پەڕلەمانتارێکی پارتی پێشنیازی زیادكردنی باج و رسومات لەبەغدا دەكات

عیراق

14 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 575 جار خوێندراوه‌ته‌وه



ئیخلاس دلێمی، پەڕلەمانتاری پارتی و سەرۆکی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە، لەکۆبوونەوەیەکیاندا لەگەڵ وەزارەتی پلاندانان پێشنیازیان کردووە لەپێناو زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکان، باج ورسومات لەسەر هاوڵاتیان زیاد بکرێت.

دلێمی لەلێدوانێکدا بەرۆژنامەی "سەباح"ی نیمچە فەرمیی راگەیاندووە: لیژنەکەیان لەگەڵ وەزارەتی پلاندانان کۆبووەوە و هەندێک پێشنیازی هەبوو سەبارەت بە زۆرکردنی سەرچاوە داراییە نا نەوتییەکانی دەوڵەت، لەوانە زیادکردنی باج و روسومات و پرسی گومرگەکان.

هەروەک دەڵێت: ڕێژەی ئەو باجانەی حکومەت دایناوە زۆر کەمە و لەگەڵ قەبارەی هاوردەکردندا ناگونجێت کە نزیکەی 20 تریلیۆن دینارە، هەربۆیە ئەو قەبارە لە هاوردەکردن پێویستی بە سەپاندنی ڕێژەیەک لە باجە کە لەگەڵیدا بگونجێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی یاسا کۆنەکان لەگەڵ دیدگای دەوڵەت و کاری دەستەکانی تردا ناگوجنێت، بۆیە دەبێت ئەو یاسایانە پێداچوونەوەیان پێدا بکرێت و لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت.

جەختیشی کردۆتەوە کە لیژنەکەیان ئەو بابەتە لەئەستۆ دەگرێت و لێکۆڵینەوەیەکی هەمەلایەنەی لەسەر دەکات بۆئەوەی بزانرێت چۆن داهاتە نانەوتییەکان زیاد بکرێت، بەتایبەت باج و گومرگەکان.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی