تره‌مپ: ئیسرائیل هێرشه‌كانی كه‌مناكاته‌وه‌

جیهان

17/06/2025‌ 4301 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆکی ئەمریکا ڕایده‌گه‌یه‌نێت، ئیسرائیلییەکان هێرشە توندەکانیان بۆ سەر ئێران کەمناکەنەوە، دەشڵێت، "ڕەنگە ویتکۆڤ، یان ڤانس بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران ڕابسپێرم".


دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەکاتی گەڕانەوەی لەکۆبونەوەی گروپی7 لەکەنەدا بەرەو واشنتۆن، بەماڵپەڕی سی بی ئێسی ئەمریکی ڕاگەیاندوه‌، "پێویستە لەکۆشکی سپی بم نەک لەکەنەدا، بۆ ئەوەی لەنزیکەوە چاودێریی ڕوداوەکان بکەم نەک لەڕێگەی مۆبایلەوە".

لەبارەی داواکارییەکەی بۆ چۆڵکردنی تاران، سەرۆکی ئەمریکا وتی، "ئیسرائیلییەکان هێرشە توندەکانیان بۆ سەر ئێران کەمناکەنەوە، کاتێک داوای چۆڵکردنی تارانیشم کرد، سەلامەتی خەڵکم دەویست، بۆیە ئەو داوایەم کرد، هیچ بەڵگەو ئاماژەیەکمان پێنەگەیشتوە، کۆریای باکورو ڕوسیا هاوکاریی ئێرانیان لەشەڕەکەدا کردبێت".

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشدا، ڕەنگە ستیڤ وێتکۆڤ نێردەی تایبەتی خۆی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان جەی دی ڤانس جێگرەکەی بۆ دانوستان لەگەڵ بەرپرسانی تاران، لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، ڕاسپێرێت، وەکو خۆی وتویه‌تى، "ئێران زۆر نزیکە لەوەی ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی".

لەبارەی ئەوەی هەڵوێستیان چی دەبێت ئەگەر ئێران پەلاماری بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بدات، ئێرانیش زۆرباش دەزانێت کە نابێت هێرشبکاتەسەر سەربازەکانمان لەناوچەکەدا".

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کۆبونەوەی گروپی حەوت (G7)ی لەکەنەدا بەجێهێشت‌و ڕایگەیاند، بۆ کارێکی زۆر پێویست‌و گرنگ دەبێت بگەڕێتەوە واشنتۆن. 

میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردوەتەوە، ترەمپ داوای لەئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا کردوە بۆ کۆبونەوەیەکی بەپەلە، لەکۆشکی سپی ئامادەبن.

میدیاکانی ئەمریکا باسیان لەوەشکردوە، لەکۆبونەوەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بەسەرۆکایەتیی ترەمپ، بڕیار دەدرێت یاخود ئەمریکا بەشداریی شەڕی ئێران‌و ئیسرائیل دەکات یان نا.