شارپرێس:
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لیندا مەکماهۆن سەرۆکی پێشوی یەکێتی زۆرانبازیی (WWE)ی بۆ پۆستی وەزیری وەزارەتی پەروەردە ڕاگەیاند.
ترەمپ لەبەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی:"ماکماهۆن ئەزمونی دەیان ساڵەی سەرکردایەتیو تێگەیشتنی قوڵی خۆی لەهەردوو پەروەردەو بازرگانیی هەیە، دەتوانێت نەوەی داهاتوو لەقوتابیانو کرێکارانی ئەمریکیو ئەمریکا بکاتە ژمارە یەک لەجیهاندا".
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا کاندیدەکەی بە"داکۆکیکارێکی توند لەمافەکانی دایکو باوک" وەسفکرد.
مەکماهۆن کێیە؟
تەمەنی 76 ساڵەو هاوسەرۆکی تیمی گواستنەوەی ترەمپەو بەخشەرێکی سەرەکییەو دڵسۆزە بۆ پارتی کۆمارییەکان.
لەماوەی دوو ساڵی یەکەمی خولی یەکەمی ترەمپدا (2016-2020) سەرۆکایەتی ئیدارەی بازرگانی بچوکی کردوە، لەساڵانی ڕابردودا سەرۆکی دەستەی کارگێڕیی دامەزراوەی سیاسەتی یەکەمی ئەمریکا بوو، کە دامەزراوەیەکی لێکۆڵینەوەی پارێزگارییەو هەوڵی دەدا زەمینەسازیی بۆ خولی دوەمی ترەمپ دابنێت.
مەکماهۆن هاوسەرگیریی لەگەڵ ڤینس مەکماهۆن کردوە کە باوکی یاریزانێکی دیارو پیشەگەری زۆرانبازی بوە. دواتر کۆمپانیایەکی تایبەت بەخۆیان دامەزراند کە ئێستا بە "WWE" ناسراوە.
لەپۆستی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە دەستی لەکارکێشایەوە، بۆ ئەوەی بچێتە ناو سیاسەتەوە، دوجاریش خۆی بۆ ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا لەویلایەتی کۆنتێکتیکۆت کاندیدکرد، بەڵام لەساڵی 2010 بەڕیچارد بلومێنتال دۆڕا، لەساڵی 2012شدا بەکریس مێرفی دۆڕا.
ڕۆژی سێشەممە 5ی تشرینی دووەمی 2024، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەستیپێکردو دوو كاندید بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا کێبڕکێی توندیان کرد، ئەوانیش دۆناڵد ترهمپ لەپارتی کۆمارییەکانو کامالا هاریس لەدیموکراتەکان بون، لەئەنجامدا دۆناڵد ترەمپ سەرکەوت.