نزیکبوونەوەی ئێران و ئەرمینیا ئیسرائیلی نیگەرانکردووە

جیهان

18 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 693 جار خوێندراوه‌ته‌وه


ڕۆژنامەی مەعاریفی ئیسرائیلی لەراپۆرتێکدا ئاماژە بە پەرەسەندنی نیگەرانییەکانی ئیسرائیل کردووە سەبارەت هەڵکشانی ئاستی هاوکارییە ئابووریی و سەربازییەکانی نێوان ئێران و ئەرمینیا، کە ئیسرائیل بە مەترسییەکی پەرەسەندووی لەسەر ئاسایشی وڵاتەکەی دەزانێت.

رۆژنامەکە دەڵێت: ئەم هاوکارییە ڕێککەوتنێکی نهێنیی چەک بە بەهای نیو ملیار دۆلار لەخۆدەگرێت، کە بریتییە لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی پێشکەوتووی ئێرانی بۆ ئەرمینیا، ئەمەش توانای سەربازیی ئەرمینیا بەرز دەکاتەوە، کە پێشتر لە ململانێکانی لەگەڵ ئازەربایجان کە هاوپەیمانێکی نزیکی ئیسرائیلە، بەکاری هێناوە.

دەشڵێت: جگە لە هاوکارییە سەربازییەکان، هاوکارییەکی بەرفراوانی ئابووریی بە بەهای سێ ملیار دۆلار لە نێوان ئێران و ئەرمینیا ڕاگەیەندرا.

 ئەوەش هاتووە: ئیسرائیل نیگەرانە لەوەی ئەرمینیا وەک ناوچەیەکی ترانزێت بەکاربهێنرێت بۆ گواستنەوەی چەکی ئێرانی بۆ حزبوڵڵا لە لوبنان و سوریا، ئەمەش مەترسییە ئەمنییەکان لەسەر بەرەی باکوری ئیسرائیل زیاتر دەبێت. پەیمانگای ئەلما بۆ لێکۆڵینەوەکانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەرمینیا ڕۆڵێکی سەرەکیی لەم گواستنەوەیەدا دەگێڕێت.

رۆژنامە عیبرییەکە ئاماژەی بەوەکردووە کە بەشێک لە بەرپرسانی ئیسرائیل هۆشدارییانداوە لەئەگەری ئەوەی ئێران بتوانێت ئەو هاوکارییە بۆ بەرزکردنەوەی هەژموونی خۆی لە ئەرمینیا بقۆزێتەوە و بنکەی سەربازیی لەو وڵاتە دابمەزرێنێت، ئەمەش دەتوانێت کاریگەریی لەسەر پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئازەربایجان بکات.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی