییەوە دەنێرێت.
سەرەتای دەركەوتنی ئەم ئامێرە بۆ چلەکانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە، لەساڵانی 1980 و 1990 ەکانی سەدەی رابردوو بەكارهێنانی زۆر بەربڵاوبوو، ئامێرەكە وا دروستكراوە كە كورتەنامە لەرێگەی شەپۆلەكانی رادیۆ یا سیستەمی بێتەلەوە وەربگرێت و بینێرێت.
لەسەرەتادا كاری "پەیجەر" لەوە كورتكرابووەوە كە بەكارهێنەرەكەی لە رێگەی كورتەنامەیەكەوە ئاگادار دەكرایەوە و دەبوو پێوەندی بە ژمارە تەلەفۆنێكەوە بكات، بۆ وەرگرتنی نامەكە، دواتر وای لێهات ئامێرەكە پەرەیپێدرا و راستەوخۆ بێ پێوەندیكردن بە ژمارەی تەلەفۆنەوە راستەوخۆ كورتەنامەی پیشاندەدا.
ئەم ئامێرە پێشتر لە نێوان پزیشكان و كارمەندانی تەندروستییەوە بەكارهێنانی باوبوو، بەتایبەت لەكاتی فریاگوزاری و پێویستدا ئەوان زوو بە پەیام یەكتریان ئاگادار دەكردەوە لەوەی كە حاڵەتێكی پەلەی لەناكاوی فریاگوزاریی تەندروستی هەیە، پێشتریش هاوئاهەنگییان لەسەر ئەوە كردبوو لەكاتی گەیشتنی كۆد یا پەیام پێویستە كە چیبكەن، ئاخۆ بگەن بە هۆڵی نەشتەرگەری یان فریاكەوتن یاخود پێوەندیی تەلەفۆنی بكەن بە شوێنێكی دیاریكراو.
لەبواری سەربازیشدا بەكارهێنانی زۆر باوبووە، بە هۆی ئەوەی ئاسان پەیامەكان دەنێرێت و پێویستی بە تۆڕی پێوەندیكردن نییە و لەسەر شەپۆلەكانی رادیۆ كار دەكات و لە هەموو ناوەندێكدا پەیامەكان دەگەیەنێت.
ئەم ئامێرە پشتی بەستووە بە ئاماژەی سیگناڵەكانی بێتەل "لاسلكی" و شەپۆلە رادیۆییەكان كە لە وێستگەكانی ناردنەوە پەخشدەكرێن، دەتوانێت كورتەنامە و كۆد وەربگرێت كە ئاماژەن بۆ پێویستیی پێوەندیكردن بە كەسێكی دیاریكراو، میكانیزمەكەی یەكجار سادەیە و بەمشێوەیە كە لایەنێك یا كەسێك لە رێگەی وێستگەی كۆنترۆڵی بێتەلەکانەوە پەیامێكی نووسین یا كۆدێك دەنێرێت بۆ ئەو كەسەی كە مەبەستیەتی پێی بگات، لەو كاتەدا بێتەلەکە دەنگێكی لێوە دەردەچێت یا دەلەرێتەوە "هەزە" و بەكارهێنەرەكەی ئاگادار دەكاتەوە لە گەیشتنی كۆدێكی نهێنی یا كورتە نامە.
بەشێك لەو هۆكارانەی وایكردووە كە ئەم ئامێر ڕۆڵێكی بەرچاوی هەبێت لە بەكارهێنان و كارپێكردنی لەبواری سەربازی و كاری نهێنیدا بریتیین لە:
یەكەم: پشت بە تەكنەلۆجیایەكی سادە دەبەستێت و بەم هۆیەیشەوە هاككردنی قورس دەبێت، چونكە پێویستی بە ئینتەرنێت نییە.
