شارپرێس:
میدیاکانی ئەمریکا ئاشکرایانکردوە، کاتژمێرەکانی داهاتوو یەکلاکەرەوە دەبن لەپەرەسەندنی ململانێی نێوان ئێرانو ئیسرائیل، ئەمەش لەکاتێکدایە ئەگەری ئەوەی واشنتۆن پەنا بۆ بژاردەی سەربازیی ببات ئەگەر هەوڵە دیبلۆماسییەکان شکستبهێنن.
کەناڵی ABC بڵاویکردوهتەوە، کۆبونەوەیەک لەنێوان دۆناڵد ترەمپو ڕاوێژکارەکانی ئەنجامدراوەو جەختیان لەسەر گرنگی 48 کاتژمێری داهاتوو کردوەتەوە لەدیاریکردنی ڕەوتی ململانێکان.
ترهمپ داوای خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرجی ئێرانی کردوەو هۆشدارییدا لەوەی سەبرو ئارامیگریی وڵاتەکەی بەرەو تەواوبون دەچێت.
جەختیکردوهتەوە، ئەمریکا شوێنی ڕێبەری مەزنی ئێرانی دەزانێت، بەڵام هیچ نیازێکی نییە لەئێستادا بەئامانجی بگرێت.
لەهەمانکاتدا کەشتیی فڕۆکە هەڵگری USS Nimitz ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرا بۆ بەهێزکردنی هێزەکانی ئەمریکا، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ترەمپ بانگەشەی کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی بەسەر ئاسمانی ئێراندا دەکات.
لای خۆیەوە تاران هۆشداریدا لەبەئامانجگرتنی بنکەکانی ئەمریکا ئەگەر واشنتۆن دەستوەردان بکات لەشەڕەکەدا.