شارپرێس:
هاوڵاتییانی ئیسرائیل ڕایانگەیاندوه، "پەیوەندیی تەلەفۆنیو کورتەنامەی گوماناوییان پێگەیشتوەو داوایان لێدەکەن بەدوای پەناگەدا نەگەڕێن، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئێران بۆ شەشەمین ڕۆژی لەسەریەک تەلئەبیبو شارەکانی ئیسرائیلی موشهكباران دەکات".
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەکردوە، ئەو کورتەنامەو پەیوەندییە وایکردوە فەرماندەیی بەرەی ناوخۆی ئیسرائیل لەڕێگەی میدیاکانەوە قسە لەگەڵ ئیسرائیلییەکان بکات بۆ کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێیان.
سۆنۆل ناوی یەکێک لەگەورەترین کۆمپانیاکانی سوتەمەنی ئیسرائیلە لەپێشەنگی گەڕانی گوگڵدا بوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ پەرەسەندنی ترسی ئیسرائیل لەکاردانەوەی هێرشە دوبارەکانی ئێران بۆسەر کۆمپانیاکانی وزە، وەک ئەوەی لەم هەفتەیەدا لەحەیفا ڕویدا.
ئێران لەکاتژمێرەکانی سەرەتای ئەمڕۆ چوارشەممە، هێرشی مووشەکی نوێی بۆسەر ئیسرائیل دەستپێکردو ئیسرائیلیش تارانی بۆمباران کرد، هەردولا هۆشدارییان بەدانیشتوانی یەکتر تارانو تەلئەبیب داوە.
ترسی ئیسرائیل زیاتر بوە لەوەی خاکەکەیان بۆمباران بکرێت، بەتایبەت کە تاران دوپاتیکردەوە، خاوەنی موشەکێکە کە توانای چونە ناو سیستەمی بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلی هەیە.
کەناڵی 12ی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، خەمڵاندنە سەربازییەکانی ئیسرائیل ئاماژە بەوەدەکەن، ئێران هێشتا خاوەنی نزیکەی ههزارو 800 موشەکی بالیستییە.
کەناڵەکە ڕونیکردەوە، ئێران لەسەرەتای شەڕەوە تائێستا بەنزیکەی 400 موشەکی بالیستی 17 هێرشی بۆسەر ئیسرائیل دەستپێکردوە.
ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست لەزاری هەڵسەنگاندنێکی هەواڵگریی ئەمریکاو ئیسرائیلەوە بڵاویکردوەتەوە، ئیسرائیل دەتوانێت بۆ ماوەی 12 ڕۆژ بەبێ پشتیوانیی ئەمریکا موشەکەکان ڕابگرێت.