دووەم: سەربەخۆیی ئامێرەكە بۆ پێوەندیكردن هۆكارێكی ترە كە وای كردووە دەزگا سەربازی و هەواڵگری و رێكخراوە نهێنییەكان پشتی پێ ببەستن، چونكە ئەم ئامێرە بچووكە پێویستی بە تۆڕەكانی پێوەندیكردن و تاوەر نییە و بە شەپۆلی رادیۆیی كار دەكات لە هەموو شوێنێك، كە ئەمەیش زۆر جار سوودی دەبێت لەوەی ئەگەر لە شوێنێكی سەختی جوگرافیدا تۆڕەكانی پێوەندیكردنی مۆبایل بەردەستیش نەبن، ئەم ئامێرە هاوكار بێت بۆ مانەوەی پێوەندی و گەیاندنی پەیامی پێویست.
سێیەم: سوپا و هێزە چەكدارەكان لەكاتی جەنگ و شەڕەكاندا پێویستیان بە پێوەندیی درێژی دەنگی نییە و زۆربەی جار بۆ وەرگرتنی رێنوێنی و فەرمان، تەنیا پێویستیان بەوەیە كە پەیامێكی نووسراو یان كۆدێكیان پێ بگات تا پێوەی پابەند بن.
بەڵام كە باس لەوە دەكرێت ئامێری (پەیجەر) پشت بە تەكنەلۆژیای نوێ‌ نابەستێت، مانای ئەوە نییە كە نەتوانرێت هاكك یان رووبەڕووی تەشویش بكرێتەوە، چونكە بۆ دەزگا گەورە هەواڵگرییەكان دەتوانن هاككی بكەن لە رێگای تەشویش خستنە سەر فریكوێنسییە تایبەتەكەی كە گرووپێك بەكاریدەهێنن بۆ پێوەندیكردن و پەیام گۆڕینەوە لەناو یەكتردا.
بەهۆی ئەوەی ئەم ئامێرە پێویستیی بە ناوەندێك و وێستگەیەكی یەكگرتوو هەیە كە پەیامەكان لەوێوە ئاڕاستەی ئامێرەكانی تر بكرێت، دەكرێ بە هاككردنی وێستگە ناوەندییەكە تەواوی ئامێرەكانی كە بە وێستگەكە بەستراونەتەوە هاكك بكرێت، گرووپەكانی سایبەر دەتوانن هێرش بكەنە سەر ئەو سیستمە كۆمپیوتەرییەی كە وێستگەی بێتەلەکانی رێكخستووە و لە رێگەی كۆمپیوتەرەكەوە ئەو پەیام و كورتەنامانە بگەیەنن كە خۆیان دەیانەوێت.
جۆزێف نەسار، شارەزای ستراتیجی و سەربازی راگەیاندووە: ئەوەی رووی داوە، دزەكردنی ڤایرۆسێك بووە بۆ پرۆگرامی ئامێرەكانی بێتەل (pagers)، ڤایرۆسەكە وادەكات ئەو پرۆگرامە بەشێوەیەكی بەهێز كار بكات، كە ئەوەش دەبێتە هۆی تەقینەوەی پاترییەكەی، سەرەتا وا بڵاوکرایەوە کە پەیجەرەکان لەلایەن کۆمپانیای گۆڵد ئەپۆڵۆی تایوانییەوە دروستکراون، بەڵام ئەمڕۆ لە شاری تایپەی پایتەختی وڵاتەکە، دامەزرێنەری کۆمپانیاکە رایگەیاند، "نزیکەی سێ ساڵە کۆمپانیای بی ئەی سی کە کۆمپانیایەکی هەنگارییە، هاوئاهەنگی لەگەڵ ئێمە هەیە و لە زۆر بەرهەمیشدا نوێنەرایەتیمان دەکات. ئەوان داوایان لێکردین پەیجەر دروست بکەن و بۆ هەر دانەیەکیش ئێمە بڕێک پارە وەردەگرین، بەڵام ئەوان خۆیان دیزاین و دروستی دەکەن".
نووسینگەی سەرەکیی کۆمپانیای بی ئەی سی لە بوداپێستی پایتەختی هەنگاریایە. لە سەرەتای ساڵەوە حیزبوڵڵا پێنج هەزار پەیجەری تایبەتی لەو کۆمپانیایە داوا کردووە، رۆژی سێشەممە، هەزاران پەیجەر لە لوبنان تەقینەوە کە لە دەستی ئەندامانی حیزبوڵڵادا بوون و بەو هۆیەشەوە زیاتر لە 20 کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی چوار هەزار کەسیش بریندار بوون.
كریستینا رۆزاریا بێرشۆنی، ئەو ژنە 49 ساڵە ئیتاڵییەیە كە لە هەنگاریا دادەنیشێت و ئامێرەكانی بە حزبوڵا فرۆشتووە. خۆی وەكو ڕاوێژكار لە نەتەوە یەكگرتووەكان كار دەكات و هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرایە لە فەلسەفە.
كریستینا لە 19ی ئایاری 2022 كۆمپانیایەكی دامەزراندووە كە كاری بازرگانیی گشتی و ڕاوێژكاریی بارزگانی دەكات بڕوانامەیەكی دكتۆراشی لە ئابووریدا هەیە و وەكو ڕاوێژكار خزمەتی كۆمیسیۆنی ئەورووپی و یونیسكۆ و ئاژانسی وزەی ئەتۆمیی كردووە.
ئەوەی لە لوبنان روویدا، تەنیا تەقینەوەی ئامێرەكانی پەیجەر نەبوو، بەڵكو بوومەلەرزەیەكی ئیجگار گەورەبوو، بەڕادەیەك لە مێژووی لوبناندا دەمێنێتەوە، تەنانەت هاوڵاتییانی ئاسایی ئەو وڵاتە ئێستا سڵ لە مۆبایل و هەموو تەكنەلۆژیاكانی دیكە دەكەنەوە، بۆیە پێموانییە ئەم رووداوە بە ئاسانی بەسەر ئیسرائیلییەكانەوە تێپەرببێت، بە دووریشی نازانم، هاوشێوەی وەڵامەكانی ئیرَان بێت بۆ ئیسرائیل.
میدیای ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی وڵاتەکەیەوە دەڵێت، ئیسرائیل ئەمریکای لەو کارە ئاگادار کردووەتەوە. هاوکات هەر یەک لە نیویۆرک تایمز و رۆیتەرز ئاماژەیان بەوە کردووە، پەیجەرەکان بڕێکی کەم تەقەمەنییان تێکراوە تاوەکو بتەقنەوە، بەرپرسێکی باڵای ئەمنیی لوبنان بە رۆیتەرزی گوتووە، دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل - مۆساد چەندین مانگ پێشتر بڕێکی کەم تەقەمەنی لەنێو پێنج هەزار پەیجەردا چاندووە کە حیزبوڵڵا داوای کردوون بەو هۆیەشەوە بەشێکی زۆر لەو کەسانەی کە بە تەقینەوەکە بریندار بوون، چاویان لەدەستداوە، هەندێکی دیکەش دەست و پەنجەیان، بەڵام سەبارەت بە بڕی تەقەمەنی نێو ئەو ئامێرانە وڵاتان ڕای جیاوازیان هەیە، شارەزایەکی سەربازیی بەریتانی ئاماژە بەوە دەکات، وا دەردەکەوێت هەر یەکێک لە پەیجەرەکان تاوەکو 20 گرام تەقەمەنییان تێدابووبێت. سرووشتی ئەو تەقەمەنییەش وابووە کە زۆر زوو بتەقێتەوە.
حیزبوڵڵا لە دوایین پەیامیدا رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ پاڵپشتیی غەززە، لە تارانیشەوە دوایین کاردانەوە ئەوە بوو کە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری وڵاتەکە رایگەیاند، بەهۆی تەقینەوەکانی لوبنانەوە پێویستە هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی ئیسرائیل شەرم لە خۆیان بکەن.
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە قاهیرەوە رایگەیاند، راگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و حەماس باشترین رێگەیە بۆ رێگەگرتن لە فراوانبوونی شەڕ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە ئەمریکا هیچ دەستێوەردان و ئاگادارییەکی پێشوەختەی لە رووداوەکە هەبووبێت.
تەقینەوەکان تەنیا لە لوبنان نەبوون، لە سووریاش ژمارەیەک پەیجەر تەقینەوە. سەرەکیترین شوێنەکانیش لەو دوو وڵاتە ئەمانە بوون: بەیرووت، دیمەشق، سەرعین و سور.
