شارپرێس:
میدیا ئیسرائیلییەكان لە زاری سەرچاوەیەكی ئەمنیی ئیسرائیلییەوە ڕایانگەیاندووە، ڕەزامەندی دراوە بە گروپی چەكداری یاسر ئەبو شەباب بۆ ئەوەی جێگەی حەماس بگرنەوە لە بەڕێوەبردنی كەرتی غەززەدا.
سەرچاوەیەكی ئەمنیی ئیسرائیلی ئاشكرایكرد، گروپی ئەبو شەباب ئەركی خۆی بۆ دەستەبەركردنی ڕێگاكانی گەیشتن بە ناوەندەكانی یارمەتی مرۆیی لە ڕەفەح و دەستەبەركردنی كاروانەكان دەستپێكردووە.
ماڵپەڕی هەواڵی واڵا بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئەمنییەكانی ئیسرائیل بڵاویكردەوە، "كاتێك گەلی فەلەستین بە چاوی خۆی بوونی چەكداران دەبینێت لەدژی حەماس وەك بەدیلێكی جددی، ئەوا خۆیان دەست دەكەن بە دژایەتیكردنی حەماس و تەنانەت ڕەنگە بچنە ناو بەرخۆدانی چەكدارییەوە لەدژیان".
بەپێی سەرچاوە ئەمنییەكانی ئیسرائیل، خەمڵاندنەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە حەماس بە شێوەیەكی بەرچاو لاواز بووە و لە ئێستادا لە ڕووی حوكمڕانی و توانای سەربازییەوە لە نزمترین ئاستیدایە.
بەپێی راپۆرتی ئەم ماڵپەڕە ئیسرائیلییە، سەركردایەتی سیاسی و بەرپرسانی باڵای ئەمنی چەكی كڵاشینكۆف و دەمانچە و تەقەمەنییان بۆ هێزە چەكدارە نوێیەكە بە سەرۆكایەتی یاسر ئەبو شەباب گواستوەتەوە.
ماڵپەڕەكە ڕوونیكردووەتەوە "ئەبو شەباب تەمەنی ٣١ ساڵە و خەڵكی ڕەفەحە، پەیوەندییەكی بەرفراوانی لە نیمچە دورگەی سینا هەبووە و لە قاچاخچێتی مادەی هۆشبەر لە سینا بۆ كەرتی غەززە دەستی هەبووە".
ماڵپەڕەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، بەپێچەوانەی ڕاپۆرتەكانەوە، گروپی ئەبو شەباب "پەیوەندی بە داعش و ڕێكخراوە سەلەفییە توندڕەوەكانی دیكەوە نییە".
لای خۆیەوە ئەنوەر ڕەجەب، وتەبێژی ئاسایشی فەلەستین، ڕەتیكردەوە، هیچ دەزگایەكی ئەمنی فەلەستین هیچ پەیوەندییەكی بە یاسر ئەبو شەباب و گروپە چەكدارەكەیەوە هەبێت كە لە كەرتی غەززە كاردەكەن، بەتایبەتی لە ناوچەی ڕەفەح.
ئەنوەر ڕەجەب بە كەناڵی سكای نیوزی ڕاگەیاندووە، دەزگا ئەمنییەكانی فەلەستین هیچ پەیوەندییەكیان بە یاسر ئەبو شەباب یان هەر گروپێكی چەكداری دیكەی فەلەستینییەوە نییە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕەكە، پێشتر بیرۆكەی زۆر هەبوون وەك جێگرەوەی حەماس لە غەززە بەتایبەت دەسەڵاتی فەلەستینی و بزووتنەوەی فەتح، بەڵام رەتكراونەتەوە.
ئ.ه
