هێزەكانی توركیا لە عەفرین شەش هاوڵاتی دیكەیان ڕفاند

کوردستان

10 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 102 جار خوێندراوه‌ته‌وه

سەرچاوەكان لە عەفرین ڕایانگەیاند كە پۆلیسی سەربازی سەر بە دەوڵەتی توركیا شەش هاوڵاتیان لە شاری جندرێسی سنوری عەفرین ڕفاندووە.

ئاژانسی فوڕات نیوز بڵاویكردووەتەوە،  دوو كەس لە ڕفێندراوەكان لە گوندی خاڵتا و كەسێك لە گوندی مەرانیە و دوو  كەسی دیكەش لە گوندەكانی كورا و مستەفا شكری بووە.

رفێندراوەكان براونەتە بەندیخانەی مارات لە عەفرین و داوای دوو هەزار دۆلار بۆ هەر كەسێكیان دەكەن لەبەرامبەر ئازادكردنیاندا.

ڕێكخراوی مافەكانی مرۆڤی عەفرین ڕایگەیاند كە هەفتەیەك لەمەوبەر هاووڵاتیەكی دیكەیان بەناوی محەممەد هەنان تەمەن ٣٧ ساڵ لە گەڕەكی ئەشرەفیەی عەفرین ڕفاندووە ئێستا هیچ شوێنێكی دیار نییە.

هەروەها مانگێك لەمەوبەر هاووڵاتیەكی دانیشتووی گوندی جەلایان ڕفاندووە.

 هەروەها مستەفا شەعبان تەمەن ٤٠ ساڵی و خەلیل شێخ سەیدییان لە گوندی بادینای شاری مابەتا لە عەفرین ڕفاندووە.