ئەو سەرکردەیەی ئیسرائیل لەبەیروت کردیەئامانج کێیە؟

جیهان

13 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2617 جار خوێندراوه‌ته‌وه


 هەڵمەتی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری شاری بەیروت بووە هۆی کوژرانی ئیبراهیم عەقیل، سەرکردە لە حزبوڵای لوبنان، بەپێی ئاژانسی فڕانس پرێس.

 ئیبراهیم عەقیل کە بە “تەحسین” ناسراوە، دووەم فەرماندەیی حیزبوڵڵایە، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سەربازیی حزبەکەیە، ئەنجومەنی جیهادییەکان و فەرماندەی هێزی تایبەتی ڕەزوانە و لەدوای کوژرانی فوئاد شکور فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان بووە.

 سەرچاوەیەکی نزیک لە حزبەکە ڕایگەیاند "هێرشەکەی ئیسرائیل ئیبراهیم عەقیل سەرۆکی هێزی ڕەزوانی کردووەتە ئامانج و ئەمەش بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی".

 دەسەڵاتی دادوەری لوبنان داوای عەقیلی کردووە  بەهۆی پەیوەندیی بە هەوڵی تیرۆرکردنی شەفیق ئەلوەزان، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری لوبنان.

 هەروەها عەقیل لەلایەن نوسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمەریکا (FBI) داواکراو بوو، تۆمەتبار بووە بە بۆردومانکردنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەیروت و سەنتەری هێزی دەریایی لە ساڵی 1983 کە بەهۆیەوە 241 کەسی ئەمریکی گیانیان لەدەستداوە.

 بەگوێرەی ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، عەقیل هەروەها تۆمەتباربووە بە ڕفاندنی بارمتە ئەمریکی و ئەڵمانییەکان لە لوبنان و دەستبەسەرکردنیان لەوێ  لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا .

 واشنتۆن ئیبراهیم عەقیل بە "تیرۆریستێکی جیهانی" پۆلێن دەکات و پاداشتی تا حەوت ملیۆن دۆلاری پێشکەش کردووە بۆ هەرکەسێک زانیاری لەسەری بدات.