رووسیا و عێراقیش قسەیان لەسەر رووداوەکە هەبوو و سەرکۆنەی کرد و لوبنانی بە وڵاتێکی "دۆست" ناوبرد. رووسیا ووتی "ئەو کارە نیشاندەری ئاڵنگارییەکی سەرەکییە بۆ یاسا نێودەوڵەتییەکان".
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نەجیب میقاتی، سەرۆکوەزیرانی لوبنان نیگەرانیی خۆی لە تەقینەوەکان دەربڕی.
بەپێی دواین زانیاری ئامێرەكانی پەیجەر سێ مانگ لەمەوپێش لە ئێرانەوە هاوردەی لوبنان کراون و رەنگە تەقەمەنییان تێدا دانرابێت، هەر بۆیە ئێرانیش بەو دۆخە زۆر نیگەرانە لەكاتێكدا بە چەندین پشكنیندا تێپەریوە، بەڵام هەست بەوە نەكراوە كە تەقەمەنی لە نێو ئامێرەكەدا دانرابێت و ئەو كارەساتە گەورەیەی لێ‌ بكەوێتەوە.
لەلایكی دیكەوە جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان دەڵێت: "ئەوەی ئەمڕۆ لە لوبنان روویدا، پێشهاتێکە زۆر جێگەی نیگەرانییە."، داوای لە لایەنەکان کرد خۆیان بەدوور بگرن لە کاردانەوەی تووندئاژۆیانە کە دەبنە هۆی "ئاگرێکی فراوانتر کە هیچ کەس ئامادە نییە بۆی."
لەكاتێكدا ئەمریكا فشارەكانی بۆ ئەنجامدانی ئاگربەست چڕ كردووەتەوە، رۆژ دوای رۆژ ئیسرائیل كار و كاردانەوەی زیاتر دەبێت لە بەرامبەر فەڵەستین و حیزبوڵڵا لوبنان و ئێرانیش، تا دێت دۆخی ناوچەكە بەرەو ئاڵوزبوونی زیاتر دەچێت، هەندێك وڵاتی ناوچەكە دەبنە بەشێك لەو كێشمەكێشمەی نێوان جەنگی غەززە و ئیسرائیل.
بەپێ‌ خویندنەوەی من بۆ دۆخەكە، حیزبوڵڵا بێدەنگ نابێت، ئیسرائیلیش خۆی بۆ دۆخی دوای پەیجەرەكان ئامادە كردووە، ئەمریكا لەرێگا  میسرەوە كار بۆ ئاگربەست دەكات و ئێرانیش تەماشاكەر نابێت، بەڵام ئەوەی دۆخەكە زیاتر ئاڵۆز دەكات وڵاتانی دۆست و دوژمن جیادەكاتەوە، حیزبوڵڵا لە ئێستادا لەسەر ئاستی باڵا بە هاوكاری و پاڵپشتی تاران بەرنامە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو دۆخە چاوەرواننەكراوە دادەنێن كە رووبەروویان بوەتەوە، كاریگەرییە دەروونییەكانی بەردەوام دەبێت لەسەر ئەو هێزە، چەند وڵاتێكی دیكەش دەكەوێتە ناو ئەو شەڕەوە كە خورهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووەتەوە.
بەڵام ئەوە گرنگە ئاماژەی پێ‌ بكرێت لەهەمبەر ئەو كارەساتە كە بكەری دیارە، حیزبوڵڵای لوبنانی چ كاردانەوەیەكی دەبێت؟
تاران ڕۆڵ و كاریگەریی چی دەبێت لەم نێوەندەدا؟
ئایا ئەمریكا دەتوانێت دۆخەكە كۆنترۆڵ بكات یان خودی ئەمریكا بەشێكە لەپەرەسەندی شەڕی و ئاڵۆزی لە ناوچەكەدا؟
ئایا ئێران، توركیا، سوریا، روسیا و عێراق، كار بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە دەكەن، یان دەبنە بەشێك لەو شەڕە؟